دادگای فیدراڵی سێ‌ سكاڵای دیكەی هەرێمی كوردستانی لەبارەی مووچە و پرۆژەی ڕووناكی ڕەت كردەوە

28-07-2025 11:25

پەرەگراف

دادگای باڵای فیدراڵی سێ‌ سكاڵای دیكەی هەرێمی كوردستانی لەبارەی مووچە و ‏كارەبای 24 كاتژمێریی پرۆژەی ڕووناكی ڕەت كردەوە. هەفتەی پێشوویش شەش ‏سكاڵای دیكەی لەسەر هەرێم ڕەت كردەوە.‏

دادگاكە ئەمڕۆ لەبارەی دوو سكاڵای مامۆستایان و فەرمانبەران دەربارەی مووچە كۆبووەوە، هاوكات دەربارەی سكاڵایەكی نەوەی نوێ لەسەر پرۆژەی ڕووناكی كۆبووەوە و لەسەر هەرسێ سكاڵاكە دەڵێت "بڕیار درا بە ڕەتكردنەوەی سكاڵاكان بەهۆی ئەوەی لە پسپۆڕیی دادگاكە نین".

دادگای باڵای فیدراڵی کە بە سەرۆکێکی نوێوە دەستی بە کارەکانی کردووەتەوە، هەفتەی پێشوو لە ماوەی سێ ڕۆژدا شەش سکاڵای دژی گرێبەستەکانی غاز و پەرلەمانی کوردستان و پارێزگای هەڵەبجە ڕەت كردەوە.

سكاڵاكانی مووچە

سکاڵاى یەکەم لەلایەن ڕەمەزان عەبدولڕەحمان محەمەد و کاروان ئەحمەد سڵێمانەوە لەسەر وەزیرى دارایى حکومەتى فیدراڵى تۆمار کرابوو.

داوایان كردبوو "گرنتیى بەردەوامیى خەرجکردنى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێم بدرێت بەشێوەى مانگانە و لە کاتى خۆیدا لەلایەن وەزارەتى دارایى فیدراڵەوە، بەبێ گوێدان بە ناکۆکییەکانى نێوان حکومەتى فیدراڵى و حکومەتى هەرێم سەبارەت بە لێکدانەوەکانى یاساى بودجە و هەر هۆکارێکى تر".

هەروەها داواى دەرکردنى فەرمانسالارییەکیان كردبوو بۆ ئەوەى وەزارەتى دارایى فیدراڵ دەستبەجێ پابەند بکرێت بە خەرجکردنى مووچەى مووچەخۆرانى هەرێم تا یەکلاییکردنەوەى سکاڵاکە.

سکاڵاى دووەم لەلایەن مامۆستایانى ناڕازیى هەرێم (دلاوەر عەلى محەمەد ساڵح، زریان عەلى محەمەد، سامان عەلى ساڵح)ـەوە لەسەر سەرۆکى ئەنجوومەنى وەزیران و وەزیرى دارایى تۆمار کرابوو.

لە سکاڵاکەدا داوا كرابوو "بڕیار بدرێت بە دوورخستنەوەى مووچەى مووچەخۆرانى هەرێم لە ململانێى سیاسى و ئینفاقى فیعلى".

سكاڵای دژی پرۆژەی ڕووناكی

سکاڵاکە لەلایەن سروە عەبدولواحید، سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق، لەسەر سەرۆکی هەرێم و سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان تۆمار كرابوو، کە تێیدا داوای هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم دەکات سەبارەت بە پڕۆژەی ڕووناکی کە لە سەرجەم پارێزگاکانی هەرێم لە جێبەجێکردندایە و گەیشتووەتە زیاتر لە نیو ملیۆن بەشدار بوو، لە ئێستادا زیاتر لە ٢ ملیۆن هاووڵاتیی لێی سوودمەندن.

ئەو سکاڵایەی نەوەی نوێ ڕۆژی 20ـی ئەم مانگە دادگای فیدراڵی دانیشتنی لەسەر کرد و بۆ ٢٨ـی مانگ دواخرا.

