لێكتێگەیشتنێكی نوێ‌ لەنێوان هەرێم و بەغدا لەسەر مووچە هاتە ئاراوە

16-07-2025 12:47
کۆبوونەوەى ئەمڕۆى ئەنجومەنى وەزیرانى هەرێم ١٦-٠٧-٢٠٢٥

پەرەگراف

لێكتێگەیشتنێكی نوێ‌ لەسەر "دابینكردنی شایستە داراییەكانی هەرێم و پابەندییەكانی سەر هەرێم" لە بەغدا هاتە ئاراوە و ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم بڕیاری دا بە جێبەجێكردنی ناوەرۆكەكەی. بەپێی لێكتێگەیشتنەكە بەغدا مووچە دەنێرێت.

بەپێی ڕاگەیەندراوی ئەنجومەنی وەیرانی هەرێم، ئەو لێكتێگەیشتنە دوێنێ‌ هاتووەتە ئاراوە و لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیراندا لەلایەن مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكومەت و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمەوە وردەكارییەكەی خراوەتە ڕوو.

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم دەڵێت "دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە، ئەنجومەنی وەزیران پێشوازیی لەو لەیەكترتێگەیشتنە كرد و بڕیاری دا بە جێبەجێكردنی ناوەڕۆكەكەی، كە بڕیارە لە بەرامبەردا حكومەتی فیدراڵ مووچە و شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان بنێرێت".

ئەو لێکتێگەیشتنەى نێوان هەرێم و بەغدا، پاش سەردانى ئێوارەى دوێنێى بافڵ تاڵەبانى، سەرۆکى یەکێتیى نیشتمانى بۆ بەغدا دێت، کە شەوى ڕابردوو لەگەڵ هەریەک لە فایەق زێدان، سەرۆکى ئەنجومەنى دادوەرى و محەمەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق کۆبووەوە.

نووسینگەی ڕۆژنامەوانیی سەرۆکوەزیرانى عێراق ڕایگەیاند، گفتوگۆ دەربارەی "ڕادەستكردنی داهاتی نەوتی و ‏نانەوتیی هەرێمی كوردستان و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم كراوە".‏

نووسینگەی ڕۆژنامەوانیی سەرۆكوەزیرانی عێراق دەشڵێت "هەروەها باس لە ‏گرنگیی هەماهەنگی و كاركردن بۆ چارەسەركردنی كێشە هاوبەشەكان كرا، بەپێی ‏دەستوور و یاسا كارپێكراوەكان و بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی".‏