د. یوسف محەمەد: لێبڕینی 3%ـی مووچە نایاساییە و پێویستە هەڵبوەشێندرێتەوە

29-07-2025 07:32

پەرەگراف

سەرۆكی پێشووی پەرلەمانی كوردستان دەڵێت "لێبڕینی 3%ـی مووچە لەلایەن وەزارەتی دارایی هەرێمەوە، نایاساییە و پێویستە هەڵبوەشێندرێتەوە. فەرمانبەران و خانەنشینان دەتوانن لە دادگای كارگێڕی تانەی لێ‌ بدەن". د. یوسف محەمەد ڕایشیدەگەیەنێت "لێبڕینەكە هیچ پەیوەندییەكی بە حكومەتی فیدڕاڵییەوە نییە، بەڵكو لەسەر خواستی دەسەڵاتدارانی هەرێمە".

بەپێی گشتاندنێكی وەزارەتی دارایی كە لە 02-06-2025 دەركراوە، ئەو فەرمانبەر و خانەنشینانەی یاسای خانەنشینیی یەكگرتووی عێراق دەیانگرێتەوە، 3% لە مووچەكانی ماوەی 10 ساڵ و شەش مانگیان (01-01-2014 تا 30-06-2024) لێ‌ دەبڕدرێت. كۆی ئەو پارەیەش لە فەرمانبەران بە سێ‌ ساڵ و خانەنشینان بە پێنج ساڵ دەبڕدرێت و لە مووچەی مانگی شەشی ئەمساڵەوە دەست پێ‌ دەكات.

پاساوی وەزارەتی دارایی هەرێم بۆ ئەو لێبڕینە، ئەوەیە كە یاسای خانەنشینیی یەكگرتووی عێراق لە 01-01-2014ـەوە چووەتە بواری جێبەجێكردنەوە و بەپێی یاساكە لێبڕینی خانەنشینی 10%یە، بەڵام فەرمانبەرانی هەرێم لە ڕابردوودا 7%یان لێ‌ بڕاوە و ئێستا كە یاساكە دەیانگرێتەوە دەبێت ئەو 3% وەكوو قەرز بگەڕێننەوە.

د. یوسف محەمەد، سەرۆكی پێشووی پەرلەمانی عێراق، لە نووسینێكدا ڕوونكردنەوە لەبارەی نایاساییبوونی ئەو بڕیارەی وەزارەتی دارایی هەرێمەوە دەدات و بە سەرسوڕمانەوە دەپرسێت "چۆن دەسەڵاتدارانی هەرێم بیریان لەو جیاوازیی لێبڕینی خانەنشینییەی فەرمانبەران كردەوە، بەڵام بیریان لە هاوتاكردنەوەی مووچەی خانەنشینان لەو كاتەوە نەكردەوە؟! یان چۆن بیریان لەو هەموو مووچەیە نەكردەوە كە نەیان داوە؟! یان بیریان لەو هەموو لێبڕینەی تر نەكردەوە كە بەهۆی وەستاندنی نایاسایی پلەبەرزكردنەوەوە لە فەرمانبەرانی هەرێمی دەبڕن؟!".

دەقی نووسینەكەی د. یوسف محەمەد:

دوابەدوای سەركەوتنی داواكەمان لە دادگای باڵای فیدڕاڵی بە ژمارە (212/ فیدڕاڵی/ 2022) و، دەرچونی بڕیاری دادگا سەبارەت بە هاوتاكردنی موچەی سەرجەم خانەنشینانی هەرێم لەگەڵ خانەنشینانی عێراق و، جێبەجێ كردنی یاسای خانەنشینیی یەكگرتو ژمارە (9)ی ساڵی 2014ی هەموار كراو، دەسەڵاتدارانی هەرێم پاش دەستی دەستییەكی زۆر دواجار لەمانگی 7ی ساڵی رابردوەوە دەستیان كرد بەجێبەجێ كردنی بڕیارەكەی دادگای فیدڕاڵی.

