مەزڵوم کۆبانێ: ھێرشی ھێزەکانی پارتی بۆسەر گەریلاکانی پەکەکە جێی شەرمەزارییە

15-12-2020 10:13
مەزڵوم کۆبانێ فەرماندەی گشتی ھەسەدە.

 

پەرەگراف

مەزڵوم كۆبانێ ڕایگەیاند، ھێرشی ھێزەکانی پارتی بۆسەر گەریلاکانی پەکەکە لە ئامێدی جێی شەرمەزارییەو کاریگەریی خراپی بۆسەردەستکەوتەکانی دۆزی کورد دەبێت.

ئەو ھەڵوێستەی فەرماندەی گشتی ھێزەکانی سوریای دیموکرات(ھەسەدە) دوای ھەڵوێستی مەسرور بارزانی دێت کە دوێنێ لەپەیوەندییەکدا لەگەڵ نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ سوریا ڕووداوەکەی بە "ھێرشی پەکەکە" لەقەڵەمداو ئیدانەی کرد ھاوکات لەبارەی دۆخی ڕۆژاڤای کوردستان داوای کرد "ھەسەدە لەژێر ھەژموونی پەکەکە بێتە دەرەوە".

فەرماندەی گشتی ھەسەدە، ئەمڕۆ لە تویتێکدا ھەڵوێستی خۆی پیشانداو داوای وەستانی ھێرشەکانی کرد و بانگ لە پارتی و پەکەکە دەکات بە گفتوگۆ کێشەکانیان چارەسەر بکەن.

ھەر لە تویتەکەیدا مەزڵوم کۆبانێ ئیدانەی ھێرشکردنەسەر بارەگاکانی ئەنەکەسە دەکات لە ڕۆژاڤاو دەڵێت "مافی کەس نییە ھێرشبکاتەسەرئەنەکەسەو ھەر پارتێکی دیکەی سیاسی لە ڕۆژاڤا، ھێزە ئەمنییەکان بەپێی یاسا پێویستە بە ئەرکی خۆیان ھەستن".

پەیامەکەی کۆبانێ لەبارەی گرژی و پێکدادانێ نێوان پارتی و پەکەکە دوای پەیامی مەسرور بارزانی دێت لەوبارەیەوە کە بە "ھێرشی پەکەکە"ی لەقەڵەم داو ئیدانەی کرد، ھاوکات داوای کرد "ھەسەدە لەژێر ھەژموونی پەکەکە" بچێتە دەرەوە.

مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی ھەرێم دوێنێ ڕایگەیاند، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ جۆیل رەیبێرن نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆسوریا، "بە تووندی هێرشەکەمان سەرکۆنە کرد. ڕوونمان کردەوە کە لەم ماوەیەدا سێ پێشمەرگە و کارمەندی ئاسایش، لە سەر دەستی چەکدارانی پەکەکەوەشەهید کراون".

شەوی ١٣ی ئەم مانگە لە ئامێدی پێکدادان لەنێوان پێشمەرگەو گەریلاکانی پەکەکە ڕوویدا،  وەزارەتی پێشمەرگە شەھیدبوونی پێشمەرگەیەک و میدیاکانی پەکەکە برینداربوونی سێ گەریلایان ڕاگەیاند.

مەسرور بارزانی لە پەیوەندییەکەی لەگەڵ ئەو بەرپرسە ئەمەریکییە گوتویەتی "ئەم هێرشانەی پەکەکە و هەوڵەکانیان بۆ دەستێوەردان و خۆخزاندنە نێو خۆپێشاندانی ئاشتییانەی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان، هەڕەشە لە سەقامگیریی ناوچەکە دەکات".

سەرۆکی حکومەتی ھەرێم ئەوەشی خستەڕوو، لە پەیوەندییەکەدا گفتوگۆیان دەربارەی گۆڕانکارییەکانی دۆخی سوریا کردووەو هەردوولاجەختیان لە گرنگیی هەبوونی گفتوگۆی ئاشتیانە لە نێوان لایەنە کوردییەکانی سوریا کردەوە لە پێناو پەرەدان بە ئازادی و فرەلایەنی سیاسیی و هاوبەشیکردن لە دەسەڵاتدا و هاوڕابوون لە سەر ئەوەی کە تیرۆریستانی داعش هێشتاش مایەی هەڕەشەن.

"هەروەها جەختمان کردەوە کە پێویستە ھێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) لە ژێر هەژمونی پەکەکە بێتە دەرەوە و نابێت چیتر ڕێگە بدرێت پەکەکە سوود لەو هاوکاریانە وەربگرن کە پێشکەشی ھەسەدە دەکرێن" مەسرور بارزانی وادەڵێت.