ئەسیل نوجەیفی: كێشەی مووچەی حەشدی شەعبی سەرەتاى هەڵوەشاندنەوەى ئەو گرووپانەیە

05-07-2025 06:27

پەرەگراف

ئەسیل نوجەیفی كێشەی خەرجكردنی مووچەی گرووپەكانی حەشدی شەعبی بە "سەرەتایەك بۆ هەڵوەشاندنەوەیان" ناو دەبات. جەختیش دەكاتەوە كە تێكەڵكردنەوەیان بە سوپا و پۆلیسی فیدراڵی، تاكە چارەسەرە، بە پێچەوانەوە مەترسیی سزای ئەمریكا بۆ سەر عێراق زیاتر دەكەن.

مووچەی چەكدار و كارمەندەكانی سەر بە دەستەی حەشدی شەعبی بۆ مانگی شەش، بەلای كەمەوە هەفتەیەك دوا كەوت. باس لەوە دەكرێت كە كۆمپانیاكانی پارەدان بۆ خۆپاراستن لە سزای ئەمریكا، ئامادە نەبوون پارە بۆ مووچەی حەشدی شەعبی دابین بكەن، بەڵام دەستەكە خۆی ئەو زانیارییانە ڕەت دەكاتەوە.

ئەسیل نوجەیفی كە پارێزگاری پێشووی مووسڵ و سەركردەیەكی دیاری سوننەیە، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی فەیسبووك دەڵێت "كێشەكانی پەیوەست بە مووچەی حەشدی شەعبی، سەرەتای هەڵوەشاندنەوەی گرووپەكانی حەشدی شەعبییە و بەشێك دەبێت لە گۆڕانكارییە چاوەڕوانكراوەكانی پێش هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق".

نوجەیفی جەخت دەكاتەوە كە "هەموو ئەو هەنگاوانەی نراون بۆ دابەشكردنی مووچەی حەشدی شەعبی، كاتین و چارەسەری بنەڕەتی نین. تاكە چارەسەر هەڵوەشاندنەوەی گرووپەكان و تێكەڵكردنیانە بە سوپای عێراق و پۆلیس، هەروەها دوورخستنەوەی ئەو سەركردانەی حەشدی شەعبی كە سزاكان دەیانگرێتەوە".

ئەو سەركردەی سوننە هۆشداری دەدات كە "دابەشكردنی مووچەی حەشدی شەعبی لە ڕێگای وەزارەتی دارایی و بانكی ناوەندیی عێراقەوە، مەترسیی سزاكانی ئەمریكا بۆسەریان زیاتر دەكات".

دەستەی حەشدی شەعبی كە لە چەندین گرووپی چەكداریی شیعە پێك دێت و ژمارەیان بە نزیكەی 140 هەزار چەكدار و كارمەند دیاری كراوە، لە دوای سەرهەڵدانی داعش دروست كران و ئێستا هێزێكی فەرمیی عێراقییە، مووچەكانیان لە بانكی ڕافیدەین تەوتین كراوە.

ئەمریكا بەردەوام سەركردەكانی دەستەی حەشدی شەعبیی خستووەتە لیستی سزاكانەوە. هەروەها هەڵوەشاندنەوەی ئەو گرووپانەوە تێكەڵكردنەوەیان بە سوپا و هێزە ئەمنییەكانی عێراق، داواكاریی ئەمریكایە.