یەكێك لەو كێشانەی لەجێبەجێ كردنی یاسای ژمارە (9)ی ساڵی 2014 هاتۆتەكایەوە، نەبونی سندوقی خانەنشینییە لە هەرێم، هەرچەندە بەم دواییانە بڕیاری دروست كردنی سندوقەكە دراوە، بەڵام بەهۆی نەبونی ئەم سندوقە لە رابردودا، كۆی لێبڕینی خانەنشینیی فەرمانبەرانی هەرێم و بەشداریی دەوڵەت بۆ سندوقی خانەنشینی لە هەرێمی كوردستان دیار نییە و نازانرێ چیی لێكراوە!؟

لەم ڕۆژانە لە میدیاكانەوە بابەتی لێبڕینی خانەنشینی بە بڕی (3%)ی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بۆ هەموو ساڵەكانی دوای (1/ 1/ 2014) وروژێنرا، گوایا لەسەر داوای حكومەتی فیدڕاڵییە، دواتریش «نوسراوێكی وەزارەتی دارایی»ـی هەرێمم بەدەست گەیشت كە رێنمایی ئەم لێبڕینەیە و لەخوارەوە وێنەیەكی دادەنێم.

دوای لێكۆڵینەوەی ئەم شێوازە لە لێبڕین و بەو شێوەیەی لەو نوسراوەدا هاتوە، دەردەكەوێت كە ئەو لێبڕینە هیچ پەیوەندییەكی بە حكومەتی فیدڕاڵییەوە نییە، بەڵكو لەسەر خواستی دەسەڵاتدارانی هەرێمە. بەڵام ئەگەر لەسەر خواستی حكومەتی فیدڕاڵیش بێت، ئەوا داواكارییەكی ناڕەوایە و، لە ڕوی یاساییەوە هەڵەیە و لە هەمان كاتیشدا ستەمێكی گەورەیە لەفەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێم لەبەر ئەم چەند خاڵەی خوارەوە:

1. ئەوە راستە كە بە جێبەجێ كردنی یاسای ژمارە (9)ی ساڵی 2014، پێویستە بەپێی (مادەی 17/ یەكەم)ـی یاساكە لێبڕینی خانەنشینیی فەرمانبەران لە (7%)ەوە بگۆڕێت بۆ (10%)، بەڵام ئەی (7%)ەكەی كە لە پێشوتر لە موچەی فەرمانبەران بڕدراوە كوا!؟ ئەی باشە هەر بەپێی هەمان مادەو بەند ئەبێت بەشداریی خەزێنەی گشتی لە لێبڕینی خانەنشینی (15%) بێت، ئەی بۆ باس لەمە نەكراوە و ئەمەش نەكراوەتە قەرز لەسەر «حكومەتی هەرێم» و مانگانە (15%)ی موچەی بنەڕەتیی فەرمانبەران وەك قەرز لەسەر خۆیان هەژمار بكەن بۆ هەمو ساڵەكانی دوای (1/ 1/ 2014) و بیدەنەوە!؟

2. لەو نوسراوەدا ئاماژە بەوە نەدراوە كە ئەم پارەیە لە موچەی مانگەكانی داهاتوی فەرمانبەران و خانەنشینان ئەبڕێت، ئەچێ بۆ كوێ!؟ خۆی لێبڕینی خانەنشینی لە فەرمانبەر و لە دەوڵەت كە ئەكاتە (25%)ی موچەی بنەڕەتیی فەرمانبەر، بەپێی یاسای خانەنشینی ئەبێت بە داهات بۆ سندوقی خانەنشینی. ئایا وەك هەمو لێبڕینی خانەنشینییەكانی پێشوی فەرمانبەرانی هەرێم ون ئەكرێت و كەس نازانێت چیی لێدێت!؟ ئایا چی ئەكەن بۆ بەستنەوەی لێبڕینی خانەنشینیی فەرمانبەرانی هەرێم بە سندوقی خانەنشینیی عێراق!؟

3. باشە ئێستا كە بە (أپر رجعی) لێبڕینی خانەنشینیی فەرمانبەران بەپێی یاسای خانەنشینیی یەكگرتوی ئاماژەپێدراو وەك قەرز ئەبڕن، ئەی ئایا ئەو هەمو فەرمانبەرەی لە (1/ 1/ 2014)ەوە خانەنشین بوون و شایستەی خانەنشینییەكی زیاتر بون بەپێی ئەو یاسایە، یان ئەوانەی پێش 2014 خانەنشین بون و بەپێی یاساكە دەبو لە 1/ 1/ / 2014ەوە موچەكەیان هەموار بكرێتەوە، ئایا قەرەبوی هەمو ئەو ماوەیەیان بۆ ئەكەنەوە و موچەكانی ئەو ماوەیەیان هاوتا ئەكەنەوە لەگەڵ یاساكە!؟

