ئێران بەشداریی قاسم سلێمانی لە پاراستنی هەولێر دەكات بە فیلمێكی ئەنیمەیشن

27-12-2020 06:39
پەیوەندیی بارزانی بە قاسم سلێمانییەوە؛ لە فیلمەكە وەرگیراوە.

پەرەگراف

لەگەڵ نزیكبوونەوە لە ساڵیادی كوژرانی قاسم سلێمانی، ڕاگەیاندنی ئێران فیلمێكی ئەنیمەیشن بڵاوكردەوە دەربارەی بەشداریی‌و هاوكاریی قاسم سلێمانی لە پاراستنی هەولێر لە دەست تیرۆریستانی داعش. 

فیلمەكە 18 خولەكەو لە میدیای فەرمیی ئێران بڵاوكراوەتەوە، تێیدا باس لە هەماهەنگیی‌و هاوكاریی قاسم سلێمانی فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران دەكات لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی كوردستان كاتێك داوایان لێ كردووە، هاوكارییان بكات لە پاراستنی هەولێری پایتەخت لە دەست تیرۆریستانی داعش كاتێك ساڵی 2014 پەلاماریاندا.

لە فیلمەكەدا پەیوەندی تەلەفۆنیی مەسعود بارزانی سەرۆكی ئەوكاتی هەرێمی كوردستان بە قاسم سلێمانییەوە باسکراوە، فیلمەكە ئەوە دەخاتەڕوو ئەو پەیوەندییە دوای ئەوە بووە "وڵاتانی دیكە ئامادە نەبوون هاوكاریی بارزانی بكەن" لە پاراستنی هەولێر دژی داعش.

"تا ئەوەی كاك مەسعود پەیوەندیی بە ئێرانەوە كرد، كاك مەسعود لەگەڵ حاجی قاسم قسەی كرد. حاجی قاسم وتی: بەیانی زوو لەوێم. كاك مەسعود وتی: حاجی قاسم سبەینێ درەنگە. داعش گەیشتووەتە دەروازەكانی هەولێر. حاجی قاسم وتی: ئەمشەو شارەكە بپارێزە. سبەی دوای نوێژی بەیانی لەوێم" فیلمەكە پەیوەندییەكەی نێوان بارزانی‌و قاسم سلێمانی بەم شێوەیە گێڕاوەتەوە.

لە فیلمەکەدا باسلەوە کراوە، بەرەبەیان سێ هێلیکۆپتەر لە ئێرانەوه گەیشتنە فڕۆکەخانەی هەولێر. هێلیکۆپتەری یەکەم قاسم سولەیمانی و ٧٠ڕاوێژکاری سەربازیی ئێرانی هەڵگرتبوو. هێلیکۆپتەری دووەم، هێزە خۆبەخشەکانی هەڵگرتبوو. هێلیکۆپتەری سێیەمیش چەندین جۆر ئامێریتێدا بوو.

وا دەردەکەوێت بەشێک لە زانیارییەکانی ناو فیلمەکە لە زاری بەرپرس یان فەرماندەیەکی سەربازیی هەرێمەوە دەگوازرێتەوە، تێیدا ھاتووە: یەکەمین جار کە حاجی قاسمم لە نزیکەوە بینی، نەفەس لە سینەمدا وەستا. من مرۆڤێکی شەرمن نیم، بەڵام کاتێک هەواڵی پرسیم وماندوونەبنی کرد، زمانم لە گۆ کەوت

تا ئێوارەی ئەو ڕۆژەیش، هێزەکانی دژەتیرۆری یەکێتیی نیشتمانی بە فەرماندەیی مەلا بەختیار گەیشتن.

فەرماندەیی سەرجەم هێزەکان بە حاجی قاسم سپێردرابوو.

بەر لە هاتنی حاجی قاسم، داعش گەیشتبووە دەروازەکانی هەولێر، بەڵام دوای هاتنی ئەو، بە کەمتر لە ٢٤ کاتژمێر توانیمان پاشەکشە بەداعش بکەین بۆ ٣٠ کیلۆمەتر لە دەرەوەی هەولێر.

هاوكاری‌و هەماهەنگی ئێران‌و قاسم سلێمانی بۆ هەرێمی كوردستان بەتایبەت لە پاراستنی هەولێر دژی داعش، لەلایەن بەرپرسانی هەرێمەوە دانی پێدا نراوەو بە فەرمیی سوپاسی ئەو وڵاتەیان كردووە، بەدەر لە هەولێر، ئێران لە چەند ناوچەیەكی دیكەی هەرێمی كوردستانیش هاوكاریی پێشمەرگەی كردووە لە دژی داعش كاتێك ئەو ڕێكخراوە تیرۆریستییە پەلاماری هەرێمی دا.

قاسم سلێمانی سەرەتای هەفتەی داهاتوو(3-1) یەكەم ساڵیادی كوژرانیەتی لەلایەن ئەمەریكاوە لە شاری بەغداد، ئەو پەیوەندییەكی بەهێزی لەگەڵ سەركردەكانی هەرێمی كوردستان هەبوو.

هەرچەندە قاسم سلێمانی لە 2014دا ڕۆڵی هەبووە لە پاراستنی هەرێم لە تیرۆریستانی داعش، بەڵام 3 ساڵ دواتر بە تووندی دژی هەرێمی كوردستان‌و مەسعود بارزانی وەستایەوە كاتێك سووربوون لەسەر ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی.

ڕۆژانی بەرلە ڕیفراندۆمەكەی 25ی ئەیلولی 2017، ئێران چەندین مانۆڕی سیاسی لە هەرێم بەڕێوەبرد بۆ پاشگەزكردنەوەی كورد لە ڕیفراندۆم، بەڵام تەواوی هەوڵەكانی شكستیان هێنا، هەربۆیە ئەو وڵاتە بەتەواوی پشتیكردە هەرێم‌و هەڕەشەكانی جێبەجێ كرد، وەك بەرپرسانی كورد دەڵێن، بە سەرپەرشتی ئێرانییەكان هێزەكانی عێراق هێرشیان بۆسەر ناوچە جێناكۆكەكان ئەنجامدا.

فیلمە گرافیكییەكەی بەشداریی قاسم سلێمانی لە پاراستنی هەولێر لەدەست داعش