دەقی لێكتێگەیشتنی نێوان هەرێم و بەغدا؛ مووچە دواى ڕادەستکردنى نەوت دێت

17-07-2025 04:57

پەرەگراف

ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق دەقی لێكتێگەیشتنی نێوان هەرێم و بەغدای بڵاو كردەوە و کە ئێستا بووە بە بڕیار. بەپێى بڕیارەکان مووچە دواى ڕدەستکردنى نەوت ڕەوانە دەکرێت و دەڵێت "هەرێمی كوردستان هەموو نەوتی بەرهەمهێنراو کە لە ئێستادا لە ٢٣٠ هەزار بەرمیل کەمتر نەبێت، ڕادەست دەكات و دوای پشتڕاستكردنەوەی (ڕادەستكردنی نەوت) لەلایەن وەزارەتی نەوتەوە، وەزارەتی دارایی فیدراڵ مووچەی مانگی پێنج خەرج دەكات".

بەپێى بڕیارەکان کە پەرەگراف دەقەکەى لێرەدا بڵاو دەکاتەوە، دەبێت پرۆسەى بەبانکیکردنى مووچەى مووچەخۆرانى هەرێم (تەوتین)، بەپێى بڕیارەکەى دادگاى فیدراڵى لە ماوەى سێ مانگدا تەواو بکرێت، دواى ئەوە هەر مووچەخۆرێک تەوتینى نەکردبێت مووچەکەى لە بەغداوە خەرج ناکرێت.

سەرجەم کێشەکانى نێوان هەرێم و بەغدا لە دۆسیەى نەوت و داهاتى نانەوتى و تەوتین، لەلایەن ژمارەیەک لیژنەى هاوبەشەوە وردبینى و بەدواداچوونیان بۆ دەکرێت و چارەسەریان بەپێى یاسا بۆ پێشنیاز دەکرێت

دەقى بڕیارەکانی ئەنجومەنی وەزیرانى عێراق:

*دۆسیەى ڕادەستکردنى نەوت

١. حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستبەجێ دەست دەکات بە ڕادەستکردنى هەموو نەوتی بەرهەمهێنراو لە کێڵگەکانی هەرێم بە کۆمپانیای بەبازاڕکردنى نەوت (سۆمۆ) بۆ هەناردەکردن. وەزارەتی دارایی فیدراڵ بڕى ١٦ دۆلار (بەشێوەى نەوت یان کاش) بۆ هەر بەرمیلێکی ڕادەستکراو دەدات، بەگوێرەی یاسای بودجەی هەمواکراو، بە مەرجێک کە بڕی ڕادەستکراوى نەوت کەمتر نەبێت لە ٢٣٠,٠٠٠ بەرمیلی ڕۆژانە. هەر زیادکردنێک لە بەرهەمهێنانى نەوت پێوستە لە ڕێگەی لیژنەیەکی هاوبەشی پێوانەوە دیارى بکرێت و ڕادەست بکرێت. ئەگەر هەناردەى نەوت بە هەر هۆکارێک ڕاوەستا، کۆی بڕی نەوتى باسکراو ڕادەستى وەزارەتی نەوتی فیدراڵ دەکرێت.

(ڕوونکردنەوە: کۆی بەرهەمهێنانی ئێستا ٢٨٠,٠٠٠ بەرمیلی ڕۆژانەیە، بەپێی ڕاپۆرتەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کە ٥٠,٠٠٠ بەرمیل بۆ بەکارهێنانی ناوخۆیی لە هەرێم تەرخان کراوە. ئەو ٢٣٠,٠٠٠ بەرمیلەى کە دەمێنێـتەوە لەگەڵ هەر زیادبوونێکی داهاتووی بەرهەمهێنان، ڕادەستى سۆمۆ دەکرێت بۆ هەناردەکردن).

