فراكسیۆنی نەوەی نوێ‌: 20 ترلیۆن دینار داهات هەبووە، بۆچی یەك مووچە نادەن؟

03-07-2025 04:49

پەرەگراف

فراكسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی كوردستان ڕایدەگەیەنێت "داهاتی هەرێم بۆ ساڵەكانی 2023 و 2024 و چوار مانگی سەرەتای 2025، زیاتر لە 20 ترلیۆن دینار بووە". لە حكومەتی هەرێمیش دەپرسێت "ئەو داهاتانە چی لێ‌ هاتووە و ئێوە چ حكومەتێكن كە ناتوانن یەك مووچە دابین بكەن؟".

فراكسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی كوردستان كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیی ئەنجام دا و تێیدا وتیشی "بۆ مووچەی مانگی 12ـی ساڵی ڕابردوو زیاتر لە 441 ملیار دینار هاتووە، بەڵام دابەش نەكراوە".

فراكسیۆنەكە ڕایگەیاند "ئەوەی بەرامبەر خەڵك دەكرێت، ئەوپەڕی بێویژدانی و بێڕەویشتییە". وتیشی "فراكسیۆنی نەوەی نوێ‌ لە پەرلەمانی عێراق لە هەوڵدایە و سەرۆكی جووڵانەوەی نەوەی نوێیش لەگەڵ سوودانی لەسەر خەتە بۆ چارەسەری كێشەی مووچە".

"ئێمە نامانەوێت بەبێ هەڵوێست دابنیشین. ئەوانەی دەنگیان بە یەكێتی و پارتی داوە، بەرپرسیارێتیی ئەم دۆخەیان دەكەوێتە ئەستۆ"، فراكسیۆنی نەوەی نوێ وا دەڵێت.

كاوە عەبدولقادر، ئەندامی پێشووی فراكسیۆنی نەوەی نوێ‌ لە پەرلەمانی كوردستان، لە كۆنگرە ڕۆژنامەوانییەكەدا دوو نووسراوی خستە ڕوو كە بە "بەڵگەی تاڵاندكردنی نەوتی هەرێم لەلایەن دوو حیزبی حوكمڕانەوە" ناوی بردن.

لە نووسراوێكیاندا كە واژووی كەمال محەمەد، وەزیری سامانە سروشتییەكان بە وەكالەتی لەسەرە و لە 27-04-2023 دەرچووە، تێیدا هاتووە "لەبەر بەرژەوەندیی گشتی، بڕیامان دا بە فرۆشتنی بەنزینی بەرهەمهێنراوی هەردوو پاڵاوگەی كار و لاناز بە كۆمپانیای بیزنز یونیكۆر بە نرخی 580 دینار بۆ هەر لیترێك".

كاوە عەبدولقادر وتی "هەموو بەنزینی كار و لاناز لیتری بە 580 دینار دەدەن بە كۆمپانیایەكی خۆیان، كە بەبێ‌ زیادكردنی ئاشكرا و بەبێ‌ ئەوەی بخرێتە تەندەرەوە ڕاستەوخۆ بە قۆرغکارى پێی دراوە، بەنزینەكەش لە بازاڕدا بە 900 بۆ 950 دینار دەفرۆشرێتەوە، واتە نزیكەی نیوەی نرخەكەی قازانجە بۆ كۆمپانیاكە لەسەر حیسابی خەڵك".

نووسراوی دووەم بە واژووی د. غەزاڵ عەبدوڵڵا حەوێز، بەڕێوەبەری گشتیی كاروباری ئابووری و گرێبەستەكان لە 14-05-2023، تێیدا هاتووە "بۆ كۆمپانیای كار و كێڵگەی خورمەڵە، ئاماژە بە فەرمانی وەزاریی تایبەت ژمارە 105، كۆمپانیای بیزنز یونیكۆر ڕاسپێردراوە بە باركردنی ڕۆژانە 25 هەزار بەرمیل نەوتی خاوی كێڵگەی خورمەڵە لە پاڵاوگەی كار".

پەرلەمانتارەكەی پێشووی نەوەی نوێ‌ دەڵێت "ئەو كۆمپانیا ڕۆژانە 25 هەزار بەرمیل نەوتی بەبێ‌ هیچ بەرانبەرێك پێ‌ دراوە، سەیری ئەم تاڵانكارییە گەورەیەی حكومەت و دوو بنەماڵەى حوکمڕان؟!".

بە قسەى کاوە عەبدولقادر، لە سنووری پارێزگای سێمانییش "چەند كۆمپانیایەك بەو شێوەیە نەوتیان پێ‌ دەدرێت و بەنزینیان قۆرغ كردووە". دەشڵێت "دوای 27 مانگ فرۆشتنی نەوت، وەزارەتی دارایی دەڵێت: یەك دیناری نەوت نەخراوەتە سەر هەژماری بانکیمان".