فراکسیۆنى نەوەى نوێ: هەرێم هەموو داواکارى و پێشنیازەکانى ڕەت کردووەتەوە و بەغدا ڕەشنووسێکى نوێى ئامادە کردووە

05-07-2025 04:16

پەرەگراف

فراکسیۆنى نەوەى نوێ لە پەرلەمانى عێراق، حکومەتى هەرێم تۆمەتبار دەکات بەوەى کە هەموو داواکارى و پێشنیازەکانى حکومەتى فیدراڵیى ڕەت کردووەتەوە و ئامادە نییە لە "٥٠ هەزار بەرمیلى ڕۆژانە" زیاتر نەوت ڕادەست بکات، هەروەها سوورە لەسەر سەپاندنى پرۆژەى هەژمارى من لەبرى تەوتین. دەشڵێت "بەغدا ڕەشنووسێکى نوێى بۆ ڕێککەوتن ئامادە کردووە".

ئەمڕۆ ٠٥-٠٧-٢٠٢٥، سروە عەبدولواحید، سەرۆکى فراکسیۆنى نەوەى نوێ، لە کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند "ئەمڕۆ حکومەتى فیدراڵى ڕەشنووسێکى دیکەى ڕێککەوتنى بۆ چارەسەرى کێشەکان ئامادە کردووە و چاوەڕێ دەکات ئەمڕۆ و سبەى حکومەتى هەرێم واژووى لەسەر بکات، تا ڕۆژى سێشەممە ببرێتە کۆبوونەوەى ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق و پەسەند بکرێت.

بە قسەى سەرۆکى فراکسیۆنى نەوەى نوێ، "ڕەشنووسەکە پێشنیازى نوێى بۆ چارەسەرى کێشەکان تێدایە و ئەگەر سەربگرێت و سێشەممە پەسەند بکرێت، بە کردنەوەى قوفڵى نەوتەکە و دەستپێکردنەوەى هەناردەکردنى لە ڕۆژى چوارشەممە، لە هەمان کاتدا حکومەتى فیدراڵى خێرا مووچەیەک دەخاتە سەر هەژمارى هەرێم و دواى ئەوەش مووچەى مانگەکانى دیکە دێت".

"پێوستە هەموو خەڵکى کوردستان بزانن کە هۆکارى نەناردنى بودجە و ئەو دۆخەى ئێستا، ئەوەیە کە حکومەتە شکستخواردووەکەى مەسرور بارزانى و قوباد تاڵەبانى، لەبەر بەرژەوەندیى خۆیان، ناچنە ژێر بارى ئەو ڕێککەوتنانەش کە پێشتر خۆیان واژوویان کردووە، لەوانە یاساى بودجە کە پێشتر خۆیان ڕێککەوتنیان لەسەر کردووە"، سەرۆکى فراکسیۆنى نەوەى نوێ وا دەڵێت. 

سەبارەت بە کۆبوونەوەکانى ماوەى ڕابردوو، سروە عەبدولواحید ڕایگەیاند "چوار بۆ پێنج کۆبوونەوە لەنێوان حکومەتى فیدراڵى و حکومەتى ماوەبەسەرچووى هەرێم بەڕێوەچووە، لە بەینى ئەو کۆبوونەوانەدا، حکومەتى فیدراڵى بە ئامادەیى باڵیۆزى ئەمریکا لەگەڵ کۆمپانیا نەوتییەکانیش کۆبووەتەوە".

لە کۆبوونەوەکاندا شاندى هەرێم وتوویەتى کە "ڕۆژانە ٢٨٠ هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنین"، سروە عەبدولواحید دەڵێت "ئێمە دەزانین کە هەرێم زیاتر لە ٤٠٠ هەزار بەرمیل بەرهەم دەهێنێت". هەروەها وتیشى "بەغدا وتوویەتى بەو ٢٨٠ هەزار بەرمیلە ڕازیم و فەرموو ڕادەستى بکەن، بەڵام هەرێم دەیەوێت ٥٠ هەزار بەرمیل ڕادەست بکات، وتوویشیەتى من ڕۆژانە ١١٥ هەزار بەرمیل نەوتم پێویستە بۆ پێویستیى ناوخۆ، ئەو ١٢٠ هەزار بەرمیلەش کە دەمێنێـەوە خۆمان مامەڵەى پێوە دەکەین".

وەکوو سەرۆکى فراکسیۆنى نەوەى نوێ باسى دەکات، هەردوو دیوانى چاودێریى دارایى هەرێم و بەغدا لە ڕاپۆرتێکدا لەبەردەم حکومەتى فیدراڵیدا، ڕایانگەیاندووە کە "هەرێم تەنیا ٤٢ هەزار بەرمیل نەوتى بۆ بەکارهێنانى ناوخۆیى پێویستە. حکومەتى فیدراڵیش پێشنیازى کردووە هەرێم نەوتەکە ڕادەست بکات و حکومەتى فیدراڵى خۆى پێداویستیى ناوخۆیى سووتەمەنیى بۆ دابین بکات، ئەویش بە کردنەوەى لقێکى بەرهەمە نەوتییەکان لە هەولێر و دابینکردنى نەوتى سپى و بەنزین بە هەمان ئەو نرخەى لە عێراق هەیە، بەڵا هەرێم ئەوەى ڕەت کردووەتەوە".

سەبارەت بە بەبانکیکردنى مووچە، سروە عەبدولواحید دەڵێت "حکومەتى فیدراڵى داواى دەستپێکردنى تەوتینى کردووە و دان بە هەژمارى مندا نانێت، بۆ ئەوەش سێچوار مانگ ماوە دەدات بە حکومەتى هەرێم تا مووچەخۆرانى هەرێم هەژمارەکانیان بگوازنەوە بۆ سەر بانکە فیدراڵییەکان تا ڕاستەخۆ مووچەکانیان بۆ بنێرێت، بەڵام شاندى هەرێم ئەمەشیان ڕەت کردووەتەوە و بە زۆر هەژمارى من بە فەرمانبەران پڕ دەکەنەوە".

دربارەى داهاتى ناوخۆییش، سەرۆکى فراکسسۆنى نەوەى نوێ ڕایگەیاند "بەپێى ئەو ڕاپۆرتانەى لەبەردەستى حکومەتى فیدراڵیدایە، داهاتە نانەوتییەکانى هەرێم ٤٥٠ ملیار دینارە، حکەمەتى فیدراڵى داواى ڕادەستکردنى ٢٠٠ ملیار دینارى کردووە و ٢٥٠ ملیارەکەى دیکەى بۆ هەرێم، بەڵام حکومەتى هەرێم وەڵامى ئەوەشى نەداوەتەوە".