
پەرەگراف
قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی عەسائیبی ئەهلی حەق، سەبارەت بە كێشەی مووچەی هەرێم دەڵێت "كێشەی بنەڕەتی كە هەموو كێشەكانی دیكە لەوەوە سەرچاوە دەگرن، ئەوەیە كە زۆرینەی بەرپرسانی هەرێمی كوردستان بڕوایان بە عێراقێكی یەكگرتوو نییە".
خەزعەلی بەیانیی ئەمڕۆ لە وتاری جەژندا تیشكی خستە سەر كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا و حكومەتی هەرێمی كوردستانی بەوە تۆمەتبار كرد كە "نەوت بە نرخی خوڵ دەفرۆشێت و داهاتەكەیشی ڕادەست ناكات، هەروەها داهاتی دەروازە فەرمی و نایاساییەكانی هەرێم ڕادەستی بەغدا ناكات".
قەیس خەزعەلی وتیشی "بەرپرسیارێتیی دەوڵەت كارێكی هاوبەشە و هەموو خەڵكی عێراق بەبێ جیاوازی ماف و ئەركیان هەیە. بەڵام ئەوە نالۆژیكییە كە بەرپرسانی هەرێمی كوردستان داوای هەموو شتێك بكەن، بەبێ ئەوەی هیچ شتێك ڕادەست بكەن".
خەزعەلی ڕەتی كردەوە كە ئەو دەستی لە بڕینی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمدا هەبێت و وتیشی "تاوەكو ئێستاش مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان دابین نەكراوە. هەندێك لە میدیاكانی كوردستان دەڵێن قەیس خەزعەلی مووچەی بڕیوە".
"خۆمان بە بەرپرسیار دەزانین بەرامبەر هەموو ئەو ڕۆڵانەی گەلەكەمان كە پابەندن بە عێراقێكی یەكگرتوو. خێر و چاكەی خەڵكی هەرێمی كوردستان لە مانەوەیانە لە چوارچێوەی عێراقی فیدراڵ، نەوەك لە جیابوونەوە"، ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی عەسائیبی ئەهلی حەق وا دەڵێت.
هەروەها بە قسەی خەزعەلی، ڕێژەی هەژاری لە هەرێمی كوردستان لە ناوەڕاست و باشووری عێراق "زیاترە". ئەو دەڵێت "ئامارە فەرمییەكان دەڵێن زۆربەی پەنابەرە عێراقییەكان لە دەرەوەی وڵات، خەڵكی هەرێمی كوردستانن".
ئەم قسەیەی خەزعەلی لەگەڵ داتا و ئامارەكانی وەزارەتی پلاندانانی عێراق یەك ناگرێتەوە كە مانگی ئاداری ئەمساڵ بڵاوی كردنەوە. كە بەپێی ئەو داتایانە نزمترین ڕێژەی هەژاری لە عێراق و هەرێمی كوردستان لە هەولێر بووە كە 7.1% بوو، دواتر سلێمانی هات كە 8.1%، لە دهۆكیش ڕێژەكە 15.3%یە، لە كاتێكدا بەرزترین ڕێژەی هەژاری لە عێراق لە پارێزگای موسەننایە كە 40.3% و دواتریش پارێزگای بابل كە 35.7%ـە.