پەرەگراف
وەک پابەندبوون بە جێبەجێکردنی دواین ڕێککەوتنی نێوانیان، ئەمڕۆ حکومەتی هەرێم 120 ملیار دینار داهاتی ناوخۆی ڕادەستی بەغداد کرد.
وەزارەتی دارایی هەرێم ڕایگەیاند " "بەشی گەنجینەی فیدراڵی لە داهاتی نانەوتی هەرێمی کوردستان بۆ مانگی ئایاری ساڵی ( ٢٠٢٥ ) کە بڕەکەی (١٢٠،٠٠٠،٠٠٠،٠٠٠ ) سەدو بیست ملیار دینارە، بەشێوەی کاش خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ لەلقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق".
بەپێی ڕێککەوتنی نێوان هەولێرو بەغداد، هەرێم مانگانە 120 ملیارو ڕۆژانە 230 هەزار بەرمیل نەوت ڕادەست دەکات لە بەرامبەر ناردنی مووچە لە بەغداوە، بەڵام لە ئێستادا هەرێم ناتوانێت ئەو بڕە نەوتە ڕادەست بکات و هۆکارەکەشی بۆ کردنە ئامانجی کێڵگە نەوتییەکان دەگەڕێنێتەوە لە ڕۆژانی ڕابردوودا بە درۆنی بۆمبڕێژکراو.
وتەبێژی حكومەتی عێراق جەخت لە جێبەجێكردنی تەواوی لێكتێگەیشتنەكەی نێوان هەرێم و بەغدا دەكاتەوە و ڕایدەگەیەنێت " كاتێك مووچە دەنێردرێت كە هەرێمی كوردستان 230 هەزار بەرمیل نەوت ڕادەست بكات". دەشڵێت "گرەنتییە بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم لە خەزێنەی فیدڕاڵی"
باسم عەوادی، وتەبێژی حكومەتی عێراق، دوێنێ لە گفتوگۆیەكدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی عێراقی، لێكتێەیشتنەكە بە "بڕیار"ـی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق ناو دەبات و پێی وایە "بڕیارەكان قۆناغێكی نوێیە لە پەیوەندیی نێوان هەرێم و بەغداد و هەنگاوی یەكەمن بۆ چارەسەری هەمیشەیی ناكۆكییەكان".
عەوادی دووپاتی دەكاتەوە كە "پێویستە هەرێمی كوردستان ڕۆژانە 230 هەزار بەرمیل نەوت ڕادەستی سۆمۆ بكات، مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم تەوتین بكرێت".
وتەبێژی حكومەتی عێراق دەشڵێت "لیژنەیەكی هاوبەش بۆ بەدواداچوونی داهاتە نانەوتییەكان پێك دەهێنرێت و ڕۆژانە بڕی 50 هەزار بەرمیل نەوت بۆ بەكارهێنانی ناوخۆیی لە هەرێم دابین دەكرێت".