سكاڵاكان لە دژی بەپارێزگاكردنی هەڵەبجە

سكاڵای یەكەم لە دژی بەپارێزگاكردنی هەڵەبجە، لەلایەن پێنج پەرلەمانتاری عێراقەوە (محەمەد جاسم خەفاجی، حەیدەر محەمەد كازم، مستەفا خەلیل گەرعاوی، باسم خزەیەر كازم و نفوز حسێن موسەوی) تۆمار كرابوو.

سكاڵاكە لە دژی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق، جێگری یەكەم و دووەمی سەرۆكی پەرلەمان تۆمار كردبوو. تێیدا داوا كرابوو ڕێكارەكانی دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان بۆ دەنگدان لەسەر پرۆژەیاسای هێنانەكایەی پارێزگای هەڵەبجە و دەنگدان لەسەر هەندێك پلەی تایبەت بە نادروست لەقەڵەم بدات، بەوپێیەی بەقسەی ئەوان لە كاتی دەنگدانەكەدا ڕێژەی یاسایی پەرلەمانتاران لە دانیشتنەكەدا ئامادە نەبوون.

ئەو پەرلەمانتارانە داوایان لە دادگای فیدراڵی كردبوو فەرمانسالارییەك بۆ ڕاگرتنی ڕێكارەكانی دەركردنی یاسای (هێنانەكایەی پارێزگای هەڵەبجە) دەربكات.

سكاڵای دووەم دژی بەپارێزگاكردنی هەڵەبجە، لەلایەن پەرلەمانتارێكی عێراق بە ناوی (ئەمیر كامیل مەعمووری) لەسەر سەرۆككۆماری عێراق تۆمار كرابوو.

ئەو پەرلەمانتارە لە سكاڵاكەدا داوای لە دادگای فیدراڵی كردبوو مەرسومە كۆمارییەكەی ڕۆژی ٢٩-٠٤-٢٠٢٥ـی سەرۆككۆماری عێراق تایبەت بە (هێنانەكایەی پارێزگای هەڵەبجە) وەكو پارێزگای نۆزدەیەمی عێراق، ڕەت بكاتەوە و فەرمانسالارییەك بۆ ڕاگرتنی مەرسومەكە دەربكات.

دادگای فیدراڵی هەردوو سكاڵاكەی دژی بەپارێزگاكردنی هەڵەبجە ڕەت كردەوە.

سكاڵاكان لە دژی پەرلەمانی كوردستان

سكاڵای یەكەم لەلایەن عومەر عەبدوڵڵا گوڵپی، ئەندامی پێشووی پەرلەمانی كوردستان لە فراکسیۆنى کۆمەڵى دادگەرى، لەسەر سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی پەرلەمانی كورستان تۆمار كرابوو.

عومەر گوڵپی لە سکاڵاکەدا داواى کردبوو دادگا بڕیار بدات بە هەڵوەشاندنەوەی‌ خولی‌ شەشەمی‌ پەرلەمانی‌ کوردستان، ڕاسپاردنی‌ کۆمسیۆنی‌ باڵای‌ هەڵبژاردنەکان بە ئەنجامدانەوەی‌ هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی‌ کوردستان لە نزیکترین کاتدا، بەو پاساوەى پەرلەمانەکە نەیتوانیوە ئەرکەکانى خۆى ئەنجام بدات و لە ماوەى یاساییدا کۆبوونەوەى یەکەمى ئەنجام بدات و دەستەى سەرۆکایەتى هەڵبژێرێت.

هەروەها داوى کردبوو هەموو ئەو ئیمتیازە ماددیانەی‌ پەرلەمانتاران لە ماوەی‌ ڕابردوودا وەریانگرتووە، لێیان وەربگیرێتەوە، بەو پاساوەى هیچ کارێکیان نەکردووە.

سکاڵاى دووەم لەلایەن سروە عەبدولواحید، سەرۆکى فراکسیۆنى نەوەى نەوێ لە پەرلەمانى عێراق و کوردەوان جەمال، سەرۆکى فراکسیۆنى نەوەى نوێ لە پەرلەمانى کوردستان و کاوە عەبدولقادر، ئەندامى پێشووى جووڵانەوەکە لە پەرلەمانى کوردستان،  لەسەر سەرۆکى هەرێمى کوردستان تۆمار کراوە.

