خۆپیشاندانەكان لەسەر نەخشە؛ 8 كوژراو و دەیان بریندار

17-12-2020 05:42

پەرەگراف

خۆپیشاندانەكانی هەفتەی ڕابردووی پارێزگاكانی سلێمانی‌و هەڵەبجە، بە زەبری هێزو فشاری لەلایەن هێزە ئەمنییەكان كۆتایی پێهێنرا، لە زۆربەی ناوچەكانی خۆپیشاندان گرژی‌و پێكدادان ڕوویداو 6 كەس لە خۆپیشاندەران‌و 2 كەس لە پاسەوانی بارەگاو هێزە ئەمنییەكان كوژران.

خۆپیشاندانەكان ڕوبەڕوبوونەوەی تووندی تێدا دروست بوو، خۆپیشاندەران بارەگای حیزب‌و حكومەتیان لە چەندین قەزاو ناحیە سووتاند، چەكداری حیزب‌و هێزی ئەمنیی بە تەقەكردن ڕوبەڕوویان بوونەوە، لەگەڵ گیان لەدەستدانی 8 كەس، دەیانی دیكەش برنداربوون.

چوار خۆپیشاندەر لە؛ چەمچەماڵ، تەكیە، سەید سادق‌و دەربەندیخان‌و دوو لە قەزای كفری كوژران، لە پێنجوێن پاسەوانی بارەگایەكی پارتی كوژرا‌و لە قەزای دوكان پلەدارێكی هێزەكانی پێشمەرگە گیانی لەدەستدا(هەرچەندە وەزارەتی پێشمەرگە ڕایگەیاند لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە كوژراوە، بەڵام هۆكاری گیان لەدەستدانی ڕوون نەبوو).

خۆپیشاندانەكان سەرەتای ئەم مانگە لە سلێمانی دەستیپێكرد، مامۆستاو فەرمانبەرو مووچەخۆران گردبوونەوەو داواكاری سەرەكییان پێدانی مووچەكانیان بوو بە تەواوی‌و مانگانە لەكاتی خۆیدا، ڕۆژانی دواتر توڕەیی خەڵك لە قەزاو ناحیەكانی سلێمانی‌و هەڵەبجەو گەرمیان‌و ڕاپەڕین خۆپیشاندانی تووندی لێكەوتەوەو دەیان بارەگای حیزبەكانی دەسەڵات‌و ئۆپۆزسیۆن‌و فەرمانگەكانی حكومەت سووتێندران.

دیمەنێك لە خۆپیشاندانی سلێمانی (11-12-2020). وێنە؛ ڕێباز مەجید

هەرچەندە خۆپیشاندانی فراوان هەولێرو دهۆكی نەگرتەوە، بەڵام چەندین كەس لە سنوری ئەو دو پارێزگایە دەستگیركران بە پاساوی هەوڵدان بۆ خۆپیشاندان پێشترو لە مانگی 8ی ئەمساڵ خۆپیشاندانی فراوان لە قەزای زاخۆ ئەنجامدراو هێزە ئەمنییەكان بە تووندی ڕوبەڕوویان بوونەوە، لەو كاتە بەدواوە هەڵمەتی دەستگیركردنی ڕۆژنامەنووس‌و چالاكوانان لە هەولێرو دهۆك بە چڕیی دەستی پێكردو تا ئێستاش چەندین كەس لە زیندانەكاندان‌و كەمترین زانیاریی لەبارەی دۆخی تەندروستی‌و ژیان‌و دۆسیەكانیان لەبەردەستدایەو تەنانەت ڕێگە بە خێزانەكانیان نادرێت سەردانیان بكەن.

خراپیی دۆخی ئابوری‌و پێنەدانی مووچەی تەواو مانگانە لەكاتی خۆیدا هۆكاری سەرەكی توڕەیی خەڵك‌و ئەنجامدانی خۆپیشاندانە، گەنجانی توڕە لە دەسەڵات داوای هەلی كارو دابینكردنی بژێویی ژیان دەكەن، ئەوانە سەرباری داوای دابینكردنی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەكان لەلایەن حكومەتەوە.

هیچ گروپ‌و لایەنێك بە فەرمی ڕێكخەرو سەرپەرشتیاری خۆپیشاندانەكان نەبوو، حكومەت لەسەر زاری مەسرور بارزانی مەسرور بارزانی ڕایگەیاند، لە نیگەرانییەكانی خەڵكی كوردستان تێدەگەن، بەڵام كەسانێك خزاونەتە ناو خۆپیشاندانەكان‌و ئاڕاستەكەیان گۆڕیوە، سەرۆكوەزیران وتی "تەنانەت ئەوانەی توندوتیژی ئەنجام دەدەن لە دەرەوەی هەرێمەوە هاتوون.. خەڵكی سوریاو دەرەوەی هەرێمی تێدابووەو خەڵكانی ئاڕاستەكراو بوون".

لە كۆتایی هەفتەی ڕابردوودا، گروپێك كە لە پەرلەمانتارانی پێشووی گۆڕان‌و چەند نووسەرو چالاكوانێك پێكهاتن، لەژێر ناوی (كۆنگرەی دەنگە ناڕازییەكان) خۆیان ڕاگەیاندو بانگەشەی بەردەوامیی خۆپیشاندانیان كرد، ئەوان سەرپەرشتیی خۆپیشاندانی ھەینی ڕابردووی سلێمانییان كرد.

نیوەڕۆی ئەو ڕۆژە لەگەڵ گەیشتنیان بۆ شوێنی خۆپیشاندانەكە لە بەردەم بینای پارێزگای سلێمانی، سەرپەرشتیارانیان دەستگیركران و چوار ڕۆژیان لە زیندان بەسەر بردو ئازاد كران، ڕۆژی هەینی لە سلێمانی گرژیی‌و پێكدادان ڕوویداو كۆتا ڕۆژی خۆپیشاندانەكان بوو، ڕۆژانی دواتر بۆ كۆنتڕۆڵكردنی دۆخەكەو ڕێگریی لە خۆپیشاندان هێزی زۆری چەكدار لە شەقامە سەرەكییەكان‌و ناو بازاڕ جێگیر كران.

بەھۆی خۆپیشاندانەكانەوە، لە ناوچە جیاوازەكان ھەڵمەتی دەستگیركردنی چالاكان و بەشداربووانی خۆپیشاندان دەستی پێكردو دەیان كەس دەستگیر كران، ئەوەش دوای ئەوەی 9ی ئەم مانگە لیژنەی باڵای ئەمنیی سلێمانی ڕایگەیاند: سەرجەم ئەو كەسانە لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە بە ڕێكاری یاسایی دەستگیر دەكرێن، كە زیانیان گەیاندووە بە مومتەلەكاتی دەوڵەت و هەموو ئەوانەش كە لە پشتی هاندانی ئەو كەسانەوە بوون.