قوباد تاڵەبانی لە پەرلەمانی كوردستان چی وت؟

28-12-2020 03:33
قوباد تاڵەبانی‌و شاندی حكومەت لە كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆی پەرلەمان.

پەرەگراف

"جێگری سەرۆكی حكومەت شەش جار ڕایگەیاند: بودجە پەسەندكرا ڕاستەوخۆ ٢٥٠ ھەزار بەرمیل نەوتەكە ڕادەستدەكەین و وتی: بەرپرسم لەم قسە" ئەمە گێڕانەوەی پەرلەمانتار عەلی حەمەساڵحە لەبارەی كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆی شاندی دانوستانكاری حكومەت‌و پەرلەمانی كوردستان.

هاوكات قوباد تاڵەبانی لە دوای كۆبوونەوەكە لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا تەئكیدی كردەوە كە ئامادەن 250 هەزار بەرمیل نەوت ڕادەستی بەغداد بكەن‌و لەڕێی كۆمپانیای سۆمۆوە بفرۆشرێت، لەبارەی پشكی هەرێم لە بودجەی 2021ی عێراق، وتی "ئەو بەشەی بودجەی هەرێمی كوردستان كە دیاریكراوە هەم ڕازین‌و هەم پابەند دەبین پێوەی".

عەلی  حەمەساڵح كە وەك سەرۆكی لیژنەی وزەو سامانە سروشتییەكان بەشداربوو لە كۆبوونەوەكە، لە پەیجی خۆی لە فەیسبوك ئەوەی خستووەتەڕوو، ھەموو ئەو بابەتانەی گرنگ بوو ڕوبەڕوی حكومەتیان كردووەتەوەو تەئیكیدیان كردووەتەوە كە هەرێم 250 هەزار بەرمیل نەوت ڕادەستی حكومەتی ناوەندیی بكات، "داوامانكرد ئەمە، بە نوسراوێكی ڕەسمی ئامادەیی ھەرێم بۆ ڕادەستكردنی ٢٥٠ ھەزار بەرمیل نەوت نەك داھاتی نەوت، بدرێتە پەرلەمانتارە كوردەكان".

ئەو پەرلەمانتارە كە لە ڕەخنە گرە تووندەكانە‌و بەردەوام باسلە دۆسیەی قاچاخچێتی‌و گەندەڵیی خاڵە سنورییەكان دەكات، ئاماژە بەوەش دەكات، لە كۆبوونەوەكەدا "لەسەر گەندەڵی نەوت و خاڵی سنوری و باج و موچەی نایاسایی و ڕێككەوتن لەگەڵ عێراق ھەمویمان خستەڕوو".

وەفدی دانوستانكاری حكومەتی هەرێم بۆ بەغداد بە سەرۆكایەتی قوباد تاڵەبانی ئەمڕۆ چوونە پەرلەمانی كوردستان‌و لەگەڵ سەرۆكایەتی‌و سەرۆكی فراكسیۆنەكان‌و چەند لیژنەیەكی پەرلەمان كۆبوونەوە، كۆمەڵ‌و یەكگرتوو بایكۆتی كۆبوونەوەكەیان كرد.

كازم فاروق سەرۆكی فراكسیۆنی نەوەی نوێ، بەشداربوو لە كۆبوونەوەكە، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا وتی، پرسیاری لە وەفدەكە كردووە كە چەند پارەیان لە بەغدادەوە دەستكەوتووە لە گفتوگۆكانیاندا، لە وەڵامدا وتویانە یەك دیناریان دەست نەكەوتووە.

كازم فاروق ڕەخنەی تووندی لە حكومەتی ھەرێم گرت و وتی: عێراق چۆن ڕازی دەبێت پارەی نەوتی بەسرە بدرێتە ھەرێم و ھی نەوتی ھەرێمیش بڕوات بۆ دوو حیزب و دوو بنەماڵە. پارەی نەوتی ھەرێم نە بۆ خەڵكە نە دەیدەنە بەغداد، خاڵە سنورییەكان پڕن لە قاچاخچێتی ئیتر چۆن بەغداد لەگەڵیان ڕێكدەكەوێت؟.

شاندەكەی هەرێم دوای دوو هەفتە مانەوە لە بەغدادو گفتوگۆی چڕ، هەفتەی ڕابردوو گەڕانەوە هەرێمی كوردستان.

كۆبوونەوەكانی شاندی كورد لە بەغداد لەسەر دوو ئاست بوون، یەكەمیان بۆ جێبەجێ كردنی یاسای قەرز بوو، ئەو یاسایە لایەنە شیعەو سوننەكان لە پەرلەمانی عێراق بەبێ خواستی كورد تێیانپەڕاند، ناردنی ٣٢٠ ملیار دینارەكەی مووچەی مانگانەی هەرێمی مەرجدار كردووە بە؛ ڕادەستكردنی ھەناردەی نەوت بە بەغداد بەو بڕەی كۆمپانیای سۆمۆ دیاریی دەكات لەگەڵ ڕادەستكردنی داھاتە نانەوتییەكان بە بەغداد.

هەرچەندە هەرێمی كوردستان چەندین جار ڕایگەیاندووە ئامادەیە ئەو یاسایە جێبەجێ بكات، بەڵام بەغداد هیچ بڕە پارەیەكی بۆ هەرێم تەرخان نەكردووەو هێشتا هەرێم لە چاوەڕوانیدا ماوەتەوە.

بەشێكی دیكە لە گفتوگۆكانی شاندی هەرێم لە بەغداد، ڕێككەوتن بووە لەسەر بودجەی ساڵی 2021و پشكی هەرێم‌و مەرج‌و پابەندییەكان، وەك پێشتر پەرەگراف ئاشكرایكرد، حكومەتی عێراق ئامادەی ڕێككەوتنە لەسەر بودجەی 2021 هاوشێوەی ساڵانی ڕابردوو، لەو ڕووەوە ئێستا تۆپەكەی خستووەتە گۆڕەپانی پەرلەمانی عێراق، بەڵام لەوێ لەوێ ئاڕاستەی بەهێز دژی هەرێمی كوردستانە.

تێڕوانینی دژە كورد‌و هەرێمی كوردستان لە پەرلەمان‌و گۆڕەپانی سیاسی عێراق لە بەهێزبووندایەو ئەو بێمتمانەییەی بەهۆی جێبەجێ نەكردنی ڕێككەوتنەكانی پێشووترەوە دروست بووە، باری سەرشانی هەرێمی قورستر كردووە بۆ ڕێككەوتن.

لایەنە عێراقییەكان خاڵی لاوازی هەرێمی كوردستان دەزانن كە نەبوونی پارەیە بۆ مووچەو ناڕەزایی فراوانی شەقامی كوردیی لێكەوتووەتەوە، لەگەڵ خراپیی دۆخی دارایی حكومەتی ناوەند لە بەغداد، ناشیانەوێت وەك ساڵانی ڕابردوو مامەڵە لەگەڵ هەرێم بكەن.