سبەینێ دادگای فیدراڵی لەسەر سکاڵایەکی نەوەی نوێ دژی پڕۆژی ڕووناکی کۆدەبێتەوە

27-07-2025 04:14

پەرەگراف

دادگای فیدراڵی عێراق سبەینێ تاوتوێیی سێ سکاڵا دەکات پەیوەست بە هەرێمی کوردستان، کە یەکێکیان نەوەی نوێ تۆماری کردووەو داوای هەڵوەشاندنەوەی پڕۆژەی ڕووناکی دەکات کە دابینکردنی کارەبای ٢٤کاتژمێرییە.

سکاڵاکە لەلایەن سروە عەبدولواحید، سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق تۆمارکراوە لەسەر سەرۆکی هەرێم و سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کە تێیدا داوای هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم دەکات سەبارەت بە پڕۆژەی ڕووناکی کە لە سەرجەم پارێزگاکانی هەرێم لە جێبەجێکردندایەو گەیشتووەتە زیاتر لە نیو ملیۆن بەشداربوو، لە ئێستادا زیاتر لە ٢ ملیۆن هاووڵاتیی لێی سوودمەندن.

ئەو سکاڵایەی نەوەی نوێ ڕۆژی 20ی ئەم مانگە دادگای فیدراڵی دانیشتنی لەسەر کرد و دواخرا بۆ ٢٨ی مانگ.

نرخ  و چۆنیەتی بەکارهێنانی کارەبای نیشتمانی لە پرۆژەی رووناکی، باسێکی گەرمی دانیشتنە خێزانی و کۆمەڵایەتییەکانە، بە تایبەت لەو ماڵانەی پرۆژەکە تیایاندا کەوتووەتەکار، هاووڵاتی بۆ ئەوەی کەمترین بڕە پارە بدات پێویستە خۆی لەگەڵ پرۆژەکەدا بگونجێنێت بە شێوەیەک بەپێی پێویست کارەبا بەکاربهێنێت و گڵۆپ و ئامێرە کارەباییەکانی ماڵەکەی بکاتە ئەو جۆرەی کە بە کەمترین بڕە کارەبا کار دەکەن.

حکومەتی هەرێمی كوردستان بانگەشەی ئەوەدەكات؛ رووناکی پڕۆژەیەکی نیشتمانیی حکومییە كە وەزارەتی کارەبا خاوەندارێتی دەکات، لە تشرینی یەکەمی ساڵی 2024 لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەت لە گەڕەکێکی هەولێرەوە راگەیەندرا کە سێ مانگ بوو تیمەکانی کارەبا سەرقاڵی جێبەجێکردنی پڕۆژەکە بوون لەو گەڕەکە، ئامانجی پڕۆژەکە دابینكردنی کارەبای 24 کاتژمێرییە لە سەرتاسەری کوردستان بۆ سەرجەم ماڵ و شوێنەکان تاوەکو کۆتایی ساڵی 2026.

كارەبای 24 كاتژمێری بڕی ئەمپێری دیاریكراو نییە، چەندت دەوێت و چەند ئامێرت هەیە دەتوانیت كاری پێبكەیت، بەڵام تا زیاتر بەكاربهێنێت، پارەی زیاتر دەدەیت.

سکاڵاکانی تایبەت بە مووچە

 دوو سکاڵای دیکە کە سبەینێ دادگای فیدراڵی تاوتوێیان دەکات لەلایەن ژمارەیەک مووچەخۆری هەرێمی کوردستانەوە لەسەر سەرۆکوەزیران و وەزیری دارایی عێراق تۆمارکراون تایبەت بە پرسی مووچەو داوا دەکەن دادگا پابەندیان بکات بە پێدانی مووچەی هەرێمی کوردستان.

ئەو دوو سکاڵایەش لە 14ی ئەم مانگەدا دانیشتنیان لەسەر کرا و بۆ 28ی مانگ دواخران، ئەوە لەکاتێکدایە هەرێم و بەغداد گەیشتوونەتە ڕێککەوتن لەسەر پرسی مووچەو نەوت، لەو چوارچێوەیەدا کۆتایی هەفتەی ڕابردوو وەزارەتی دارایی عێراق مووچەی مانگی پێنجی بۆ هەرێم نارد.