سامانە سروشتییەكان بۆ وەزیری نەوتی عێراق: داوای ڕادەستكردنی نەوتی هەرێم نادەستوورییە

18-01-2021 11:21
بۆریی هەناردەی نەوتی هەرێم بۆ توركیا، خاكی كوردستان. وێنە؛ پەرەگراف.

پەرەگراف

وەزارەتی سامانە سروشتییەكان لەسەر چەند پرسێك وەڵامی وەزیری نەوتی عێراق دەداتەوەو ڕایدەگەیەنێت، داوای ڕادەستكردنی دۆسیەی نەوتی هەرێم، داوایەكی نادەستوورییە، بەڵام ئامادەن داهاتی 250 هەزار بەرمیلی ڕۆژانە ڕادەستی حكومەتی فیدراڵ بكەن لە بەرامبەر ئەوەی ماف و شایستە داراییەكانی هەرێم دابین بكات.

دەقی وەڵامەكەی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان:

وەزیری نەوتی عێراق بەڕێز ئیحسان عەبدولجەبار لە چاوپێكەوتنێكدا ئاماژەی بە چەند بابەتێكی پەیوەندیدار بە نەوتی هەرێمی كوردستان كردبوو، لێرەدا بە پێویستی دەزانین چەند روونكردنەوە و راستكردنەوەیەك سەبارەت بەو بابەتانە بدەین كە لە چاوپێكەوتنەكەدا باسكراون:

یەكەم: بەڕێز وەزیری نەوتی حكومەتی فیدراڵی ئاماژەی بەوە كردووە كە تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت لە كوردستان بەرزە و نەوتی هەرێمی كوردستان بە 10 دۆلار كەمتر لە نرخی نەوتی خاوی عێراق دەفرۆشرێت.

بێگومان ئەمە چەند هۆكارێكی هەیە، لەوانە پێكهاتە و سروشتی ئاڵۆزی كێڵگەكانی هەرێمی كوردستان بە شێوەیەكە كە تێچووی دەرهێنانی زیاتر بێت لە كێڵگە نەوتییەكانی عێراق. سەبارەت بە نرخەكەشی بەداخەوە بە هۆی ئەو كێشە و ئاستەنگانەی لە لایەن حكومەتی فیدراڵی و كۆمپانیای سۆمۆوە بۆ نەوتی هەرێم دروست دەكرێت، نرخی نەوتی هەرێم كەمترە لە نرخی بازاڕەكانی جیهان.

دووەم: لە چاوپێكەوتنەكەدا بەڕێز وەزیری نەوتی فیدراڵی، داوای ئەوە دەكات دۆسیەی نەوتی هەرێم ڕادەستی سۆمۆ بكرێت و بە شێوەیەكی ( مەركەزی) بەڕێوە ببرێت . لە كاتێكدا بە پێی دەستوور، عێراق دەوڵەتێكی فیدراڵییە و مەركەزیی نییە. بە پێی دەستووریش، كە زۆرینەی عێراقییەكان دەنگیان پێداوە، هەرێمی كوردستان مافی دەرهێنان و فرۆشتنی نەوتی هەیە. بۆیە داوای ڕادەستكردنی دۆسیەی نەوتی هەرێم، داوایەكی نا دەستوورییە. بەڵام لە هەمانكاتدا ئێمە ئامادەیی خۆمان دەربڕیوە بۆ ئەوەی داهاتی 250 هەزار بەرمیلی ڕۆژانە ڕادەستی حكومەتی فیدرالی بكەین لە بەرامبەر ئەوەی ماف و شایستە داراییەكانی هەرێم دابین بكەن. هەمیشە ئامادەشین كێشەكانی نێوانمان بە پێی دەستوور چارەسەر بكەین و بگەینە ڕێككەوتنێكی هاوبەش كە لە بەرژوەوەندی هەموو هاووڵاتییانی عێراقدا بێت.

سێیەم: سەبارەت بە پابەندبوون بە بڕیارەكانی ئۆپێك ، هەرێمی كوردستان پابەندبووە بەو بڕەی بۆی دیاریكراوە كە 430 هەزار بەرمیلی ڕۆژانەیە، لە كاتێكدا هەرێم تەنیا نزیكەی بیست و پێنج هەزار بەرمیلی بۆ بەكارهێنانی ناوخۆیی داناوە، بەڵام حكومەتی فیدراڵی یەك ملیۆن بەرمیلی بۆ بەكارهێنانی ناوخۆییە.

بەپێی ڕێژەی هەرێمی كوردستان لە بودجەی فیدراڵی بێت كە 12.67% دەبووایە هەرێم زیاتر لە شەش سەت هەزار ( 600,000 ) بەرمیل بەرهەم بهێنێت لە كۆی پێنج ملیۆن بەرمیلی بەرهەمی عێراق، بەڵام هەرێم تەنیا چوارسەد و پەنجا هەزار بەرمیل بەرهەم دێنێت، واتە هەرێمی كوردستان زۆر لە بەشی خۆی كەمتر بەرهەم دەهێنێت. بۆیە ئەوەی لە بەشی خۆی زیاتر نەوتی بەرهەمی هێناوە حكومەتی عێراقە نەك هەرێم، بۆیەش دەبێت حكومەتی عێراق بەرهەمی خۆی كەم بكاتەوە نەك ئەو داوایە لە هەرێم بكات. سەرەڕای ئەوەش هەرێمی كوردستان بۆ بەشداری لە كەمكردنەوەی بەرهەمێنان، سی هەزار (30.000 ) بەرمیلی لە بەرهەمهێنانی خۆی كەم كردووەتەوە.

چوارەم: بەڕێز وەزیری نەوتی فیدراڵی ئاماژەی بەوە كردووە كە كێڵگە نەوتییەكانی كەركووك سەر بە بەغدان. لە كاتێكدا ئاشكرایە كە كەركووك بە پێی دەستوور، ناوچەیەكی كێشە لەسەرە و پێویستە بە پێی ماددەی 140 خاوەندارێیتی ئەو ناوچانە چارەسەر بكرێت.

لە كۆتاییدا جارێكی دیكەش ئامادەیی خۆمان بۆ چارەسەركردنی بابەتەكانی پەیوەست بە دۆسیەی نەوت دەردەبڕین بە شێوەیەك لە بەرژەوەندی هەردوولاماندا بێت.

وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان