سەرپەرشتیارانی خۆپیشاندانەکەی سلێمانی ئازاد کران

14-12-2020 07:15
شێرکۆ حەمەئەمین و عەبدوڵای مەلا نوری.

پەرەگراف

سەرپەرشتیارانی خۆپیشاندانەکەی ھەینی ڕابردووی سلێمانی ئازاد کران، لە ناویاندا ھەریەکە لە عەبدوڵا مەلا نوری و شێرکۆ حەمەئەمین پەرلەمانتارانی پێشووی گۆڕان.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بۆ پەرەگراف وتی "دوای فشارێکی زۆر ئێوارە ئەمڕۆ بڕیاری ئازادکردنیان درا".

ئەوان لە دەستەی سەرپەرشتیاری کۆنگرەی دەنگە ناڕازییەکان بوون کە سەرپەرشتیی خۆپیشاندانی ھەینی ڕابردووی سلێمانییان کردونیوەڕۆی ئەو ڕۆژە لەگەڵ گەیشتنیان بۆ شوێنی خۆپیشاندانەکە لە بەردەم بینای پارێزگای سلێمانی دەستگیرکران و چوار ڕۆژیان لە زیندان بەسەر برد.

ئەمڕۆ چەند کاتژمێرێک بەرلەوەی ئازاد بکرێن، عەلی حەمەساڵح پەرلەمانتاری گۆڕان لە پەیجی خۆی لە فەیسبوک ئەنجامی بەدواداچوونی بۆ دۆسیەکەیان خستەڕوو، وتی، ھەوڵێکی جدی دڵسۆزانە ھەیە بۆ ئەوەی ئەمڕۆ ئازاد بکرێن.

"لە یەکەم ڕۆژی دەستگیرکردنیانەوە لە بەدواداچونین. ئێستا ئەم بەڕێزانە لە ئاوبارەن لای لیوای یەکی پاراستنی سلێمانین" عەلی وای وت.

بەھۆی خۆپیشاندانەکانی ھەفتەی ڕابردووەوە، لە ناوچە جیاوازەکان ھەڵمەتی دەستگیرکردنی چالاکان و بەشداربووانی خۆپیشاندانەکان ئەنجام دراو دەیان کەس دەستگیر کراون، ئەوەش دوای ئەوەی 9ی ئەم مانگە لیژنەی باڵای ئەمنیی سلێمانی ڕایگەیاند: سەرجەم ئەو كەسانە لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە بە ڕێكاری یاسایی دەستگیر دەكرێن، كە زیانیان گەیاندووە بە مومتەلەكاتی دەوڵەت و هەموو ئەوانەش كە لە پشتی هاندانی ئەو كەسانەوە بوون.

لیژنەی باڵای ئەمنیی لە هۆشدارییەكی توونددا وتیشی، لێرە بە دواوە هەموو جۆرە گردبوونەوەو خۆپیشاندانێكی بێ مۆڵەت و زیانگەیاندن بە مومتەلەكاتە گشتی و تایبەتەكان، كە بۆ خزمەتی هاوڵاتییانن، قەدەغەن، هێزەكان دەست كراوەن بۆ ڕاگرتن و مامەڵەكردن لە چوارچێوەی یاسادا.

لەگەڵ ئەو ڕاگەیەندراوە تووندەو هەوڵەكانی حكومەت بۆ سەركوتكردنی خۆپیشاندان‌و ناڕەزاییەكان، گروپێك بەناوی كۆنگرەی دەنگەناڕازییەكان سەرپەرشتیی خۆپیشاندانەكانی گرتە دەست‌و بەردەوامیی خۆپیشاندانی ئاشتییانەی ڕاگەیاند، گروپەكە لە ژمارەیەكپەرلەمانتاری پێشووی گۆڕان‌و چەند نووسەرو چالاكوانێك پێكھاتبوون، ئەوان ڕۆژی ھەینی خۆپیشاندانیان کردو دوای دەستگیرکردنیانڕۆژانی دواتر لە ژێر فشارو دۆخێکی ئەمنیی توونددا خۆپیشاندانەکان کۆتاییان ھات.

كۆنگرەی دەنگە ناڕازییەكان بەرلەوەی خۆپیشاندانەكەی ڕۆژی ھەینی دەست پێبكات ڕایگەیاند، تاكە داواكارییان بریتیە لە: كۆتایی هێنانبەم حكومەتە حزبیە، كە رەمزی دەسەڵاتێكی خوێنڕێژو ناپاك و فاسدە؛ پێكهێنانی حكومەتێك لە كەسانی سەربەخۆو شارەزا.

كۆنگرەكە لە ڕاگەیەندراوێكدا وتیشی: ئێمە، كە سەرپەرشتی خۆپیشاندانەكان دەكەین، هیچ پلەو پۆستێك وەرناگرین، تەنها زمان و چاو وویژدانی خەڵك دەبین، كە ئەمە پڕكردنەوەی بۆشاییەكی راستەقینەیەو لە ئەستۆگرتنی گەورەترین ئەرك و شەرەفە.