كەسوكاری دەستگیركراوانی بادینان پەنا بۆ پەرلەمان دەبەن؛ وەزیری ناوخۆ ئامادەنییە پەرلەمانتاران ببینێت

20-12-2020 07:59
كەسوكاری دەستگیركراوانی بادینان لەبەردەم پەرلەمانی كوردستان. وێنە؛ ژیان میدیا.

پەرەگراف

كەسوكاری دەستگیركراوانی بادینان چوونەبەردەم پەرلەمانی كوردستان‌و ناڕەزاییان پیشاندا لە "بێسەروشوێنكردنی" كوڕەكانیان لەلایەن دەزگا ئەمنییەكانەوەو داوای دیاریكردنی چارەنووسیان دەكەن.
ژمارەیەك ڕۆژنامەنووس و چالاكوانی بادینان، چەندین هەفتەیە كەسوكار و هاوڕێكانیان، بە پەرلەمانتارانی كوردستانیشەوە بەدوای وەڵامی ئەو پرسیارەوەن؛ بۆچی دەستگیركراون و بەڵگەكانی تۆمەتباركردنیان چین؟، حكومەت وەڵامی كەسوكاریان‌و پەرلەمانتارانیش ناداتەوەو زانیاریی لەبارەیانەوە ئاشكرا ناكات.

لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا لە بەردەم پەرلەمان، محەمەد ئەمین باوكی گوهدار زێباری یەكێك لە ڕۆژنامەنووسە دەستگیركراوەكان، وتی، بەرلە دوو مانگ گوهداریان لە ماڵەوە ڕفاندووەو تا ئێستا نازانین لە كوێیەو بێسەروشوێنە، "كوڕی من هیچ كێشەیەكی نییەو چالاكوانەو ڕەخنەی گرتووە لە گەندەڵی، كێشەو تاوانی نییە".

باوكی گوهدار ئاماژەی بەوەكرد، لەو ماوەیەدا یەكجار ڕێگەدراوە گوهدار پەیوەندییان پێوەبكات‌و تەنها ئەوەندی وتووە كە لە ئاسایشی هەولێرە، بەڵام دواتر ئەوان بۆ سۆراخكردنی سەردانی ئاسایشیان كردووە پێیان وتراوە "لێرە نییە".

هاوكات، دایكی گوهدار زێباری، لە كۆنگرە ڕۆژنامەوانیەكەدا وتی "نازانین لەسەر چی دەستگیركراوەو 2 مانگە ئێمە هیچ نازانین لەبارەیەوە‌و مانگە بێسەروشوێنە"، ئەوان داوای ئازادكردنی گوهدارو دیاریكردنی چارەنووسیان كرد.

شنۆ ئەشقی سورچی، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لەگەڵ كەسوكاری دەستگیركراوان قسەی بۆ ڕۆژنامەنووسان كردو ڕەخنەی تووندی لە حكومەتی هەرێم گرت، باسی لەوە كرد، هەڵمەتێكی فراوانی دەستگیركردنی ڕۆژنامەنووس‌و چالاكان‌و مامۆستاو هاوڵاتیانی ئاسایی لە بادینان دەستی پێكردووە، "دوور لە بنەمای یاسایی‌و بە نامرۆڤانە بەبێ فەرمانی دادوەر لە نیوەشەودا هەڵدەكوتنەسەریان تەنها لەبەرئەوەی نیەتی خۆپیشاندانیان هەیە یاخود ڕەخنە لە دەسەڵات دەگرن".

ئەو پەرلەمانتارە وتیشی "ئەو زەمەنە بەسەرچووە لەسەر ڕەخنەو خۆپیشاندان‌و لایەنداریی بۆ حیزبێكی سیاسی هاوڵاتیان‌و چالاكان لە زیندانەكاندا بێسەروشوێن بكرێن، فشارەكانمان بۆسەر حكومەت بەردەوام دەبێت‌و لە مافەكانیان خۆش نابین، نزیكەی 54 ناومان بەدەست گەیشتووە كە دەستگیركراون".

هاوكات زكری زێباری ئەندامی لیژنەی داكۆكی كردن لە مافی مرۆڤ لە پەرلەمانی كوردستان، باسی لەوە كرد سەردانی دهۆك‌و زاخۆیان كردووە بۆ بەدواداچوونی ئەو پرسە، بەڵام تائێستا چارەنووسی دەستگیركراوان نادیارە.

ئەوەشی خستە ڕوو، وەك لیژنەی مافی مرۆڤ سێ جار هەوڵیانداوە سەردانی وەزیری ناوخۆ بكەن، بەڵام هەرجارەی بە پاساوێك وەزیر ڕێگەی نەداوە سەردانی بكەن، ئەو پەرلەمانتارە داواشی كرد، بە زووترین كات دەستگیركراوان ئازاد بكرێن.

هەڵمەتی دەستگیركردنی ڕۆژنامەنووس و چالاكوانانی بادینان، لە 19ی ئابی 2020ـەوە دەستیپێكرد، ئەوەش دوای خۆپیشاندانێكی ناڕەزایی، كە لە زاخۆوە سەریهەڵدا و هەرزوو گۆڕا بۆ بارگرژی و بەهۆی تەقەكردن و پێكداهەڵپژانەوە، چەندین كەس لە مەدەنی و پۆلیس برینداربوون.

ئەو خۆپیشاندانە هاوكات بوو لەگەڵ خراپیی گوزەرانی خەڵك و كێشە داراییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە نێویاندا دواكەوتن و لێبڕینی مووچە.

گوڵستان سەعید، جێگری سەرۆكی لیژنەی داكۆكیكار لە مافەكانی مرۆڤ لە پەرلەمانی كوردستان پێشتر لەسەر هەمان پرس، بۆ پەرەگراف وتی "كاتێك سەرۆكی حكومەت هاتە پەرلەمان بە نوسراوێك ئاگادارمانكردەوە كە خۆپیشاندان‌و ناڕەزایی مافی سەرەكی هاوڵاتیان و چالاكوانانە، لەسەر دەستبەسەرەكراوەكانیش پرسیارمان كرد، بەڵام تائێستا وەڵام نەدراوینەتەوە".

ئەو پەرلەمانتارە نزیكەی دوو مانگە پرسیاری ئاڕاستەی وەزارەتی ناوخۆ كردووە، ئەویش هەر بێوەڵامە.

دەستگیركراوانی بادینان؛ ئەو دۆسیەیەی هەمووان بیستیان و كەس زانیاریی لەسەری نییە