پەیامێك لە بەغداوە لەبارەی چارەسەری قەیرانەكان لەگەڵ هەرێم

15-12-2020 06:41
حەسەن نازم وتەبێژی فەرمیی حكومەتی عێراق

پەرەگراف

حەسەن نازم وتەبێژی فەرمیی حكومەتی عێراق ڕایگەیاند، هەرێمی كوردستان پابەندە بە یاسای قەرزكردن‌و بودجەی 2021 قەیرانەكانی نێوان ناوەندو هەرێم چارەسەر دەكات.

ئەو وتانەی وتەبێژەكەی حكومەتی عێراق لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا هات كە تێیدا ئەوەشی خستەڕوو، یاسای پڕكردنەوەی كورتهێنانی دارایی(یاسای قەرز) ڕێككەوتنەكانیش لەخۆدەگرێت، ئاماژەی بەوەش كرد، ئەنجومەنی وەزیران لە سەروبەندی كۆبوونەوەدایە بۆ تێپەڕاندنی پڕۆژە یاسای بودجەی 2021.

ئەوە لەكاتێكدایە شاندی دانوستانكاری حكومەتی هەرێم هەفتەیە لە بەغدایەو زنجیرەیەك كۆبوونەوەی لەگەڵ حكومەت‌و پەرلەمان‌و لایەنە سیاسییەكان ئەنجامداوە بە مەبەستی گەیشتنە ڕێككەوتن بۆ چارەسەری كێشەكان‌و پرسی نەوت‌و بودجە.

قوباد تاڵەبانی سەرۆكی شاندی دانوستانكاری كورد دوێنێ لە بەغداوە پابەندبوونی بە جێبەجێكردنی یاسای قەرز ڕاگەیاند، وتی "دەمانەوێت ڕوونی بكەینەوە ئەم قانونە داوامان لێدەكات داهاتی نەوت ڕادەست بكەین، حازرین، داوامان لێدەكات داهاتی نانەوتیی ڕادەست بكەین، حازرین، ئێستا چاوەڕێین لە حكومەتی فیدراڵەوە پێمان بگوترێت لەبەرامبەر ڕادەستكردنی داهاتی نەوتیی‌و نانەوتیی بەشی هەرێمی كوردستان لەم یاسایە چەندە؟" قوباد تاڵەبانی لە كۆنگرەیەكەی ڕۆژنامەوانیدا لە بەغداوە وای وت.

جێگری سەرۆكوەزیرانی هەرێم وتیشی "گفتوگۆكان بەردەوامە لێدوانی جۆراوجۆرم بیستووەو بینیوە كە گوتویانە دانوستانەكان شكستی ھێناوەو وەستاوە، من دەمەوێ خەڵك دڵنیابكەمەوە كە ئەم گفتوگۆیە بەردەوامەو بەردەوامیش دەبێت تا بگەینە ئەنجامێك".

"ئێمە لێرەین بۆ وەرگرتنی مافی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان‌و مووچەخۆران بەتایبەت، نەهاتووین داوای زیاتر لە مافی خۆمان بكەین‌و نەشهاتووین خەڵك خێرمان پێ بكات، یاسایەك دەرچووەو ناوەڕۆكەكەی زۆر ڕوون‌و ئاشكرایەو هاتووین ئەو یاسایە جێبەجێ بكەین، لێرە دەمێنینەوە تاوەكو بگەینە ئەنجامێكی سەركەوتوو بۆ هەرێمی كوردستان‌و مووچەخۆران" تاڵەبانی وای وت.

سەرۆكی شاندی دانوستانكاری هەرێم ئاماژەی بە فشاری سیاسی كرد لەسەر لایەنە عێراقیەكان‌و وتی، كەشی سیاسی ئاڵۆزەو بەرەو هەڵبژاردن دەڕۆین فشار لەسەر لایەنە سیاسییەكان هەیەو پڕۆسەیەكی ئاڵۆز ئاڵۆزتر كراوەو داوای ئارامیی لە هەموو لایەك دەكەین‌و "دڵنیام دەگەینە ئەنجامێكی سەركەوتوو".

بەپێی یاسای پڕكردنەوەی كورتھێنانی دارایی(یاسای قەرز) كە لایەنە شیعەو سوننەكان لە پەرلەمانی عێراق بەبێ خواستی كورد تێیانپەڕاند، ناردنی ٣٢٠ ملیار دینارەكەی مووچەی مانگانەی ھەرێم بەربەستی یاسایی بۆ دروستكراو مەرجدار كرا بە؛ ڕادەستكردنی ھەناردەی نەوت بە بەغداد بەو بڕەی كۆمپانیای سۆمۆ دیاریی دەكات بۆ ھەناردەكردن لەگەڵ ڕادەستكردنی داھاتە نانەوتییەكان بە بەغداد، بەپێچەوانەوە لەكاتی پابەند نەبوونی ھەرێم پارەی مانگانەی مووچەی بۆ نانێردرێت و بەرپرسیارێتی شكاندنی ئەو ماددە یاساییەی دەكەوێتە ئەستۆ.

ئەوە لەكاتێكدایە ھەرێم لە دۆخێكی سەختی داراییدایەو مانگانە چاوی لە ناردنی ئەو بڕە پارەیەیە لەلایەن بەغداوە بۆ دابەشكردنی مووچە.