دادگای فیدراڵی دوو سکاڵای لە دژی بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە ڕەتکردەوە؛ لە سێ ڕۆژدا شەش سکاڵا دژى هەڕێم ڕەتکراونەتەوە

22-07-2025 03:15

پەرەگراف

دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق دوو سکاڵای لە دژی بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە ڕەتکردەوە. دادگاکە کە بە سەرۆکێکی نوێوە دەستی بە کارەکانی کردووەتەوە، لە ماوەی سێ ڕۆژدا شەش سکاڵای دژی گرێبەستەکانی غاز و پەرلەمانی کوردستان و پارێزگای هەڵەبجە ڕەت کردووەتەوە.

دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق ئەمڕۆ سێشەممە 22-07-2025، دوو سكاڵای دژی بەپارێزگاكردنی هەڵەبجە ڕەتكردەوە، كە لەلایەن شەش پەرلەمانتاری عێراقەوە تۆمار كرابوون.

دادگاكە ڕۆژی 20ـی ئەم مانگەیش دوو سكاڵای لەسەر گرێبەستە نوێیەكانی حكومەتی هەرێم كۆمپانیا ئەمریكییەكان بۆ وەبەرهێنانی غاز ڕەت كردەوە لە كێڵگەكانی هەرێم ڕەت كردەوە. هەروەها دوێنێ‌ 21ـی مانگ دوو سكاڵای دژی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان ڕەت كردەوە.

سكاڵاكان لە دژی بەپارێزگاكردنی هەڵەبجە

سكاڵای یەكەم لە دژی بەپارێزگاكردنی هەڵەبجە، لەلایەن پێنج پەرلەمانتاری عێراقەوە (محەمەد جاسم خەفاجی، حەیدەر محەمەد كازم، مستەفا خەلیل گەرعاوی، باسم خزەیەر كازم و نفوز حسێن موسەوی) تۆمار كرابوو.

سكاڵاكە لە دژی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق، جێگری یەكەم و دووەمی سەرۆكی پەرلەمان تۆمار كردبوو. تێیدا داوا كرابوو ڕێكارەكانی دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان بۆ دەنگدان لەسەر پرۆژەیاسای هێنانەكایەی پارێزگای هەڵەبجە و دەنگدان لەسەر هەندێك پلەی تایبەت بە نادروست لەقەڵەم بدات، بەوپێیەی بەقسەی ئەوان لە كاتی دەنگدانەكەدا ڕێژەی یاسایی پەرلەمانتاران لە دانیشتنەكەدا ئامادە نەبوون.

ئەو پەرلەمانتارانە داوایان لە دادگای فیدراڵی كردبوو فەرمانسالارییەك بۆ ڕاگرتنی ڕێكارەكانی دەركردنی یاسای (هێنانەكایەی پارێزگای هەڵەبجە) دەربكات.

سكاڵای دووەم دژی بەپارێزگاكردنی هەڵەبجە، لەلایەن پەرلەمانتارێكی عێراق بە ناوی (ئەمیر كامیل مەعمووری) لەسەر سەرۆككۆماری عێراق تۆمار كرابوو.

ئەو پەرلەمانتارە لە سكاڵاكەدا داوای لە دادگای فیدراڵی كردبوو مەرسومە كۆمارییەكەی ڕۆژی ٢٩-٠٤-٢٠٢٥ـی سەرۆككۆماری عێراق تایبەت بە (هێنانەكایەی پارێزگای هەڵەبجە) وەكو پارێزگای نۆزدەیەمی عێراق، ڕەت بكاتەوە و فەرمانسالارییەك بۆ ڕاگرتنی مەرسومەكە دەربكات.

دادگای فیدراڵی هەردوو سكاڵاكەی دژی بەپارێزگاكردنی هەڵەبجە ڕەت كردەوە.

سكاڵاكان لە دژی پەرلەمانی كوردستان

سكاڵای یەكەم لەلایەن عومەر عەبدوڵڵا گوڵپی، ئەندامی پێشووی پەرلەمانی كوردستان لە فراکسیۆنى کۆمەڵى دادگەرى، لەسەر سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی پەرلەمانی كورستان تۆمار كرابوو.

عومەر گوڵپی لە سکاڵاکەدا داواى کردبوو دادگا بڕیار بدات بە هەڵوەشاندنەوەی‌ خولی‌ شەشەمی‌ پەرلەمانی‌ کوردستان، ڕاسپاردنی‌ کۆمسیۆنی‌ باڵای‌ هەڵبژاردنەکان بە ئەنجامدانەوەی‌ هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی‌ کوردستان لە نزیکترین کاتدا، بەو پاساوەى پەرلەمانەکە نەیتوانیوە ئەرکەکانى خۆى ئەنجام بدات و لە ماوەى یاساییدا کۆبوونەوەى یەکەمى ئەنجام بدات و دەستەى سەرۆکایەتى هەڵبژێرێت.

