ڕاگەیەندراوی حكومەتی هەرێم لەسەر ڕادەستكردنی نەوت و مووچە

30-07-2025 04:53

پەرەگراف

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كورستان پابەندیی خۆی بە لێكتێگەیشتنەكەی لەگەڵ بەغداد ‏ڕادەگەیەنێت و دەڵێت "ئەو بڕە نەوتەی ئێستا ئامادەیە بۆ هەناردەكردن، ڕادەستی كۆمپانیای ‏‏(سۆمۆ) دەكرێت بەمەبەستی هەناردەكردنی لە ڕێگای بەندەری جەیهانەوە".‏

ئەنجومەنەكە دوای كۆبوونەوەی ئەمڕۆی دەشڵێت "لیستی مووچە و تەرازووی پێداچوونەوەی ‏مانگی حوزەیران، ڕەوانەی وەزارەتی دارایی فیدراڵ كراوە و لە بەرامبەردا، دەبێت بەغدا مووچەی ‏مانگی حوزەیرانی مووچەخۆرانی هەرێم خەرج بكات".‏

ڕاگەیەندراوی حكومەتی هەرێم:‏

ئەمڕۆ چوارشەممە 30ی تەممووزی 2025، بە سەرپەرشتی سەرۆك وەزیران مەسرور بارزانی و ‏ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان ‏كۆبووەوە‎.‎

بڕگەی یەكەمی كۆبوونەوە، تاوتوێكردنی دوا هەنگاوەكانی خەرجكردنی مووچەی مانگی حوزەیران ‏و تەمموزی 2025 بوو لەبەر ڕۆشنایی بڕیاری هاوبەشی هەردوو ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵ و ‏هەرێمی كوردستان و بە دواداچوونی كاری لیژنە هاوبەشەكانی وەزارەتی دارایی و دیوانی چاودێری ‏دارایی فیدراڵ و هەرێمی كوردستان بە پێی دوا بڕیاری هەردوو ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵ و ‏هەرێم . سەرەتا ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی وئابووری، ڕاپۆرتێكی لەسەر پۆلێنكردنی داهاتە ‏گشتییەكان لە هەرێمی كوردستان و دەستنیشانكردنی جۆری داهات و سەرچاوەكەی و بنەمای ‏یاسایی وەرگرتنی خستەڕوو، كە مانگانە بە شێوازێكی ڕوون و شەفافانە، لە چوارچێوەی تەرازووی ‏پێداچوونەوە، پێشكەشی وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ كراوە و بە بەردەوامیش لەلایەن تیمی هاوبەشی ‏هەردوو دیوانی چاودێری داراییشی وردبینی بۆ كراوە‎.‎

وەزیری دارایی و ئابووری ئاماژەی بەوە دا كە نوێنەرەكانی هەرێمی كوردستان لە لیژنەی هاوبەشی ‏هەردوولا بۆ پۆلێنكردنی داهاتە نانەوتییەكان و دەستنیشانكردنی بەشی گەنجینەی فیدڕاڵیی لەم ‏داهاتانە، هاوكار بوون لە سەرخستنی كاری لیژنەكە و پشتبەست بە دەستوور و یاسای بەڕێوەبردنی ‏دارایی فیدڕاڵی و یاسای بودجەی سێ ساڵە، بە وردیی پێشنیاری هەرێمیان لەم بارەیەوە ئامادە ‏كردووە‎.‎

وەزیری دارایی و ئابووری، ڕوونیكردەوە كە لیستی مووچە و تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی ‏حوزەیران، ڕەوانەی وەزارەتی دارایی فیدراڵ كراوە و ئەركی وەزارەتی دارایی عێراقە كە لە ‏بەرامبەردا، مووچەی مانگی حوزەیرانی مووچەخۆرانی هەرێم خەرج بكات‎.‎

ئەنجومەنی وەزیران، دەستخۆشی لە وەزارەتی دارایی و ئابووری و تیمی دیوانی چاودێری دارایی و ‏دانوستان لەگەڵ بەغدا كرد بۆ ئەم ڕاپۆرتە شیكارییە سەبارەت بە داهاتە نانەوتییەكانی هەرێم و ‏هەوڵ و كاركردنیان لەم بارەیەوە. هەروەها ئەنجومەنی وەزیران ئەو تێڕوانینەی وەزارەتی ‏پەسەندكرد سەبارەت بە پۆلێنكردنی داهاتەكان لە چوارچێوەی ئەو دەقە دەستووریی و یاساییانەی ‏لە كۆبونەوەكەدا خرانەڕوو. نوێنەرانی هەرێمی كوردستانیشی لە لیژنە هاوبەشەكە لەگەل ‏حكومەتی فیدڕاڵ ڕاسپارد كە گفتوگۆی ئەم تێڕوانینە لەگەڵ هاوتاكانیان لە لیژنەكە بكەن، تا ‏وەكوو لە نزیكترین دەرفەتدا، دۆسیەی داهاتی نانەوتی یەكلایی ببێتەوە بە گوێرەی ئەو ڕێكارە ‏هاوبەشەی لە بڕیاری هەردوو ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم و فیدڕاڵدا هاتووە‎.‎

پاشان كەمال محەمەد ساڵح وەزیری سامانە سروشتییەكان بە وەكالەت، بابەتی دەستپێكردنەوەی ‏هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستانی لە بەر ڕۆشنایی دوا بڕیاری هاوبەشی ئەنجومەنی ‏وەزیرانی فیدراڵ و هەرێم خستەڕوو‎.‎

لە دوای گفتوگۆ، ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا كە حكومەتی هەرێمی كوردستان بەرپرسیارێتی ‏قەرەبووكردنەوەی كۆمپانیای نەوتی بەرهەمهێنەری ئەو بڕە نەوتە دەگرێتە ئەستۆ كە بە گوێرەی ‏بڕیاری هاوبەشی ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵ و هەرێم بۆ مەبەستەكانی بەكارهێنانی ناوخۆ لە ‏هەرێم، تەرخان كراوە. ئەو بڕە نەوتەی ئێستا ئامادەیە بۆ هەناردە و لە لایەن كۆمپانیا بیانییەكان ‏بەرهەم دەهێنرێت، ڕادەستی كۆمپانیای بە بازاڕكردنی نەوت (سۆمۆ) دەكرێت بەمەبەستی ‏هەناردەكردنی لە ڕێگای بەندەری جەیهانەوە.‏

ئەنجومەنی وەزیران دووپاتی كردەوە، كە حكومەتی هەرێمی كوردستان بەردەوامە لەسەر ