كۆمیسیۆن بۆ ڕۆژی هەڵبژاردن پێویستی بە كارمەندی ‏زیاتر هەیە

10-06-2025 12:09

پەرەگراف

كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق بۆ ڕۆژی هەڵبژاردن پێویستی بە كارمەندی ‏زیاتر هەیە. تا ئێستا زیاتر لە 187 هەزار كەس داواكارییان پێشكەش كردووە، ‏بەڵام كۆمیسیۆن دەڵێت "پێویستمان بە نزیكەی 250 هەزار كارمەندە".‏

جومانە غەلای، وتەبێژی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق، ‏بە پەرەگرافی ڕایگەیاند "تا دوێنێ‌ 09-06-2025، لە سەرتاسەری عێراق 187 ‏هەزار و 861 كەس داواكارییان بۆ كارمەندی لە ڕۆژی هەڵبژاردندا پێشكەش ‏كردووە، بەڵام بەپێی پێوەرە نێودەوڵەتییەكان، پێویستمان بە نزیكەی 250 ‏هەزار كارمەند هەیە".‏

لە سێ‌ پارێزگاكەی هەرێم 15 هەزار و 660 كەس داواكارییان بۆ كارمەندیی ‏ڕۆژی هەڵبژاردن پێشكەش بە كۆمیسیۆن كردووە، سلێمانی شەش هەزار و 20 ‏كەس، هەولێر پێنج هەزار و 412 كەس و دهۆك چوار هەزار و 228 كەس.‏

وتەبێژی كۆمیسیۆن وتیشی "فەرمانبەرانی حكومی، دەرچووانی دانەمەزراو و ‏خوێندكارانی ئامادەیی بەرەو سەرەوە مافی پێشكەشكردنی داواكارییان هەیە بۆ ‏كارمەندی لە ڕۆژی هەڵبژاردندا هەیە".‏

پرۆسەكە یەك مانگی ماوە و تا 09-07-2025 بەردەوام دەبێت.

ئەو كەسانەی كە دەیانەوێت داواكاری پێشكەش بكەن، دەبێت فۆڕمێكی ئۆنلاین پڕ ‏بكەنەوە كە لەسەر پلاتفۆرمەكانی كۆمیسیۆن (سایت و سۆشیال میدیا) هەیە و ‏زانیاریی كەسی و هەندێك بەڵگەنامەی پێویستە.‏