مەسرور بارزانی داوا دەكات ئەمەریكا هێزەكانی لە سنووری ڕۆژاڤای كوردستان بڵاوەپێبكات

22-12-2020 11:41
دەروازەی فیشخابور، سنوری نێوان هەرێم‌و ڕۆژاڤای كوردستان

پەرەگراف

مەسرور بارزانی بەشێوەیەكی فەرمی داوای لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە سەرۆكایەتی ئەمەریكا كردووە كە هێزەكانیان لە هێڵی سنووریی ڕۆژاڤای كوردستان و هەرێمی كوردستان بڵاوەپێبكەن.

سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لەڕێگەی پەیوەندییەكی تەلەفۆنییەوە داواكارییەكەی گەیاندووەتە مایك پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا، ئەوەش بەوتەی بەرپرسانی هەرێمی كوردستان كە قسەیان بۆ ماڵپەڕی ئەلمۆنیتۆری ئەمەریكی كردووە.

بەپێی ماڵپەڕە ئەمەریكییەكە، سەرەتا مەسرور بارزانی ڕۆژی 21ی ئەم مانگە ئەو پرسەی لە كۆبوونەوەیەكیدا لەگەڵ گیوم ویل بورپێر فەرماندەی هێزی ئۆپەراسیۆنی تایبەتی هێزەكانی هاوپەیمانان لە عێراق و سوریا تاوتوێ كردووە.

عەزیز ئەحمەد، جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی مەسرور بارزانی، هۆكاری ئەو داواكارییەكی بۆ ماڵپەڕەكە ڕوونكردووەتەوە و دەڵێت، حكومەتی هەرێم دەیەوێت هێزەكانی ئەمەریكا لە خاڵی سنووری فیشخابوور و دەوروبەری خاڵە سنوورییەكە جێگیربكرێن.

بەوتەی عەزیز ئەحمەد، بڵاوەپێكردنی هێزە ئەمەریكییەكە چەند ئامانجێك دەپێكێت، لەوانە بەشێوەیەكی سەربەخۆیانە چاودێریی كاری قاچاقخچێتی دەكات، كە بەوتەی ئەو "كارێكی باش دەبێت بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان و توركیا". هەروەها بەردەگرێت لە جموجۆڵی ئەندامانی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) لەنێوان هەرێمی كوردستان و ڕۆژاڤای كوردستان.

بەرپرسانی حكومەتی هەرێمی كوردستان دڵنیان لەوەی كە هێزەكانی هاوپەیمانان پێویستیان بە ڕەزامەندی بەغدا نییە بۆ بڵاوەپێكردنی سەربازەكانیان لە نزیك فیشخابوور.

سەرچاوەیەكی باڵای كورد كە بۆ ئەلمۆنیتۆر قسەی كردووە، ئاماژی بۆ ئەوە كردووە كە پێویست بوو سەرەتا ئەو پرسە ڕاستەوخۆ لەگەڵ مەزڵوم عەبدی فەرماندەی ‌هێزەكانی سوریای دیموكرات باس بكرایە، "ئێمە هەموومان كوردین، بۆچی لەڕێی ئەمەریكییەكانەوە قسە لەگەڵ یەك بكەین".

ماڵپەڕەكە لە زاری سەرچاوەكانی ناو هێزەكانی سوریای دیموكراتەوە ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە، كە لەوكاتەوەی مەسرور بارزانی پۆستی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانی وەرگرتووە، ئەوان هەوڵیان داوە پەیوەندیی لەگەڵدا ببەستن، بەڵام بەردەوام هەوڵەكانیان شكستی هێناوە.

داواكارییەكەی مەسرور بارزانی دوای ئەو گرژی و ئاڵۆزییانە دێت كە هەفتەی ڕابردوو لەو سنوورە ڕووی دا. سەربەست لەزگین، بریكاری وەزارەتی پێشمەرگە لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، كە بەرەبەیانی ڕۆژی 16ی مانگ شەڕو پێكدادانی تووند بە چەكی قورس لە نێوان پێشمەرگەو یەپەگە ڕوویداوەو ماوەی كاتژمێرو نیوێك بەردەوام بووە لە سنوری سحێلا لە نێوان ھەرێم و ڕۆژئاوای كوردستان. بەوتەی لەزگین، "مەفرەزەیەكی چەكداری پەكەكە ویستویانە بە شێوەیەكی قاچاخ بێنە ناو خاكی ھەرێمی كوردستان، بەڵام لەلایەن ھێزەكانی پێشمەرگەوە ڕێگرییان لێكراوە".

