وەزیری ناوخۆ: ئەو گرووپانەی هێرشی درۆنیی دەکەنە سەر هەرێم لای ئێمە و عێراقیش ئاشکران
پەرەگراف
وەزیری ناوخۆی هەرێم دوای کۆبوونەوە لەگەڵ ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا ڕایگەیاند، تا ئێستا هیچ رێکارێک لەلایەن بەغداوە نەگیراوەتەبەر و سنوورێک بۆ ئەو گروپانە دانەنراوە کە هێرشی درۆنیی دەکەنەسەر هەرێمی کوردستان.
"ئەو گروپانەی هێرشی درۆنیی دەکەنەسەر هەرێم لەلای ئێمەو حکومەتی عێراقیش ئاشکران و پێویستە ڕێکاری یاسایی و ئەمنیی لە دژیان بگیرێتەبەر" ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی هەرێم وای وت.
قاسم ئەعرەجی ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق بەیانیی ئەمڕۆ بە سەرۆکایەتی شاندێکی باڵا بۆ لێکۆڵینەوە لە هێرشە درۆنییەکان گەیشتە هەولێر، چەند کاتژمێرێک بەرلە گەیشتنی شاندەکە، دوو درۆن لە قەزای خەبات نزیک لە هەولێر کەوتنەخوارەوەو زیانی گیانییان لێنەکەوتەوە.
وەزیری ناوخۆی هەرێم وتیشی "پێشتریش چەندین لیژنە دروستكراون و گەیشتوونەتە دەرئەنجامیش، بەڵام تا ئێستا هیچ ڕێكارێك نەگیراوەتە بەر و سنوورێك بۆ ئەو گرووپانە دانەنراوە".
ڕێبەر ئەحمەد ئاماژەی بەوە كرد كە بەهۆی هێرشەكانەوە بەرهەمهێنانی نەوت تا ئاستێك دابەزی كە نەتوانرا بڕی پێویستی نەوت بەپێی ئەو ڕێكەوتنەی لەگەڵ بەغدا كراوە، هەناردە بكرێت.
لایخۆیەوە ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق وتی "هەر هێرشێک بۆسەر هەربەرژەوەندییەکی ئابوری زیان بە عێراق و هەرێم دەگەیەنێت، هێزە ئەمنییەکان توانایەکی باشیان هەیەو لەم ماوەیەدا لیژنەکان چەند خاڵێکیان دەستنیشان کردووەو ئەمڕۆ زانیارییەکانمان ئاڵوگۆڕکرد لەگەڵ هەرێم و ئامانجمان ئەوەیە ئەمن و ئاسایش لەناوچەکەدا هەبێت و چاوەڕێی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان بکەن".
ئەعرەجی وتیشی "ئێمە یاسا جێبەجێ دەکەین و پێویستە لەسەر هەموان جێبەجێ بکرێت و دەبێت یاسا لەسەر ئەوانەش جێبەجێ بکرێت کە کەمتەرخەمبوون".
لە ٣٠ـى حوزەیرانەوە هێرشى درۆنى بۆ سەر هەرێمى کوردستان دەستى پێ کردووە، بەڵام لە ١٤ـى تەمووزەوە کێڵگە نەوتییەکان کرانە ئامانج. نزیکەى ١٥ هێرش ئەنجام دراون، حەوت هێرشیان بە نۆ درۆن کێڵگە نەوتییەکانیان بەئامانج گرت: خورمەڵە یەک هێرش بە دوو درۆن، پیشخاپوور یەک هێرش بە دوو درۆن، تاوکێ دوو هێرش بە دوو درۆن، هاند ئۆیڵ دوو هێرش بە دوو درۆن، سەرسەنگ یەک هێرش بە یەک درۆن، ئەمە جگە لە کەوتنە خوارەوەى چەندین درۆن لە ناوچەى بێ ئامانج.
بەپێی بەدواداچوونێكی پەرەگراف، لە كۆی هەشت ناوچەی گرێبەستی نەوتی كە لە کاردا بوون و نۆ كێڵگەن، پێنجیان هێرشیان كراوەتە سەر. ئەو كێڵگە نەوتییانەی كە كراونەتە ئامانج، بە هەموویان زۆرینەی بەرهەمی نەوتی هەرێم پێك دەهێنن. هەر مەترسیی ئەو هێرشانە وای كردووە بەرهەمهێنانی نەوت لە هەندێك كێڵگەی دیكەش ڕابگیرێت.