پەرەگراف
نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەڵبژێردراوی هەرێمی كوردستان پەیامێكی بڵاوكردەوەو دەڵێت، سەرۆكایەتیی هەرێم چەتری یەكڕیزی و كۆكەرەوەی سەرجەم هێز و لایەنە سیاسیەكانی كوردستان و پێكهاتە ئیتنی و ئایینییەكانی دەبێت بە جیاوازیی بیر و بۆچوونەكانیانەوە.
دەقی پەیامەكەی نێچیرڤان بارزانی
پەیامێك لە (نێچیرڤان بارزانی)ەوە.
وێڕای دەربڕینی سوپاس و پێزانینی زۆرم بۆ پەرلەمانی كوردستانی بەڕێز كە ئەمڕۆ بە نوێنەرایەتی گەلی كوردستان متمانەیان پێدام، سەرجەم كوردستانیانی ئازیز دڵنیا دەكەمەوە كە سەرۆكایەتیی هەرێم چەتری یەكڕیزی و كۆكەرەوەی سەرجەم هێز و لایەنە سیاسیەكانی كوردستان و پێكهاتە ئیتنی و ئایینییەكانی دەبێت بە جیاوازیی بیر و بۆچوونەكانیانەوە، لە پێناوی پێكەوەژیانی ئاشتیانە و ئارامیی گەلی كوردستاندا.
كوردستانیانی خۆشەویست..
ئارامی و ئاشتیی كۆمەڵایەتی و زامن كردنی مافەكانی تاك و كۆمەڵگا، ئامانجی سەرەكیمان دەبێت بە گرتنەبەری ڕێگای دیالۆگ لە چارەسەركردنی سەرجەم كێشەكانی نێوان هەرێم و حكومەتی فیدراڵ لە چوارچێوەی دەستووردا، هەروەها پاراستنی پەیوەندیی دۆستانەی بەهێز لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و ناوچەكە و بەردەوامیدان بە بەهێزكردنی پێگە و سەنگی هەرێمی كوردستان لەسەر ئاستی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی.
هەرێمی كوردستان موڵكی هەموو كوردستانیانە بە هەموو جیاوازییەكانیانەوە، سەرۆكایەتی هەرێمیش سەكۆی ئیرادە و خواست و مافەكانیان دەبێت بەبێ هیچ جیاكاری و پەڕگیرییەك. بەرژەوەندییەكانی گەلی كوردستان بەردەوامیدان و خێراكردنی هەنگاوەكانی پرۆسەی پێكهێنانی حكومەتی هەرێم لە لایەنە بەشداربووەكانی دەخوازێت.
نێچیرڤان بارزانی
سەرۆكی هەڵبژێردراوی هەرێمی كوردستان
28-5-2019