٢. بڕى ٥٠,٠٠٠ بەرمیلی ڕۆژانەى نەوت بۆ بەکارهێنانی ناوخۆیی هەرێم تەرخان دەکرێت، بە مەرجێک حکومەتی هەرێمی کوردستان تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوە دابین بکات. داهاتی فرۆشتنی بەرهەمە نەوتییەکان بۆ خەزێنەی فیدراڵ دەگەڕێتەوە، دوای لێدەرکردنى تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوە و پاڵاوتن. ئەگەر هەرێم پێویستی بە بەرهەمی زیاتر بوو، وەزارەتی نەوتی فیدراڵ بۆى دابین دەکات، بە مەرجێک کە لە ١٥,٠٠٠ بەرمیلی خاوی ڕۆژانە زیاتر نەبێت. لیژنەیەکی هاوبەش لە وەزارەتی نەوتی فیدراڵ و وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێک دێت، بۆ دیاریکردنى پێداویستیى ناوخۆیى ڕاستەقینەی هەرێم و لە ماوەی دوو هەفتەدا ڕاپۆرتێک لەوبارەیەوە پێشکەش بە حکومەتى فیدراڵ دەکات بۆ پەسەندکردن.

*دۆسیەى داهاتی نانەوتی:

١. حکومەتی هەرێمی کوردستان بەپێى خەمڵاندنى سەرەتایى، دەبێت ١٢٠ ملیار دینار وەک بەشی خەزێنەی فیدراڵ لە داهاتی نانەوتی بۆ مانگى ئایاری ٢٠٢٥ ڕادەستى وەزارەتی دارایی فیدراڵ بکات. ئەم خاڵە شایەنى گۆڕنکارییە دواى وردبینیکرن بەپێى خاڵى (٢) لە خوارەوە.

٢. لیژنەیەکى هاوبەشى هەڵسەنگاندن لە وەزارەتی دارایی فیدراڵ و دیوانى چاودێریى دارایى فیدراڵ، بە هەماهەنگی لەگەڵ هاوتاکانیان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان، پۆلێنکردن، وردبینیکردن و دیاریکردنی پشکى حکومەتی فیدراڵ لە داهاتی نانەوتی دەکات، کە لە ئایاری ٢٠٢٥ـەوە دەستپێدەکات، بە پشتبەستن بە بنەماى وردبینیکردن لە ڕاپۆرتە هاوبەشەکاندا لەو کاتەوە کە یاسای بودجەی فیدراڵ چووەتە بوارى جێبەجێکردنەوە. لیژنەکە لە ماوەی دوو هەفتەدا ڕاپۆرتێک پێشکەش بە حکومەتى فیدراڵ دەکات بۆ پەسەندکردن.

٣. پێکهێنانى لیژنەیەکی هاوبەشی هەردوو حکومەتى فیدراڵ و هەرێم، بۆ تەواوکردنى پرۆسەى تەوتینکردنى مووچە بەگوێرەی بڕیاری دادگای باڵاى فیدراڵ لە ماوەی سێ مانگدا، لە دواى ئەو وادەیە، مووچە تەنیا بە تەوتینکراوى دەدرێت.

٤. تیمێک پێکدەهێنرێت لە وەزارەتی دارایی فیدراڵ و دیوانى چاودێریى دارایى فیدراڵ، بە هەماهەنگی لەگەڵ هاوتاکانیان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەمەبەستى دیاریکردنى ڕێژەى تێپەڕاندنى پشکى هەرێم لە خەرجیی ڕاستەقینە (ئینفاقى فیعلى) و چۆنێتیى چارەسەرکردنى بەگوێرەی یاسای گشتیى بودجەی فیدراڵ بۆ ٢٠٢٣، ٢٠٢٤ و ٢٠٢٥. تیمەکە لە ماوەی دوو هەفتەدا ڕاپۆرتێک پێشکەش بە حکومەتى فیدراڵ دەکات.

٥. وەزارەتی دارایی فیدراڵ مووچەى مانگى ئایار بۆ فەرمانبەرانى هەرێمی کوردستان دەنێرێت، دواى ئەوەى پشتڕاستکردنەوەی لە وەزارەتی نەوتی فیدراڵ/سۆمۆ پێ دەگات بە وەرگرتنی تەواوی بڕی نەوتی دیاریکراو (لە ئێستادا ٢٣٠,٠٠٠ بەرمیلی ڕۆژانە) لە بەندەری جەیهان.

٦. ئەم بڕیارانە لە دواى پەسەندکردنیان لەلایەن ئەنجوومەنى وەیرانەوە، دەچنە بوارى جێبەجێکردنەوە.