
پەرەگراف
وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان بوونی بنکەی ئیسرائیل لە هەرێم و ئەنجامدانی هێرشی درۆنی بۆ سەری، ڕەت دەکاتەوه. هێرشە درۆنییەکانی ڕۆژانی ڕابردوو بۆسەر شارەکانی هەرێم دەداتە پاڵ "گرووپەکانی سەر بە حەشدی شەعبی".
لە کۆتا ڕۆژی مانگی شەشەوە چەند جارێک هێرشی درۆنی بۆ سەر کەرکووک، هەولێر و سلێمانی ئەنجام دراوە، درۆنێکیش ئاراستەی کەمپێکی ئاوارەکان لە زاخۆ کرا، ئەمە جگە لە هێرشی مووشەکی بۆ سەر فڕۆکەخانە کەرکووک، کە زیانی گیانییان لێ نەکەوتووەتەوە.
وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان لە ڕوونکردنەوەیەکدا دەڵێت "لە چەند میدیایەکی ئەلیکترۆنیی فەرمی لە ئێران، وا بڵاو کراوەتەوە کە گوایە شەوی ڕابردوو لە هەولێر، هێرش کراوەته سەر بنکەیەکی سەر بە ئیسرائیل".
وەزارەتی ناوخۆ ڕایدە گەیەنێت "هەموو ئەو هەواڵانە چەواشەکارین و دوورن لە ڕاستی". جارێکی دیکەش جەخت دەکاتەوە "نە بنکەی ئیسرائیل لە کوردستان هەیە و نە ئۆپەراسیۆی واش ئەنجام دراوە".
وەزارەتەکە لەبارەی هێرشە درۆنییەکەوە دەڵێت "شەوی ڕابردوو درۆنێک لە ناوچەیەکی چۆڵەوانی لە نزیک هەولێر کەوتووەتە خوارەوە".
دەزگا پەیوەندیدارەکانی هەرێم و عێراق ئەنجامدەرانی هێرشەکانی چەند ڕۆژی ڕابردوویان ئاشکرا نەکردووە، بۆ یەکەم جار وەزارەتی ناوخۆی هەرێم، "هەندێک گرووپی سەر بە حەشدی شەعبی" بە ئەنجامدانی هێرشەکان "بەمەبەستی ئاژاوە نانەوە" تۆمەتبار دەکات.
هەروەها داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی فیدراڵی دەکات "سنوورێک بۆ ئەم کارە تێکدەرانە دابنێن و ڕێکاری یاسایی بەرانبەر تاوانباران بگرنەبەر".