4. لە ڕوی یاساییەوە و بەپێی مادەی (37/ یەكەم)ی پەیڕەوی ناوخۆی دادگای باڵای فیدڕاڵی ژمارە (1)ی ساڵی 2022، بڕیارەكانی ئەو دادگایە لە رۆژی دەرچونیانەوە ئەچنە بواری جێبەجێ كردنەوە. بڕیاری (212/ فیدڕاڵی/ 2022) سەبارەت بە خانەنشینانی هەرێم و پابەند كردنی دەسەڵاتدارانی هەرێم بە جێبەجێ كردنی یاسای ژمارە (9)ی ساڵی 2014ی هەمواركراو، لە رۆژی (23/ 11/ 2022) دەرچوە. واتە لەو بەروارەوە ئەو یاسایە بەركارە بۆ پرسی خانەنشینی بە لێبڕینی خانەنشینی و بە موچەشەوە. واتە لەو بەروارەوە پێویستە لێبڕینی خانەنشینیی فەرمانبەر و دەوڵەت وەك یاسا بەركارەكەی لێبكرێ و، بە هەمان شێوە لەو بەروارەوە موچەی سەرجەم خانەنشینانی هەرێم هاوتا بكرێت، نەك لێبڕینی خانەنشینی هەموار بكرێ بەڵام موچەی خانەنشینی هاوتا نەكرێت! ئەگەر دەسەڵاتدارانی هەرێم ئەیانەوێت یاسای خانەنشینیی بەركار لە 2014ەوە بە (أپر رجعی) جێبەجێ بكەن ئەوا پێویستە هەموی جێبەجێ بكەن نەك تەنها لێبڕینی خانەنشینی!

5. هەموان ئەزانین دەسەڵاتی هەرێم لەماوەی 10 ساڵی رابردودا دەیان ملیۆن دیناری هەمو فەرمانبەران و خانەنشینان و موچەخۆرانی تری هەرێم قەرزارن.
دەبو بەپێی مادەی (13) لەو یاسای «چاكسازی»یەی هەڵایەكی گەورەی بۆ كرا، «وەزارەتی دارایی»ـی هەرێم سەرجەمی ئەو پاشەكەوت و لێبڕینانە كە لە موچەدا كراون هەژماریان بكات و بیانخاتە سەر ژمارە حسابێك، بۆ ئەوەی بەپێی رێنماییەك موچەخۆران سودمەند بن لێی، ئەی ئەم «وەزارەتی دارایی»یە بۆ ئەم ئەركە یاساییەی خۆی جێبەجێ نەكردوە!؟ باشە بە هۆی «پاشەكەوت»ـی زۆرەملێ و «لێبڕنەوە»ەوە موچەی هەندێك مانگی فەرمانبەران هەر نەدراوە، یانی چۆن ئەیانەوێت لێبڕینی خانەنشینی لە موچەیەك ببڕن كە هەر نەدراوە!؟ پێویستە ئەو قەرزەی فەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێم لە لێبڕینی خانەنشینیی ئەم سێ ساڵەی رابردوش بخرێتە سەر دەسەڵاتدارانی هەرێم كە سەدان قاتی ئەو لێبڕینی خانەنشینییە قەرزاری فەرمانبەرانی هەرێمن.

لە كۆتایی دا جێی سەرسوڕمانێكی گەورەیە كە چۆن دەسەڵاتدارانی هەرێم بیریان لەو جیاوازیی لێبڕینی خانەنشینییەی فەرمانبەران كردەوە، بەڵام بیریان لە بەشەكەی خۆیان لەو لێبڕینە نەكردەوە یان بیریان لە هاوتاكردنەوەی موچەی خانەنشینان نەكردەوە لەو كاتەوە!؟ یان چۆن بیریان لەو هەمو موچەیە نەكردەوە كە نەیانداوە بە موچەخۆران، یان بیریان لەو هەمو لێبڕینەی تر نەكردەوە كە بەهۆی وەستاندنی نایاسایی پلەبەرزكردنەوەوە لە فەرمانبەرانی هەرێمی دەبڕن و، هەر بە هۆی ئەمەشەوە لە كاتی خانەنشین كردنیشیان دا ستەمێكی گەورەیان لێئەكەن!؟ ئەمانە هەر لێبڕین ئەزانن، بەڵام ئامادە نین ئەرك و بەرپرسیارییەتەكانی خۆیان جێبەجێ بكەن.

هەر بۆیەش ئەو نوسراوە، نایاساییە و پێویستە هەڵبوەشێنرێتەوە، وەگەرنا فەرمانبەران و خانەنشینان ئەتوانن لە دادگای كارگێڕی تانەی لێبدەن.