نەوەى نوێ لە سکاڵاکەدا سەرۆکى هەرێمى تۆمەتبار کردووە بەوەى کە دەبوو بەپێى یاساى سەرۆکایەتیى هەرێم، پەرلەمانى کوردستان هەڵبوەشێنێتەوە، چونکە نەیتوانیوە لە وادەى یاساییدا سەرۆکایەتیى پەرلەمان و کابینەى نوێى حکومەت هەڵبژێرێت، بەڵام سەرۆکى هەرێم ئامادە نەبووە بڕیار بدات بە هەڵوەشاندەوەى پەرلەمان.

ئەم دوو سکاڵایەش لەلایەن دادگاى باڵاى فیدراڵیى عێراقەوە ڕەت کرانەوە، بەو پاساوەى سکاڵاکان لە چوارچێوەى پسۆڕى و تایبەتمەندیى دادگاکەدا نین.

سکاڵاکان لە دژى گرێبەستەکانى هەرێم

سکاڵاى یەکەم لەلایەن پەرلەمانتار ڕائید حەمدان مالیکى، ئەندامى لیژنەى یاسایى پەرلەمانى عێراق، لەسەر سەرۆکوەزیرانى هەرێمى کوردستان و وەزیرى سامانە سروشتییەکانى هەرێم تۆمار کرابوو

ئەو پەرلەمانتارە لە سکاڵاکەدا داواى کردبوو دادگاکە بڕیار بدات بە پووچەڵبوونى ئەو گرێبەست و ڕێککەوتنانەی هەرێمى کوردستان لەگەڵ هەردوو کۆمپانیای نەوتی ئەمریکی (وێستن زاگرۆس و ئێچ کەى ئێن ئینێرژی) سەبارەت بە وەبەرهێنان لە کێڵگەکانی (میران، تۆپخانە-کوردەمیر) لە ١٩-٠٥-٢٠٢٥ ئەنجامی داون، بەوپێیەی پێشێلکاریی ماددە و بڕگەکانی دەستووری عێراقە.

پەرلەمانتارەکە داوایشى لە دادگاى فیدراڵى کردبوو، سکاڵالێکراوان پابەند بکات بەوەى لە داهاتوودا هیچ گرێبەستێکى نەوت و غاز بەبێ گەڕانەوە بۆ حکومەتى فیدراڵى ئەنجام نەدەن. هەروەها فەرمانسالارییەک لە دژی تۆمەتباران دەردەچێت، بۆ ڕاگرتنی جێبەجێکردنی ئەو گرێبەست و ڕێککەوتنانە.

دادگاى فیدراڵى ئەم سکاڵایەى بە "پووچەڵ" دانا و کۆتایى پێ هێنا.

سکاڵاى دووەم لەلایەن پەرلەمانتار باسم نەغیمش غەریباوى، ئەندامى لیژنەى نەوت و غاز و سامانە سروشتییەکانى پەرلەمانى عێراقەوە لەسەر سەرۆکى حکومەت و وەزیرى سامانە سروشتییەکانى هەرێمى کوردستان تۆمار کرابوو.

لە سکاڵاکەدا داواى لە دادگاکە کردبوو "بڕیار بدات بە نادەستووریبوونى ئەو گرێبەستانەى کە لەلایەن هەرێمى کوردستانەوە لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکییەکان ئەنجامى دراون، سەبارەت بە وەبەرهێنان لە کێڵگەکانى (میران و کوردەمیر-تۆپخانە)".

هەروەها داواى کردبوو دادگاى فیدراڵى بڕیار بدات بەوەى "ئەو گرێبەستانە کە لە ڕۆژى ١٩-٠٥-٢٠٢٥ ئەنجام دراون، پووچەڵن". هەروەها "سکاڵالێکراوان پابەند بکات بەوەى لە داهاتوودا هیچ گرێبەستێکى نەوت و غاز بەبێ گەڕانەوە بۆ حکومەتى فیدراڵى ئەنجام نەدەن".

ئەم سکاڵایەش لەلایەن دادگاى باڵاى فیدراڵییەوە بڕیار درا بە ڕەتکردنەوەى.