پەرەگراف
وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا چەند پەیامێكی ویلایەتە یەكگرتووەكان دەربارەی "هەناردەكردنەوەی نەوت و مووچەى هەرێم" ئاراستەی سەرۆكوەزیرانی عێراق دەكات. سوودانییش جەخت لە دەسپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم و ڕاگرتنی "قاچاخچێتی" دەكاتەوە.
تامی بروس، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا ڕایگەیاند "ماركۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوە، لەگەڵ محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆكوەزیرانی عێراق، دەربارەی ئەو هێرشانەی بەم دواییانە كرانە سەر ژێرخانی وزە و لە ناویشیاندا ئەو بەشانەی لەلایەن كۆمپانیا ئەمریكییەكانەوە بەڕێوە دەبرێن، قسەی كرد".
وەزیری دەرەوەی ئەمریكا جەختی كردووەتەوە لەسەر ئەوەی كە "گرنگە حكومەتی عێراق ئەنجامدەرانی هێرشەكان ڕووبەڕووی بەرپرسیارێتی بكاتەوە و ڕێگری بكات لە هێرشی تر لە داهاتوودا".
ماركۆ ڕۆبیۆ، پێدانی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان "بەشێوەیەكی ڕێكخراو" بە گرنگ ناو بردووە، لەگەڵ "دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوت لە ڕێی بۆریی نەوتی عێراق و توركیا".
هەر لەبارەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەوە، نووسینگەی سوودانی ڕاگەیەندراوێكی بڵاو كردووەتەوە و دەڵێت "سوودانی، هێرشەكانی ئەم بۆ سەر دامەزراوە نەوتییەكانی هەرێمی كوردستان و پارێزگاكانی سەلاحەدین و كەركووك، بە بەئامانجگرتنی ئابووریی نیشتمانیی عێراق وەسف كرد. جەختیشی كردەوە كە دەزگا ئەمنییەكان لەگەڵ هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، چاودێریی سەرچاوەی هێرشەكان دەكەن".
سوودانی جەختی لەوە كردووەتەوە كە "پابەندبوونی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە ڕادەستكردنی نەوتی بەرهەمهێنراو و گەڕاندنەوەی داهاتی نانەوتی بۆ خەزێنەی گشتی، بەپێی بڕیارەكەی ئەنجومەنی وەزیران و لە چوارچێوەی یاسای بودجە و بڕیاری دادگای فیدراڵی، هاوكار بووە بۆ چارەسەركردنی ئاستەنگە دارایی و یاساییەكانی نێوان حكومەتی فیدراڵی و حكومەتی هەرێم".
نووسینگەی سوودانی دەڵێت "سەرۆكوەزیرانی عێراق جەختیشی لە گرنگیی دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوت لە ڕێگەی بۆری عێراق-توركیا و ڕاگرتنی هەموو جۆرەكانی قاچاخچێتی و مامەڵەیەكی نایاسایی بە سەرچاوە نەوتییەكان كردووەتەوە".