پەرەگراف
وەزارەتی دارایی عێراق ڕایگەیاند، دەستی کرد بە خەرجکردنی مووچەی مانگی پێنجی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان.
دارایی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا دەڵێت، ناردنی مووچە دوای پابەندبوونی حکومەتی هەرێمی کوردستانە بە ڕادەستکردنی ئەو بڕە نەوتەی کە لە ئێستادا لە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێم بەرهەم دێت بە کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوت (سۆمۆ)، و بەردەوامبوون لەسەر ڕادەستکردنی بەرهەمەکان بەدوای یەکدا تا گەیشتن بەو بڕی 230 هەزار بەرمیل بەپێی ڕێککەوتنی نێوان هەردوو حکومەت، هەروەها وەرگرتنی داهاتە نانەوتییەکان وەک قۆناغی یەکەم بە بڕی ١٢٠ ملیار دینار.
وەزارەتی دارایی عێراق جەخت لەوە دەکاتەوە کە بەردەوام دەبێت لە جێبەجێکردنی پابەندییە یاسایی و دەستوورییەکانی خۆی بەرامبەر بە حکومەتی هەرێمی کوردستان، تا ئەو کاتەی هەرێم بەردەوام بێت لەسەر پابەندبوونی بە جێبەجێکردنی یاسای بودجەی فیدراڵی و بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی و دوایین بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران.
وەک پابەندبوون بە جێبەجێکردنی دواین ڕێککەوتنی نێوانیان، ئەمڕۆ حکومەتی هەرێم 120 ملیار دینار داهاتی ناوخۆی بۆ مانگی ئایار ڕادەستی بەغداد کرد.
بەپێی ڕێککەوتنی نێوان هەولێرو بەغداد، هەرێم مانگانە 120 ملیارو ڕۆژانە 230 هەزار بەرمیل نەوت ڕادەست دەکات لە بەرامبەر ناردنی مووچە لە بەغداوە، بەڵام لە ئێستادا هەرێم ناتوانێت ئەو بڕە نەوتە ڕادەست بکات و هۆکارەکەشی بۆ کردنە ئامانجی کێڵگە نەوتییەکان دەگەڕێنێتەوە لە ڕۆژانی ڕابردوودا بە درۆنی بۆمبڕێژکراو.