هەروەها داوى کردبوو هەموو ئەو ئیمتیازە ماددیانەی‌ پەرلەمانتاران لە ماوەی‌ ڕابردوودا وەریانگرتووە، لێیان وەربگیرێتەوە، بەو پاساوەى هیچ کارێکیان نەکردووە.

سکاڵاى دووەم لەلایەن سروە عەبدولواحید، سەرۆکى فراکسیۆنى نەوەى نەوێ لە پەرلەمانى عێراق و کوردەوان جەمال، سەرۆکى فراکسیۆنى نەوەى نوێ لە پەرلەمانى کوردستان و کاوە عەبدولقادر، ئەندامى پێشووى جووڵانەوەکە لە پەرلەمانى کوردستان،  لەسەر سەرۆکى هەرێمى کوردستان تۆمار کراوە.

نەوەى نوێ لە سکاڵاکەدا سەرۆکى هەرێمى تۆمەتبار کردووە بەوەى کە دەبوو بەپێى یاساى سەرۆکایەتیى هەرێم، پەرلەمانى کوردستان هەڵبوەشێنێتەوە، چونکە نەیتوانیوە لە وادەى یاساییدا سەرۆکایەتیى پەرلەمان و کابینەى نوێى حکومەت هەڵبژێرێت، بەڵام سەرۆکى هەرێم ئامادە نەبووە بڕیار بدات بە هەڵوەشاندەوەى پەرلەمان.

ئەم دوو سکاڵایەش لەلایەن دادگاى باڵاى فیدراڵیى عێراقەوە ڕەت کرانەوە، بەو پاساوەى سکاڵاکان لە چوارچێوەى پسۆڕى و تایبەتمەندیى دادگاکەدا نین.

سکاڵاکان لە دژى گرێبەستەکانى هەرێم

سکاڵاى یەکەم لەلایەن پەرلەمانتار ڕائید حەمدان مالیکى، ئەندامى لیژنەى یاسایى پەرلەمانى عێراق، لەسەر سەرۆکوەزیرانى هەرێمى کوردستان و وەزیرى سامانە سروشتییەکانى هەرێم تۆمار کرابوو

ئەو پەرلەمانتارە لە سکاڵاکەدا داواى کردبوو دادگاکە بڕیار بدات بە پووچەڵبوونى ئەو گرێبەست و ڕێککەوتنانەی هەرێمى کوردستان لەگەڵ هەردوو کۆمپانیای نەوتی ئەمریکی (وێستن زاگرۆس و ئێچ کەى ئێن ئینێرژی) سەبارەت بە وەبەرهێنان لە کێڵگەکانی (میران، تۆپخانە-کوردەمیر) لە ١٩-٠٥-٢٠٢٥ ئەنجامی داون، بەوپێیەی پێشێلکاریی ماددە و بڕگەکانی دەستووری عێراقە.

پەرلەمانتارەکە داوایشى لە دادگاى فیدراڵى کردبوو، سکاڵالێکراوان پابەند بکات بەوەى لە داهاتوودا هیچ گرێبەستێکى نەوت و غاز بەبێ گەڕانەوە بۆ حکومەتى فیدراڵى ئەنجام نەدەن. هەروەها فەرمانسالارییەک لە دژی تۆمەتباران دەردەچێت، بۆ ڕاگرتنی جێبەجێکردنی ئەو گرێبەست و ڕێککەوتنانە.

دادگاى فیدراڵى ئەم سکاڵایەى بە "پووچەڵ" دانا و کۆتایى پێ هێنا.

سکاڵاى دووەم لەلایەن پەرلەمانتار باسم نەغیمش غەریباوى، ئەندامى لیژنەى نەوت و غاز و سامانە سروشتییەکانى پەرلەمانى عێراقەوە لەسەر سەرۆکى حکومەت و وەزیرى سامانە سروشتییەکانى هەرێمى کوردستان تۆمار کرابوو.

لە سکاڵاکەدا داواى لە دادگاکە کردبوو "بڕیار بدات بە نادەستووریبوونى ئەو گرێبەستانەى کە لەلایەن هەرێمى کوردستانەوە لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکییەکان ئەنجامى دراون، سەبارەت بە وەبەرهێنان لە کێڵگەکانى (میران و کوردەمیر-تۆپخانە)".

هەروەها داواى کردبوو دادگاى فیدراڵى بڕیار بدات بەوەى "ئەو گرێبەستانە کە لە ڕۆژى ١٩-٠٥-٢٠٢٥ ئەنجام دراون، پووچەڵن". هەروەها "سکاڵالێکراوان پابەند بکات بەوەى لە داهاتوودا هیچ گرێبەستێکى نەوت و غاز بەبێ گەڕانەوە بۆ حکومەتى فیدراڵى ئەنجام نەدەن".

ئەم سکاڵایەش لەلایەن دادگاى باڵاى فیدراڵییەوە بڕیار درا بە ڕەتکردنەوەى.