
پەرەگراف
ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لێكتێگەیشتنەكەی لەگەڵ هەرێمی كوردستان پەسەند كرد و بڕیاری دا بە خەرجكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان.
بەپێی ڕەشنووسی لێكتێگەیشتنەكە كە بۆ ماوەی دوو مانگە، ئەگەر ئەمڕۆ گۆڕانكاریی تێدا نەكرابێت، حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕۆژانە 230 هەزار بەرمیل نەوت و 240 ملیار دیناریش وەكوو داهاتی نانەوتیی ئەو دوو مانگە ڕادەستی بەغدا دەكات، لە بەرانبەردا وەزارەتى دارایى عێراق دوو مووچەى فەرمانبەرانى هەرێم دەنێرێت.
دوای پەسەندكردنی لێكتێگەیشتنەكە لەلایەن هەردوو حكومەتەوە، چاوەڕوان دەكرێت سەرەتای هەفتەی داهاتوو مووچەی مانگی پێنج و دواتریش مووچەی مانگی شەشی مووچەخۆرانی هەرێم خەرج بكرێت.
بەمزووانە هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ بەندەری جەیهانی توركی لە ڕێگای كۆمپانیای بەبازاڕكردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) دەست پێ دەكاتەوە و داهاتەكەی دەچێتە گەنجینەی گشتیی فیدراڵی.
لە ماوەكانی داهاتوودا گفتوگۆكانی نێوان هەرێم و بەغدا بەردەوام دەبن بۆ چارەسەری كێشەكان و گەیشتن بە ڕێككەوتنی كۆتایی.
دوێنێ ١٦-٠٧-٢٠٢٥، ئەنجومەنى وەزیرانى هەرێم ڕایگەیاند، لێكتێگەیشتنێكی نوێ لەسەر "دابینكردنی شایستە داراییەكانی هەرێم و پابەندییەكانی هەرێم" هاتە ئاراوە و ئەنجومەنى وەزیران "دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە"، لە کۆبوونەوەیدا پێشوازیی لەو لەیەكترتێگەیشتنە کرد و بڕیاری دا بە جێبەجێكردنی ناوەڕۆكەكەی.
بەپێی ڕاگەیەندراوی ئەنجومەنی وەیرانی هەرێم، ئەو لێكتێگەیشتنە پێرێ سێشەممە لە بەغدا هاتووەتە ئاراوە و لە كۆبوونەوەی دوێنێى ئەنجومەنی وەزیراندا لەلایەن مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكومەت و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمەوە وردەكارییەكەی خراوەتە ڕوو.
ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم دەشڵێت "بڕیارە لە حكومەتی فیدراڵ مووچە و شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان بنێرێت".
ئەو لێکتێگەیشتنەى نێوان هەرێم و بەغدا، پاش سەردانى ئێوارەى سێشەممە ١٥-٠٧-٢٠٢٥ـى بافڵ تاڵەبانى، سەرۆکى یەکێتیى نیشتمانى بۆ بەغدا دێت، کە لەگەڵ هەریەک لە فایەق زێدان، سەرۆکى ئەنجومەنى دادوەرى و محەمەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق کۆبووەوە.
وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەڵێت، ئەو لێكتێگەیشتنەى لەسەر ڕادەستكردنی نەوت و داهاتی نانەوتى و ناردنی مووچە لەنێوان هەردوو حكومەتی هەرێم و فیدراڵ كراوە، "سەرەتاییە" و دواتر هەردوو حكومەت دەچنە ناو "ڕێككەوتنێكی فراونتر"ـەوە.
پێشەوا هەورامانی دەشڵێت "وەكوو دەستپێك، حكومەتی فیدراڵی مووچەی ئەم چەند مانگەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان دەدات".