وەزارەتى نەوتى عێراق: بەدواداچوون بۆ بەقاچاخبردنى نەوتى هەرێم دەکەین و ڕێکارى یاسایى دەگرینەبەر

پەرەگراف
وەزارەتی نەوتی عێراق ڕایگەیاند، بەدواداچوون بۆ ئەو زانیارییانە دەكات كە ئاماژە بە "بەردەوامبوونی بەقاچاخبردنی نەوت لە هەرێمەوە بۆ دەرەوەی عێراق دەكەن". دەشڵێت "بەرپرسیارێتی دەكەوێتە ئەستۆی حكومەتی هەرێم و گرتنەبەری هەموو ڕێوشوێنێكی یاسایی لەو بارەیەوە بە مافی خۆمان دەزانین".
لە ڕاگەیەندراوێكدا كە ئەمڕۆ پێنجشەممە 05-06-2025 بڵاوی كردووەتەوە، وەزارەتی نەوتی عێراق جەخت دەكاتەوە لەسەر پێویستیی "دەستبەجێی ڕادەستكردنی نەوت" لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە، بەپێی یاسای هەمواركراوی بودجە.
وەزارەتی نەوتی عێراق ئاماژە بەوە دەكات، یاسای بودجە بە ڕێكەوتن لەگەڵ حكومەتی هەرێم هەموار كراوەتەوە، بۆیە "گرنگە حكومەتی هەرێم خۆی لە پابەندبوون بە یاساكەوە نەدزێتەوە".
ڕۆژى ٠٢-٠٢-٢٠٢٥، پەرلەمانی عێراق هەمواری یاسای بودجەی پەسەند کرد، بە ئامانجی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم، کە تێیدا ١٦ دۆلار جێگیر کرا بۆ بەرهەمهێنان و گواستنەوەی هەر بەرمیلێک نەوتی هەرێم. ئەو بڕە پارەیەش پێشتر لەلایەن هەردوو حکومەتەوە ڕێککەوتنى لەسەر کرابوو، بەڵام دواتر بەهۆى شێوازى گرێبەستى کۆمپانیاکان و دانەوەى ئەو قەرزەى لاى هەرێم هەیانە، کێشە لەنێوان هەولێر و بەغدا دروست بوو.
"بەردەوامبوون لە ڕادەستنەكردنی نەوت، زیانی دارایی بەرچاو بە عێراق دەگەیەنێت و ناوناوبانگی لە ڕووی نێودەوڵەتی و پابەندییە نەوتییەكانی، لەكەدار دەكات"، وەزارەتی نەوتی عێراق وا دەڵێت.
هەروەها لە ڕاگەیەندراوەكەدا باس لە دوو جۆری زیانی كێشەی هەناردەی نەوتی هەرێم بۆ عێراق كراوە و وەزارەتی نەوت دەڵێت "یەكەم: بەهۆی ڕادەستنەكردن و هەناردەنەكردنی نەوتی بەرهەمهێنراو لە هەرێم و سوودمەندنەبوون لە داهاتەكانی، خەزێنەی گشتی زیانمەند بووە. دووەم: بەهۆی ناچاركردنی وەزارەتی نەوتی فیدڕاڵ بە كەمكردنەوەی بەرهەمهێنان بەهۆی بەرهەمی كێڵگە نەوتییەكانی هەرێم لە چوارچێوەی پابەندبوونی عێراق بە ڕێژەی دیاریكراوی ڕێكخراوی ئۆپیك، كە بەرهەمهێنانی كێڵگەكانی هەرێم لەناو پشكی هەناردەی نەوتی عێراق لەخۆ دەگرێت".
وەزارەتەكە ئاماژە بەوە دەكات كە پێشتر بە بەردەوامی نامەی فەرمی و شاندی بۆ هەرێمی كوردستان ناردووە لەپێناو گەیشتن بە ڕێككەوتن لەسەر ڕادەستكردن و هەناردەكردنەوەی نەوت، بەڵام تا ئێستا هەوڵەكان بێ ئەنجام بوون.
هەڕەشەی گرتنەبەری ڕێكاری یاسایی دژی بەقاچاخ هەناردەكردن و فرۆشتنی نەوتی هەرێم لەلایەن وەزارەتی نەوتی عێراقەوە، لە كاتێكدایە كە شەوی ڕابردوو كەمال محەمەد، وەزیری سامانە سروشتییەكان بە وەكالەت، بۆ كوردستان24 وتی "وەكوو وەزارەتی سامانە سروشتییەكان، هیچ بڕە نەوتێكمان بە تانكەر هەناردەی دەرەوە نەكردووە و بە قاچاخ نەمانفرۆشتووە".
بە قسەی وەزیری سامانە سروشتییەكان، "ڕۆژانە جووڵە بەو نەوتە دەكرێت لە ناوخۆدا بۆ پاڵاوگەكان، خەڵك ئەو تانكەرانە دەبینێت، وا تێدەگات ئەو نەوتە دەچێتە دەرەوە".
سەبارەت بە بڕی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێم، كەمال محەمەد وتی "ڕۆژانە 300 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم بهێنین، 180 هەزار بەرمیلی كە دەكاتە 60% بۆ حكومەت و 120 هەزار بەرمیلی كە دەكاتە 40% بۆ كۆمپانیاكانە".
وەكوو وەزیری سامانە سروشتییەكان ڕوونی كردەوە، ئەو نەوتە "65 هەزار بەرمیلی بۆ پێداوێستیی سووتەمەنیی وێستگەكانی كارەبا دەپاڵێوین، 115 هەزار بەرمیلی دەمێنێتەوە كە دەدرێت بە پاڵاوگەكانی كار و لاناز و قەیوان بۆ بەرهەمهێنانی بەنزین و پێكهاتەكانی دیكە و دەفرۆشرێن".