كازمی مل بۆ میلیشیا شیعەكان نادات؛ بەغداد لە بەردەم ساڵیادی كوژرانی قاسم سلێمانی دا

26-12-2020 07:22
مستەفا كازمی شەوی ڕابردووی لە شەقامەكانی بەغداد بەسەربرد. وێنە؛ نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆكوەزیران

پەرەگراف

شەوی ڕابردوو بەغداد لە دۆخێكی نائاسایدا بوو، هەڕەشەی چەكدارانی عەسائیبی ئەهلی هەق‌و بڵاوەپێكردنی هێزەكانی دژە تیرۆر مەترسی پێكدادانی لێكەوتەوە، ئەوەش وایكرد مستەفا كازمی سەرۆكوەزیران، شەو لەسەر شەقامەكان بەسەر ببات.

ئەو دۆخە ئاڵۆزەی لە بەغداد ڕوودەدات، هاوكاتە لەگەڵ نزیكبوونەوەی ساڵیادی كوژرانی قاسم سلێمانی‌و ئەبو مەهدی موهەندیس لەلایەن ئەمەریكاوە كە تائێستاش ئێران‌و میلیشیاكانی سەر بەو وڵاتە لە عێراق، لە ناویاندا عەسائیبی ئەهلی هەق، هەڕەشەی تۆڵەكردنەوەیان دەكەن‌و بەردەواميش داوای دەركردنی ئەمەریكا دەكەن لەسەر خاكی عێراق.

گرژییەكانی شەوی ڕابردوو بەهۆی دەستگیركردنی چەند ئەندامێكی عەسائیب بوو، كە بە تۆمەتی تێوەگلانیان لە ھێرشی مووشەكیی هەفتەی ڕابردوو بۆسەر باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغداد دەستگیركراون، ئەو هێرشە لەلایەن سیستمی دژە مووشەكیی باڵیۆزخانەكەوە وەڵامدرایەوەو زیانی بە ئەمەریكییەكان نەگەیاند.

هێزەكانی دژە تیرۆری عێراق لە چەند ناوچەیەكی بەغدای پایتەخت بڵاوكرانەوەو خرانە حاڵەتی ئامادەباشیی تەواوەوە، مستەفا كازمی چووەسەر شەقامەكان‌و لە نزیكەوە هێزەكانی بەسەر كردەوە، هەرچەندە چەند گرتەیەكی ڤیدیۆیی بەناوی عەسائیبەوە بڵاوكرانەوە كە تێیدا چەكدارانی دەمامكدار هەڕەشە لە ئەمەریكا دەكەن، بەڵام دواتر سەركردەكانی عەسائیب ڕەتیانكردەوە ڤیدیۆكان نوێ بن‌و هی ئەوان بن.

لەگەڵ ڕەواندنەوەی گرژییەكانی شەوی ڕابردوو، نووسراوێك بڵاوكرایەوە كە تێیدا ئەوە خرابووە ڕوو دەستگیركراوێكی عەسائیب ڕادەستی ئاسایشی حەشدی شەعبی كراوە، بەڵام وەزارەتی ناوخۆی عێراق ئەوەی ڕەتكردەوەو ڕایگەیاند، نووسراوەكە ساختەیەو ئامانج لێی لاوازكردنی متمانەی هاووڵاتییانە بە دامەزراوە فەرمییەكان.

میلیشیاكانی عەسائیب داوای ئازادكردنی ئەندامەكانیان دەكەن، بەڵام مستەفا كازمی ئەوە ڕەتدەكاتەوەو سوورە لەسەر گرتنەبەری ڕێكاری یاسایی و بڕیاری دادگا.

كازمی، لە تویتێكدا پەیامێكی ڕوونی دا بەگوێی میلیشیاكاندا كە ملكەچیان نابێت، كاتێك ڕایگەیاند: داوای هێوركردنەوەمان كردووە بۆ پاراستنی وڵات لە سەركێشی تری بێهوودە، بەڵام ئامادەی ڕوبەڕوبوونەوەی یەكلاكەرەوەین ئەگەر پێویست بكات.

سەرۆكوەزیرانی عێراق ئەوەشی خستەڕوو، ئاسایشی عێراق سپاردەیە لە گەردنیان، "مل بۆ سەركێشی و هەنگاوی تاكلایەنە نادەین، بەهێمنی كارمان كردووە بۆ گێڕانەوەی متمانەی گەل و دەزگا ئەمنییەكان و سوپا بە دەڵەوت".

لایخۆیەوە قەیس خەزعەلی ئەمینداری گشتی عەسائیبی ئەهلی هەق، ئەمڕۆ لە تویتێكدا لەبارەی گرژییەكانی شەوی ڕابردوو ڕایگەیاند، "ئەوەی ڕوویدا لە دەستگیركردنی ئەندامێكی حەشدی شەعبی بە تۆمەتی تەڵەیەكی دانراو بە عەقڵ و دانایی چارەسەركرا".

