وەزارەتی پێشمەرگە: شەڕو پێکدادانی تووند لە نێوان پێشمەرگەو یەپەگە ڕوویدا

16-12-2020 11:50
لە شەڕەکەدا بیکەیسی و دۆشکەو ئاربیجی بەکارھاتووە. وێنە؛ ڕۆیتەرز.

پەرەگراف

وەزارەتی پێشمەرگە ڕایگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەڕو پێکدادانی تووند بە چەکی قورس لە نێوان پێشمەرگەو یەپەگە ڕوویداوەو ماوەی کاتژمێرو نیوێک بەردەوام بووە لە سنوری سحێلا لە نێوان ھەرێم و ڕۆژئاوای کوردستان، بەپێی ڕاپۆرتە سەرەتاییەکان زیانی گیانیی نەبووە.

سەربەست لەزگین، بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە لە کۆنگرەیەکەی ڕۆژنامەوانیدا زانیاریی لەبارەی شەڕەکە خستەڕوو، باسی لەوە کردکاتژمێر یەکی شوی ڕابردوو مەفرەزەیەکی چەکداری پەکەکە ویستویانەبە شێوەیەکی قاچاخ بێنە ناو خاکی ھەرێمی کوردستان، بەڵام لەلایەن ھێزەکانی پێشمەرگەوە ڕێگرییان لێکراوە.

"مەفرەزەکە ھەشت کەس بوون و چەکدار بوون لەسنوری سحێلا، داوایان لێکرا بگەڕێنەوە چونکە ڕێگەیان پێنادرێت بێنە ھەرێمی کوردستان،سێ کەسیان گەڕانەوەو پێنجیان بەردەوام ھەوڵیان دەدا بێنە خاکی ھەرێم، پاشان کاتژمێر چواری بەرەبەیان ھێزێکی یەپەگە کە دیاربوو لەخاکی سوریاوە ئامادەکارییان کردبوو ھێرشێکی توندیان کردەسەر بازگەی ھێزەکەی پێشمەرگە بە چەکی بیکەیسی و دۆشکەو ئاربیجی بۆماوەی یەک کاتژمێرو نیو، ھێزەکانی پێشمەرگەش بەرگرییان کردو دواجار ئەوان بە ڕوڕەشی گەڕانەوە" سەربەست لەزگین وای وت.

بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە داوای ھەڵوێستی لە ھێزەکانی ھاوپەیمانان کردو وتی "ھەموان دەزانن یەپەگە لەژێر سەرپەرشتی و فەرمانی پەکەکەدایەو بەداخەوە ھاوپەیمانان چەند ساڵێکە بەھۆی شەڕی داعشەوە ھاوکاریی سەربازییان دەکات، لێرەوە وەک وەزارەت داوا لەھاوپەیمانان دەکەین لەسەر ئەو ڕووداوەی شەوی ڕابردوو ھەڵوێستی خۆیان ڕابگەیەنن و بەتووندی شەرمەزاری بکەن و قبوڵناکرێت ھێزێک لە ڕۆژئاواوە ھێرش بکاتەسەر ھەرێمی کوردستان، ھێزەکە ٥٠ بۆ ٦٠ کەس دەبوون و لە ڕۆژئاواوە ھاتن".

ئەوە لە کاتێکدایە شەوی ١٣ی ئەم مانگە لە ئامێدی پێکدادان لەنێوان پێشمەرگەو گەریلاکانی پەکەکە ڕوویدا، وەزارەتی پێشمەرگە شەھیدبوونی پێشمەرگەیەک و میدیاکانی پەکەکە برینداربوونی سێ گەریلایان ڕاگەیاند.