خوێندنی باڵای عێراق لە بڕیاری قەدەغەکردنی وەڵامدانەوەی پرسیار بە زمانی کوردی پاشگەز کرایەوە

26-07-2025 04:43

پەرەگراف

وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق لە بڕیاری قەدەغەکردنی وەڵامدانەوەی پرسیار لە زانکۆکانی کەرکوک و موسڵ و دیالە بە زمانی کوردی پاشگەز کرایەوە.

نووسینگەی ڕاگەیاندنی خالید شوانی وەزیری داد ڕایگەیاند، وەزیری داد لە پەیوەندیەکی تەلەفۆنی لەگەڵ وەزیری خویندی باڵای فیدراڵ تاوتوێی ئەو کێشەیەیان کرد.

"بەسوپاسەوە بەڕێز وەزیری خۆێندنی باڵا بڕیای چارەسەرکردنی کێشەکەی دا و تاقیكرنەوەكان بە هەمان میكانزمی ساڵانی رابردوو بەڕێوە ئەچێت" نوسینگەی راگەیاندنی وەزیری داد وادەڵێت. 

هاوکات پەرلەمانتار دیلان غەفور بە پەرەگرافی وت "بڕیارەکەی وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق بە تووندی ڕەت دەکەینەوەو کە ڕێگەنادات خوێندکارانی کورد لە زانکۆکانی کەرکووک، مووسڵ و دیالە، بە زمانی کوردی وەڵامی پرسیاری تاقیکردنەوەکان بدەنەوە".

"هەر ئەمڕۆ لەگەڵ بەڕێز وەزیری خوێندنی باڵای عێراق قسەمان کردو پێداگربووین لەسەر ڕێگەدان بە وەڵامدانەوەی پرسیاری تاقیکردنەوەکان بە زمانی کورد، بەڕێزیان بەڵێنی چارەسەری ئەو پرسەیاندا بە بەردەوامبوونی میکانیزمی پێشتر بۆ وەڵامدانەوەی پرسیارەکان کە ڕێگەدانە بە زمانی کوردی" دیلان غەفور وای وت.