
پەرەگراف
بە درۆنی بۆمبڕێژكراو هێرش كرایە سەر كێڵگەی نەوتی سەرسەنگ لە سنووری پارێزگای دهۆك. تەقینەوەیەكی گەورە لە كێڵگەكەدا ڕووی دا و بەرهەمهێنانی نەوت ڕاگیرا. هێرشەكەی شەوی ڕابردوویش بۆ سەر نەوتی خورمەڵە زیانی بە "بۆرییەكانی ئاو"ـی كێڵگە گەیاندووە.
كۆمپانیاHKN ـی ئەمریكی كە وەبەرهێنان لە كێڵگەی نەوتی سەرسەنگدا دەكات، هەرزوو لە بەیاننامەیەكدا ڕوودانی تەقینەوە و ڕاگرتنی بەرهەمهێنانی لە كێڵگە نەوتییەكە پشتڕاست كردەوە، بەڵام هۆكارەی ئاشكرا نەكردووە و دەڵێت "تەقینەوەكە كاتژمێر 7:00ـی بەیانی بووە و لێكۆڵینەوە لە هۆكارەكەی دەكرێت".
كۆمپانیاكە ڕایگەیاندووە "ئەندامانی ستافی كێڵگەكە سەلامەتن و تیمی فریاگوزاری سەرقاڵی كوژاندنەوەی ئاگری تەقینەوەكەیە".
دواتر وەزارەتی سامانە سروشتییەكان ڕایگەیاند كە هێرشەكە بە "درۆنی بۆمبڕێژكراو" ئەنجام دراوە و بە "تیرۆرستی"یش ناوی دەبات، هەروەها جەخت دەكاتەوە كە "هیچ زیانێكی گیانیی نەبووە".
وەزارەتی سامانە سروشتییەكان دەشڵێت "ئەم جۆرە هێرشانە بۆ سەر ژێرخانی ئابووریی هەرێمی كوردستان بەتووندی ئیدانە و شەرمەزار دەكەین".
كێڵگەی نەوتی سەرسەنگ دەكەوێتە سنووری ناحیەی چەمانكێ لە قەزای ئامێدی سەر بە پارێزگای دهۆك. هەر شەوی ڕابردوویش هێرشی درۆنی كرایە سەر كێڵگەی نەوتی خورمەڵە لە پارێزگای هەولێر.
شەوی ڕابردوو وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێم ڕایگەیاند "ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە (14)ـی تەمووزی 2025، لە كاتژمێر 8:20 و 8:25، لە ڕێگەی دوو درۆنی بۆمبڕێژكراوەوە هێرش كرایە سەر كێڵگەی نەوتی خۆرمەڵە لە پارێزگای هەولێر".
وەزارەتی سامانە سروشتییەكان دەشڵێت "هێرشەكە هیچ زیانێكی گیانیی نەبووە، تەنیا زیانی بە بۆرییەكانی ئاوی وێستگەكە گەیاندووە".