دادگای فیدراڵی هەردوو سکاڵاکەی کۆمەڵ و نەوەی نوێی دژی پەرلەمانی کوردستان ڕەت کردەوە
پەرەگراف
دادگای فیدراڵیی عێراق ئەمڕۆ لەسەر سکاڵاکانی سەر خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان کۆبووەوە، کە سکاڵای یەکەم لەلایەن عومەر گوڵپی، ئەندامی فراکسیۆنی کۆمەڵ لە خولی پێشووی پەرلەمانی کوردستان و سکاڵای دووەم لەلایەن هەردوو فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان و عێراق، تۆمار کرابوون.
سكاڵای یەكەم لەلایەن عومەر عەبدوڵڵا گوڵپی، ئەندامی پێشووی پەرلەمانی كوردستان لە فراکسیۆنى کۆمەڵى دادگەرى، لەسەر سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی پەرلەمانی كورستان تۆمار كرابوو.
عومەر گوڵپی لە سکاڵاکەدا داواى کردبوو دادگا بڕیار بدات بە هەڵوەشاندنەوەی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، ڕاسپاردنی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان بە ئەنجامدانەوەی هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی کوردستان لە نزیکترین کاتدا، بەو پاساوەى پەرلەمانەکە نەیتوانیوە ئەرکەکانى خۆى ئەنجام بدات و لە ماوەى یاساییدا کۆبوونەوەى یەکەمى ئەنجام بدات و دەستەى سەرۆکایەتى هەڵبژێرێت.
هەروەها داوى کردبوو هەموو ئەو ئیمتیازە ماددیانەی پەرلەمانتاران لە ماوەی ڕابردوودا وەریانگرتووە، لێیان وەربگیرێتەوە، بەو پاساوەى هیچ کارێکیان نەکردووە.
سکاڵاى دووەم لەلایەن سروە عەبدولواحید، سەرۆکى فراکسیۆنى نەوەى نەوێ لە پەرلەمانى عێراق و کوردەوان جەمال، سەرۆکى فراکسیۆنى نەوەى نوێ لە پەرلەمانى کوردستان و کاوە عەبدولقادر، ئەندامى پێشووى جووڵانەوەکە لە پەرلەمانى کوردستان، لەسەر سەرۆکى هەرێمى کوردستان تۆمار کراوە.
نەوەى نوێ لە سکاڵاکەدا سەرۆکى هەرێمى تۆمەتبار کردووە بەوەى کە دەبوو بەپێى یاساى سەرۆکایەتیى هەرێم، پەرلەمانى کوردستان هەڵبوەشێنێتەوە، چونکە نەیتوانیوە لە وادەى یاساییدا سەرۆکایەتیى پەرلەمان و کابینەى نوێى حکومەت هەڵبژێرێت، بەڵام سەرۆکى هەرێم ئامادە نەبووە بڕیار بدات بە هەڵوەشاندەوەى پەرلەمان.
ئەم دوو سکاڵایەش لەلایەن دادگاى باڵاى فیدراڵیى عێراقەوە ڕەت کرانەوە، بەو پاساوەى سکاڵاکان لە چوارچێوەى پسۆڕى و تایبەتمەندیى دادگاکەدا نین.