فەرەیدوون عەبدولقادر: كاك كۆسرەت داوای لێكردم ببمە پارێزگاری كەركوك

29-05-2019 12:19


پەرەگراف

فەرەیدوون عەبدولقادر ڕایگەیاند، لەلایەن كۆسرەت ڕەسوڵ جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی‌و ئاسۆ مامەند بەرپرسی مەڵبەندی ئەو حیزبە لە كەركوك داوای لێكراوە ببێتە پارێزگاری كەركوك، بەڵام ئەو ڕەتی كردووەتەوە.

پۆستی پارێزگاری كەركوك گرێكوێرەی نێوان پارتی‌و یەكێتی یەو ئەو پرسە هۆكاربوو بۆئەوەی دوێنێ یەكێتی بەشداریی نەكات لە كۆبوونەوەی پەرلەمانی كوردستان‌و دەنگدان بۆ سەرۆكی هەرێم.

یەكێتی دەڵێت، پارتی پابەند نییە بەوەی كە ڕێككەوتوون پارێزگاری كەركوك بۆ كەسێكی یەكێتی یەكلایی بكرێتەوە، پارتیش ڕایگەیاند، مەسعود بارزانی‌و كۆسرەت ڕەسوڵ ڕێككەوتوون لەسەر فەرەیدون عەبدولقادر بۆئەو پۆستە، بەڵام یەكێتی لە ساتەكانی كۆتاییدا سێ ناوی دیكەیان بۆ پارتی ناردووە بۆئەو پۆستە.

فەرەیدوون عەبدولقادر، ئەندامی پێشووی مەكتەبی سیاسی یەكێتی ئەمڕۆ لە ڕوونكردنەوەیەكدا ئەوەی خستە ڕوو، چەندین جار لەلایەن كۆسرەت ڕەسوڵ‌و بە ئامادەبوونی ئەو، داوای لێكراوە ببێتە پارێزگاری كەركوك‌و شەوی 16ی ئۆكتۆبەریش ئاسۆ مامەند بەرپرسی مەڵبەندی كەركوكی یەكێتی هەمان داوای لێكردووە، بەڵام ئەو ڕەتیكردووەتەوە.

"لە دەمی كۆبوونەوەكانی هەردوو وەفدی یەكێتی و پارتی دا جەنابی كاك كۆسرەت كە جێگری یاسایی و جێگری سكرتێری گشتییە و كەسی یەكەمی ناو یەكێتییە. داوای لێكردم چونكە خۆی لە كۆبوونەوەی دوو قۆڵیدا لەگەڵ جەنابی مەسعود بارزانیدا رێككەوت لەسەر ئەوەی فەرەیدوون عەبدولقادر كە هەردوو حیزب پێی رازین و وەكو تێكۆشەرێكی دیاری جولانەوەی كورد تەماشای ئەكەن ئەو پۆستە وەربگرێ" فەرەیدوون عەبدولقادر وادەڵێت.

ئەو ئەندامەی پێشووی مەكتەبی سیاسی یەكێتی ڕەخنەی تووندیش لە هەندێك بەرپرسی یەكێتی دەگرێت بەبێئەوەی ناویان بهێنێت، "زۆریش بەداخم بۆ ئەوەی كەسانێك لە یەكێتی پەیدابوون هەر لە خۆڕا هەڵدەچن و هەموو سنوورێكی برایەتی و وەفا و جوامێری ئەبەزێنن و خۆیان ئەدەنە دەست بێویژدانی".

پرسی كەركوك بەتایبەت لە دەستپێكردنی كۆبوونەوەكانی پێكهێنانی حكومەتی هەرێم گرێكوێرەی نێوان پارتی‌و یەكێتی بوو، یەكێتی سووربوو لەسەر ئەوەی بە یەك پاكێج گفتوگۆ لەسەر هەرسێ‌ پرسی پێكهێنانی حكومەتی هەرێم و پارێزگاری كەركوك و پۆستەكانی بەغداد دەكات، بەڵام پارتی ئەوەی ڕەتكردەوە‌و پرسی پێكهێنانی حكومەتی هەرێمی بە پاكێجێكی سەربەخۆ دادەنا.

پاش سەردانێكی كۆسرەت ڕەسوڵ بۆ لای مەسعود بارزانی، هەردوولا ڕایانگەیاند، لەسەر ئەوە ڕێككەوتوون یەكلاییكردنەوەی پرسی پارێزگاری كەركوك و پۆستەكانی بەغدا بدرێتە دەست مەسعود بارزانی و كۆسرەت ڕەسوڵ.