گروپەكانی سەربە حەشدی شەعبی ئەمڕۆ لە بەغداد بە وێنەی قاسم سلێمانی فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران‌و ئەبومەهدی موهەندیس جێگری پێشووی سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی‌ خۆیان نمایشكردو مانۆڕیان ئەنجامدا، سەرەتای هەفتەی داهاتوو(3-1) یەكەم ساڵیادی كوژرانی قاسم سلێمانی‌و ئەبو مەهدییە كە بە فەرمانی ترەمپ لە بۆردومانێكی ئاسمانیدا لە بەغداد كرانە ئامانج.

عێراق گۆڕەپانی سەرەكیی ململانێكانی ئەمەریكاو ئێرانە، تاران لە ڕێی میلیشیا شیعەكانەوە هەڕەشەیە بۆ سەر ئەمەریكاو بەرژەوەندییەكانی لە عێراق، لە ئەگەری هەر پێكدادانێكدا چاوەڕوانكراوە عێراق باجەكەی بدات.

هەرئەوەش وایكردووە سەركردە عێراقییەكان بەردەوام هۆشداریی لەو دۆخە بدەن، لە نوێترین هۆشداریدا، موقتەدا سەدر ڕێبەری ڕەوتی سەدر شەوی ڕابروو لە بەیانێكدا ڕایگەیاند، عێراق بووە بە قوربانیی ململانێكانی نێوان ئەمریكاو ئێران، لەكاتێكدا بەشێك نییە لەو ململانێیانە. سەدر داوای لە ئێران كرد، عێراق بەدوور بگرێت لە ململانێكانی خۆی لەگەڵ ئەمریكا.

لەگەڵ بەردەوامیی هەڕەشەكان لە دژی ئەمەریكاو بەڵێنی تۆڵەكردنەوە لە لایەن ئێران‌و میلیشیا شیعەكانەوە، بەڵام چاودێرانی دۆخی عێراق‌و پەیوەندییەكانی ئێران‌و ئەمەریكا، واینابینن ئێران ڕاستەوخۆ یاخود ناڕاستەوخۆ هێرش بكاتەسەر ئەمەریكا، بەوپێیەی واشنتۆن چەندینجار هۆشداریی داوە كە لە ئەگەری هەر هێرشێكدا زەبری تووند لە تاران دەدات.

بۆئەو مەبەستەش بەرپرسانی ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریكا چەند بژاردەیەكیان خستووەتە بەردەست دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی وڵاتەكەیان كە لە ناویاندا وەشاندنی گورزی سەربازیش هەیە.

ترەمپ لە كۆتا ڕۆژەكانی سەرۆكایەتییەكەیدایە لە كۆشكی سپی، ئەو خاوەنی فەرمانی كوشتنی قاسم سلێمانییە كە كوشندەترین لێدانی ئەمەریكایە لە ئێران لەسەر خاكی عێراق، هەربۆیە ئێرانییەكان سڵدەكەنەوە لە هەر هەنگاوێك لە دژی ئەمەریكاو ئیدارەی ترەمپ.

دواین هۆشداریی ترەمپ بۆ ئێران كۆتایی هەفتەی ڕابردوو بوو، كاتێك وێنەی سێ مووشەكی نەتەقیوی بڵاوكردەوە لەوانەی كە ئاڕاستەی باڵیۆزخانەی وڵاتەكەی لە بەغداد كرابوون، ترەمپ وتی: مووشەكەكان ئێرانیی بوون.

"لە ئێستاشدا گوێمان لە لێدانی زیاتری ئەمریكییەكان لە عێراق دەبێت. چەند ئامۆژگارییەكی هاوڕێیانەی تەندروست بۆ ئێران: ئەگەر هەر ئەمریكییەك بكوژرێت، من ئێران بە بەرپرسیار دەزانم. بیری لێبكەنەوە" سەرۆكی ئەمەریكا وای وت.

 

ڕۆژانی داهاتوو هەڕەشەو پڕوپاگەندەی تۆڵەكردنەوە لەلایەن ئێران‌و میلیشیا شیعەكان لە دژی ئەمەریكا گەرم‌و چڕتر دەبێتەوە، بەڵام دیارنییە هێرش‌و چەلاماری چەكداریی لێدەكەوێتەوە یان نا، ئەوەی ڕوونەو هۆشداریی لەبارەوە دەدرێت ئەوەیە عێراق گۆڕەپانی ململانێكە دەبێت، بەڵام وەك هەندێك لە چاودێران ئاماژەی بۆ دەكەن، ڕەنگە ئەمجارە ئەمەریكا لە كاردانەوەی هەر هێرشێكدا بەتایبەت ئەگەر كوژراوی ئەمەریكیی لێبكەوێتەوە، چەند پێگەیەكی ئێران لەناو خاكی ئەو وڵاتە بە ئامانج بگرێت‌و هێرشی بكاتەسەر.

هاوكات ژەنەڕاڵ كینس مەكێنزی، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی هێزەكانی ئەمریكا هەفتەی ڕابردوو ڕایگەیاند، ئەوان ئامادەن بۆ بەرگریی‌و هەر كاردانەوەیەكی پێویست، لە ئەگەری هێرشی ئێران یاخود گروپە چەكدارەكانی سەربەو وڵاتە لە ساڵیادی كوژرانی قاسم سلێمانی دا.