پەرەگراف
لاهور شێخ جەنگی زەنگی بەشداریی نەکردن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لێدەدات و دەڵێت: رەخساندنی زەمینەیەکی لەبار و گونجاو بەپێویست دەزانین بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد، "ئەگەر نا وەک بەرەی گەل ئامادەی بەشداریکردنی هەڵبژاردنێکی دووبارە دیزاینکراو نابینەوە سەرەڕای ئەوەی کە هەموو ئامادەکاریەکیشمان ئەنجامداوە لە ئێستادا".
ئەو وتانەی سەرۆکی بەرەی گەل لە کۆبوونەوەیەکی ئەمڕۆیدا بووە لەگەڵ لەگەڵ یان برایم، کونسوڵی گشتی فەرەنسا لە هەرێمی کوردستان.
لاهور شێخ جەنگی لەبارەی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێم، دەڵێت: "ناکرێت هەردوو حیزبی دەسەڵاتدار بەم جۆرە بێباک بن و داهاتوی هەرێمی کوردستان بخەنە مەترسییەوە لەپێناو ڕێکنەکەوتنیان لەسەر پۆستە وەزاریەکان، هەروەها جەختمانکردەوە لەسەر پێویستی چارەسەری ریشەیی کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا، بەتایبەت کێشەی موچەی موچەخۆرانی هەرێم".
"مانەوەی کێشەکان بەم جۆرە وا لە هەموو دڵسۆزانی ئەم نیشتیمانە دەکات کە بیر لە ڕێگەچارەیەکی تر لەدەرەوەی خەباتی مەدەنی و خەباتی پەرلەمانی بکەینەوە، چونکە لەکاتێکدا کە دەسەڵات بەم جۆرە بێباک بێت و بەداخەوەش هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن هەر یەکەو کلکی بەشوێنێکی تر گرێدرابێت و جگە لە قسەی بێکردار بەیەکەوە ئامادەی بەشداریکردنی هیچ پرۆژەیەک نەبن دژ بەم هەموو نادادیە، بۆیە ئێمەو مانان ناچار دەبین کە بیر لە شێوازێکی تر بکەینەوە بۆ گەڕاندنەوەی مافی خەڵک و بوون بە بەدیلی ئەوەی کە لەئێستادا لەسەر ئەرزی واقعدا هەیە" سەرۆکی بەرەی گەل وادەڵێت.