شاسوار عەبدولواحید و سەرجەم خۆبەخشەكانی نەوەی نوێ‌ ئازاد كران

30-05-2019 12:55

پەرەگراف

شاسوار عەبدولواحید و سەرجەم خۆبەخشەكانی نەوەی نوێ‌ ئەمڕۆ بە كەفالەت ئازاد كران تا ڕۆژی دادگایی كردنیان.

هیمداد شاهین، بەرپرسی ئۆفیسی دیسكی عێراق لە نەوەی نوێ‌، بە پەرەگرافی ڕاگەیاند "ئەمڕۆ داوەر بڕیاری ئازادكردنی شاسوار عەبدولواحید سەرۆكی جووڵانەوەی نەوەی نوێ‌ و سەرجەم خۆبەخشە دەستگیركراوەكانی جووڵانەوەكەی بە كەفالەت دەركردووە".

هاوكات پەیجی فەرمیی دادگای سلێمانی لە فەیسبوك بڵاویكردەوە، سەرجەم تۆمەتبارانی دۆسیەی پەرلەمانتار (شادی نەوزاد) بە بارمتەی یاسایی ئازاد كران.

"دوای ئەوەی دادگای لێكۆڵینەوەی ئاسایشی سلێمانی لێكۆڵینەوەی تەواو و پێویستی كرد لە دۆسیەكەدا، بەڕێز دادوەری لێكۆڵینەوە گەیشتە ئەو بڕوایەی كە بەبارمتە ئازادكردنی تۆمەتباران زیانی بۆ ڕەوتی لێكۆڵینەوە نابێت، بۆیە ئەمڕۆ پێنج شەممە 30-5-2019 بڕیاریدا بە ئازادكردنی سەرجەم تۆمەتباران لە هەموو كەیسەكانیاندا بە بارمتەی دارایی تا ڕۆژی دادگایی كردنیان" دادگای سلێمانی وادەڵێت.

ڕۆژی 15-5 دادگای لێكۆڵینەوەی ئاسایشی گشتی، فەرمانی دەستگیركردنی شاسوار عەبدولواحید، سەرۆكی جووڵانەوەی نەوەی نوێی دەركرد. ڕۆژی 16ی مانگیش شاسوار عەبدولواحید خۆی ڕادەستی دادگا كرد و لەبەردەم دادوەردا سەرجەم ئەو تۆمەتانەی ڕەتكردەوە كە ڕووبەڕووی كراونەتەوە، بەڵام دادوەر فەرمانی ڕاگرتنی دا تا ئەمڕۆ لە زینداندا بوو.

فەرمانی دەستگیركردنەكە دوای هات 10ی ئەم مانگە ئاسایشی هەرێم ڤیدیۆی تۆمەتبارانی نەوەی نوێی بڵاوكردەوە كە دان بە وەدا دەنێن هەڕەشەیان لە چەند پەرلەمانتارێكی جووڵانەوەكەیان كردووە و چەندین تۆمەتیان بۆ سیاسییە ڕكابەرەكانی حیزبەكەیان دروست كردووە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە، ئەوان دەڵێن، ئەو كارەیان بە "ئاگاداری ‌و فەرمانی شاسوار عەبدولواحید سەرۆكی جووڵانەوەكە كردووە"، بەڵام شاسورا بە تووندی ئەوە ڕەتدەكاتەوە‌و پێی وایە ئەو كەسانە لەژێر فشاردا بەو جۆرە قسەیان كردووە.