بەڕێوەبەری تەندروستیی هەڵەبجە: سوپاس بۆ ئەنجومەنی وەزیران كە داواكاریمانی بۆ كڕینی ئامێری شكاندنی بەردی گورچیلە ڕەت كردەوە
پەرەگراف
ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بە پاساوی خراپیی بارودۆخی دارایی، داواكاریی تەندروستیی هەڵەبجە بۆ كڕینی ئامێری شكاندنی بەردی گورچیلە ڕەت دەكاتەوە. بەڕێوەبەری تەندروستیی هەڵەبجەیش بە توانجەوە دەڵێت "سوپاس كە داواكەتان ڕەت كردینەوە. داوا لە خەڵكی هەڵەبجە دەكەم ئاو زۆر بخۆنەوە با دوور بن لە بەردی گورچیلە".
بەپێی ئەو نووسراوانەی كە دكتۆر ئازاد مستەفا، بەڕێوەبەری تەندروستیی هەڵەبجە بڵاوی كردوونەتەوە، تەندروستیی هەڵەبجە لە مانگی یەكی ئەمساڵەوە داواكایی بۆ كڕینی ئامێرەكە ئاراستەی وەزارەتی تەندروستی كردووە و دواتر بۆ ئەنجومەنی وەیران بەرز كراوەتەوە، بەڵام دوای حەوت مانگ وەڵامیان داونەتەوە بە ڕەتكردنەوەی.
وەكوو لە نووسراوەكاندا هاتووە، ئەو ئامێری شكاندنی بەردی گورچیلەیە نرخەكەی یەك ملیار و 200 ملیۆن دینارە، كە بۆ حكومەت بڕەپارەیەكی زۆر نییە.
لە وەڵامی داواكارییەكەدا، ئومێد سەباح، سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم، دەڵێت "بەخۆی بارودۆخی دارایی هەرێمی كوردستان، لە ئێستادا ئەم جۆرە خەرجییانە ڕاگیراوە".
دكتۆر ئازاد مستەفا، بەڕێوەبەری تەندروستیی هەڵەبجە، لە هەژماری خۆی لە فەیسبووك بە توانجەوە دەڵێت "سوپاس بۆ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم كە داواكاریمانی بۆ كڕینی ئامێری شكاندنی بەردی گورچیلە بۆ تەندروستیی هەڵەبجە، ڕەت كردەوە".
بەڕێوەبەری تەندروستیی هەڵەبجە ڕەخنە لە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم دەگرێت و دەڵێت "هیوادارم بە یەك چاو سەیری هەموو شارەكانی وڵاتی خۆیان بكەن".
دكتۆر ئازاد مستەفا هەر بە توانجەوە لە حكومەت، داوا لە خەڵكی هەڵەبجە دەكات "ڕۆژانە ئاو زۆر بخۆنەوە، بۆ ئەوەی دوور بن لە بەردی گورچیلە"، چونكە وەكوو خۆی دەڵێت "كە بەردەكە دروست بوو، ئامێری شكاندنی بەردەكەمان نییە دەبێت بچنە سلێمانی".