قوباد تاڵەبانی "سەركەوتن"ی ڕاگەیاند‌و دەڵێت: لەسەر بودجەی 2021 ڕێككەوتین

22-12-2020 09:51

پەرەگراف

قوباد تاڵەبانی لە بەغداوە ڕایگەیاند، لەگەڵ حكومەتی عێراق ڕێككەوتوون لەسەر پڕۆژە بودجەی ساڵی 2021، وتی: هیوادارین ئەم سەركەوتنە ببێتە مایەی تێپەڕاندنی ئەم پڕۆژە یاسایە لە پەرلەمانی عێراق.

جێگری سەرۆكوەزیرانی هەرێم كە دوو هەفتەیە سەرۆكایەتی شاندی هەرێم دەكات بۆ گفتوگۆ لەگەڵ بەغداد، ئەمشەو لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ئەوەشی خستەڕوو، تەوەرێكی دیكەی گفتوگۆكانیان لەگەڵ بەغداد لەبارەی جێبەجێكردنی یاسای قەرزە كە هەرێم پابەندیی پیشانداوە جێبەجێی بكات.

"هاتووین ئەو یاسایە جێبەجێ بكەین كە بۆ پڕكردنەوەی كورتهێنانی سێ مانگی كۆتایی 2020، دوو مەرجی لەسەر هەرێم داناوە ڕادەستكردنی داهاتی نەوت‌و نانەوتی، بۆ هەردووكی هاتوین بۆ جێبەجێ كردنی، لە بەرامبەر ئەوەدا هەرێم لەو 26 ترلیۆنەی وەرگیراوە بۆ پڕكردنەوەی ئەو كورتهێنانە پشكێكی هەیە، تائێستا بەداخەوە ئێمە ئەو پشكەی هەرێممان بۆ دەستنیشان نەكراوەو چاوەڕێی وەڵامین لە حكومەتی فیدراڵەوە بۆئەوەی لە بەرامبەر پابەندبوونمان پشكی ئێمە چەندە، هیوادارین پێش كۆتایی ساڵ وەڵامێكمان لەسەر پشكی هەرێم پێبگات" قوباد تاڵەبانی وای وت.

سەرۆكی شاندی دانوستانكاری كورد باسیلەوەش كرد، لە 12 مانگی ساڵی 2020دا هەرێمی كوردستان تەنها 6 جار تەمویل كراوە لە لایەن حكومەتی فیدراڵەوە، وتی "مانگی 8 ڕێككەوتنێكی حكومیمان هەبووە لەگەڵ حكومەتی فیدراڵ كە دەبوو تا پەسەندكردنی بودجەی 2021 بێت، بەڵام بەهۆی پەسەندكردنی یاسای قەرزەوە پچڕانێك كەوتە ڕێككەوتنەكە، ئێمە چاوەڕێی ئەوەین شایستەی هەرێم وەربگرین‌و داوا لە حكومەتی فیدراڵ دەكەین پێش كۆتایی ساڵ پشكی هەرێم دیاری بكات‌و بینێرێت بۆ هەرێم".

قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەشكرد، ساڵی 2021 قورس دەبێت‌و بۆ زاڵبوون بەسەر ئاڵنگارییەكان پێویستیان بە كاری هاوبەشەو دەبێت پێكەوە ڕوئیایەكیان هەبێت بۆ دەربازكردنی عێراق بە هەرێمی كوردستانەوە لە كێشە ئابورییەكان، پێویستیان بەوەیە پێكەوە دوور لە موزایەدەی سیاسی‌و كەشی هەڵبژاردن كاربكەن‌و بەرپرسانە ڕوبەڕوی ئاڵنگارییەكان ببنەوە، "من گەشبینم كە دەتوانین زاڵبین بەسەر كێشەكان‌و لە 2021 سەركەوتن بەدەست بهێنین بۆ هەموو عێراق بە هەرێمی كوردستانەوە".