ماڵپەڕی ئەلمۆنیتۆر لەبارەی پێكدادانەكەوە ئاماژەی بۆ ئەوەكردووە كە لە كاتژمێر چواری سەرلەبەیانی ڕۆژی 16ی مانگ، شەش كەسی چەكدار ویستویانە لە ڕووباری فیشخابوور لەڕێگەی بەلەمەوە بپەڕنەوە، بەڵام لە لایەن هێزەكانی پێشمەرگەوە ڕێگرییان لێ كراوە و دەستبەسەركراون. هەر زوو مەزڵووم كۆبانێ هاتۆتەسەر خەت و هەوڵی داوە گرژییەكان هێوربكاتەوە، بەڵام كاتێك هێزەكانی پێشمەرگە ویستویانە شەش كەسەكە چەك بكەن و دواتر ڕێگەیان بدەن بڕۆن، دۆخەكە گرژیی تێكەوتووەتەوە. لەو كاتەدا، هێزەكانی یەپەگە و پێشمەرگە دەستیان كردووە بە تەقەكردن لەیەكتر، بەو هۆیەشەوە "پێشمەرگەیەك برینداربووە، هەروەها دوو شەڕڤانی یەپەگەش بەسەختی پێكراون".

دواتر شاندێكی ڕۆژاڤای كوردستان بە سەرۆكایەتی شاهۆز حەسەن هاوسەرۆكی پارتی یەكێتی دیموكراتی گەیشتووەتە شوێنی ڕووداوەكە و هێزەكانی پێشمەرگەیش شەش كەسەكەیان ڕادەست كردووەتەوە و گەڕاونەتەوە ڕۆژاڤا. تا ئێستا ڕوون نییە ئایا ئەو شەش كەسە سەر بە پەكەكە بوون یاخود یەپەگە.

تا مانگێكیش لەمەوبەر، كەناڵێكی پەیوەندیی نافەرمی هەبووە لەنێوان هێزەكانی سوریای دیموكرات و حكومەتی هەرێمی كوردستان، كە لەڕێگەیەوە هەرێم لە جموجۆڵی سەربازیی لەو سنوورە ئاگاداركراوەتەوە. بەڵام دوای گرژییەكانی ئەم دواییەی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و پارتی كرێكارانی كوردستان و چەند ڕووبەڕوبوونەوەیەك، كەناڵەكە لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە داخراوە.

لە ڕاگەیەندراوی دوای گرژییەكانی ڕۆژی 16ی مانگ كە یەپەگە بڵاویكردەوە، جەخت لەسەر بوونی ئەو كەناڵەی پەیوەندی دەكاتەوە كاتێك ئاماژە بۆ ئەوە دەكات "لە چەند ساڵی ڕابردودا هەماهەنگی و كاری هاوبەش لەسەر سنورەكان لەنێوان ڕۆژاڤا و هەرێم هەبوە، ئەوەش بۆ پاراستنی ئارامی و سەقامگیری سنورەكان بووە، كە زۆرێك لە ڕێگرییەكانی لەو ناوچانەدا لابردوە".

گرژییەكانی نێوان پارتی‌و پەكەكە لە ناوچەی سنورییەكانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ باكورو ڕۆژاڤای كوردستان ترسی لای خەڵك دروست كردووەو ئەگەری سەرهەڵدانی شەڕی ناوخۆی نێوان كوردو كورد باسێكی گەرمی ناو خەڵكە، بەتایبەت دوای ئەوەی شەوی ١٣ی ئەم مانگە لە ئامێدی پێكدادان لەنێوان پێشمەرگەو گەریلاكانی پەكەكە ڕوویدا، وەزارەتی پێشمەرگە شەھیدبوونی پێشمەرگەیەك و میدیاكانی پەكەكە برینداربوونی سێ گەریلایان ڕاگەیاند.