سەرۆککۆمار لە هەڵەبجە: داوای بودجەیەکی تایبەت دەکەم بۆ جێبەجێکردنی پێداویستییەکانی هەڵەبجە
پەرەگراف
د.لەتیف ڕەشید سەرۆککۆماری عێراق ئەمڕۆ سەردانی هەڵەبجەی کردو ڕایگەیاند، داوای بودجەیەکی تایبەت دەکات بۆ هەڵەبجە تاوەکو لە ژێر سەرپەرشتی سەرۆکایەتی کۆماردا پێداویستییەکانی هەڵەبجە جێبەجێ بکرێن.
ئەوە یەکەم سەردانی سەرۆککۆمارە بۆ ئەو شارە لە دوای بەپارێزگابوونی، لەتیف ڕەشید بە گرنگییەوە باسی بەپارێزگابوونی هەڵەبجەو بڕیارەکەی دوێنێی دادگای فیدراڵی عێراقی کرد کە ئەو سکاڵایانەی ڕەت کردنەوە کە دژی بەپارێزگابوونی هەڵەبجە تۆمار کرابوون.
"هەڵەبجە نمونەی خەبات و قوربانییە بۆ هەموو عێراق و مرۆڤایەتیش، ئەرکی هەموو عێراقییەکە گرنگی بە هەڵەبجە بدات بۆئەوەی کارەساتی کیمیاییباران دووبارە نەبێتەوە" سەرۆککۆمار وای وت.
دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق دوێنێ دوو سكاڵای دژی بەپارێزگاكردنی هەڵەبجە ڕەتكردەوە، كە لەلایەن شەش پەرلەمانتاری عێراقەوە تۆمار كرابوون لە دژی سەرۆککۆمارو سەرۆکایەتی پەرلەمان لە دۆسیەی بەپارێزگابوونی هەڵەبجەدا.
سكاڵای یەكەم لە دژی بەپارێزگاكردنی هەڵەبجە، لەلایەن پێنج پەرلەمانتاری عێراقەوە (محەمەد جاسم خەفاجی، حەیدەر محەمەد كازم، مستەفا خەلیل گەرعاوی، باسم خزەیەر كازم و نفوز حسێن موسەوی) تۆمار كرابوو.
سكاڵاكە لە دژی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق، جێگری یەكەم و دووەمی سەرۆكی پەرلەمان تۆمار كردبوو. تێیدا داوا كرابوو ڕێكارەكانی دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان بۆ دەنگدان لەسەر پرۆژەیاسای هێنانەكایەی پارێزگای هەڵەبجە و دەنگدان لەسەر هەندێك پلەی تایبەت بە نادروست لەقەڵەم بدات، بەوپێیەی بەقسەی ئەوان لە كاتی دەنگدانەكەدا ڕێژەی یاسایی پەرلەمانتاران لە دانیشتنەكەدا ئامادە نەبوون.
ئەو پەرلەمانتارانە داوایان لە دادگای فیدراڵی كردبوو فەرمانسالارییەك بۆ ڕاگرتنی ڕێكارەكانی دەركردنی یاسای (هێنانەكایەی پارێزگای هەڵەبجە) دەربكات.
سكاڵای دووەم دژی بەپارێزگاكردنی هەڵەبجە، لەلایەن پەرلەمانتارێكی عێراق بە ناوی (ئەمیر كامیل مەعمووری) لەسەر سەرۆككۆماری عێراق تۆمار كرابوو.
ئەو پەرلەمانتارە لە سكاڵاكەدا داوای لە دادگای فیدراڵی كردبوو مەرسومە كۆمارییەكەی ڕۆژی ٢٩-٠٤-٢٠٢٥ـی سەرۆككۆماری عێراق تایبەت بە (هێنانەكایەی پارێزگای هەڵەبجە) وەكو پارێزگای نۆزدەیەمی عێراق، ڕەت بكاتەوە و فەرمانسالارییەك بۆ ڕاگرتنی مەرسومەكە دەربكات.
دادگای فیدراڵی هەردوو سكاڵاكەی دژی بەپارێزگاكردنی هەڵەبجە ڕەت كردەوە.