دەقی روونكردنەوەكەی فەرەیدوون عەبدولقادر

من فەرەیدوون عەبدولقادر كە زۆری تەمەنی خۆم لەگەڵ مام جەلالی سەركردە و تێكۆشەرەكانی (ی.ن.ك) بۆ باڵاكردنی یەكێتی و خزمەتی كورد و كوردستان تەرخانكردوە و چەندین شەهیدی خێزانەكەشمان گیانیان بەو رێبازە بەخشیووە لە كاتێكدا من لە دەرەوەی وڵاتم. زۆرم لا سەیرە هەڵایەكی نا بەجێ نراوەتەوە لەسەر دانانی پارێزگاری كەركووك و ناوهێنانی ناوی من لەو گێژەنگە سازكراوەدا. كە ئەمە راستەیەكەیەتی:

پاش چەند جارێك كە بۆ پارێزگاری كەركووك رووی دەمی لێپرسراوانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان ئاراستەی من كراوە. هەمیشە وتوومە قبوڵم نییە.

یەكەمجار شەوی پەلاماردانی كەركووك لە 16ی ئۆكتۆبەردا بەڕێز ئاسۆ مامەند لە بارەگای مەڵبەند و بە ئامادەبوونی كاك كۆسرەت و مامۆستا بەكر و تێكۆشەرێكی زۆر ئەو باسەی كردەوە، كە من قبووڵی بكەم پۆستی پارێزگار وەربگرم .. جارێكی تریش هەر لە كۆڕی كاك كۆسرەت و لە ماڵی خۆیان بە ئامادەبوونی كاك عارف قوربانی و مامۆستا بەكر هەمان وەڵامم دایەوە كە من ئەو كارە ناكەم.

لە دەمی كۆبوونەوەكانی هەردوو وەفدی یەكێتی و پارتی دا جەنابی كاك كۆسرەت كە جێگری یاسایی و جێگری سكرتێری گشتییە و كەسی یەكەمی ناو یەكێتییە. داوای لێكردم چونكە خۆی لە كۆبوونەوەی دوو قۆڵیدا لەگەڵ جەنابی مەسعود بارزانیدا رێككەوت لەسەر ئەوەی فەرەیدوون عەبدولقادر كە هەردوو حیزب پێی رازین و وەكو تێكۆشەرێكی دیاری جولانەوەی كورد تەماشای ئەكەن ئەو پۆستە وەربگرێ.

هەموو برایان مامۆستا بەكر و كاك ئیسماعیل مەحموود ئاگادارن كە رازینەبووم و تەنها لەبەر هاوڕێیەتی زۆر لەگەڵ كاك كۆسرەت و لە دڵسۆزیم بۆ یەكێتی نیشتمانی كوردستان بە رەسمی رەتمنەكردەوە، بەڵام پێم وتوون كە ئەو ئیشەم پێ خۆش نییە. بەڵام باسەكە خرایە ئەو قاڵبەوە كە رەزامەندی من خزمەتی تەبایی نێوان یەكێتی و پارتی ئەكات، بۆیە بێ دەنگ بووم.

جەنابی كاك كۆسرەت و ئەو بەڕێزە ماندووانەی یەكێتی نیشتمانی كوردستان سەركردایەتییەكەی ئەزانن كە من چەند خزمەتی یەكێتیم كردووە و لە كاتە سەختەكاندا. لە سەرەتاكانەوە تا راپەڕین و لە گەڕانەوەی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بۆ مەڵبەندی خۆی پاش 31ی ئاب، چەندە رۆڵی پڕ لە خزمەتم دیووە. هەموو ئەزانن كە من خۆم بە خاوەنی یەكێتی ئەزانم و هەموو تێكۆشەرەكانی یەكێتیم لا بەنرخە و زۆریش بەداخم بۆ ئەوەی كەسانێك لە یەكێتی پەیدابوون هەر لە خۆڕا هەڵدەچن و هەموو سنوورێكی برایەتی و وەفا و جوامێری ئەبەزێنن و خۆیان ئەدەنە دەست بێویژدانی. ئەگینا هەرگیز و بەهیچ پێوەرێك كەس لەوانەی خۆیان بۆ پۆستە باڵاكانی ئەنجوومەنی وەزیران و دەستەی سەرۆكایەتی هەرێم كەمترنیم و پۆستی پارێزگار بۆ تێكۆشەرێكی كارا و دڵسۆز زۆر نییە و مایەی ئەو شپرزە بوونە زۆر نییە كە گەلەكەمان بەسەرسامییەوە لێی ئەڕوانی.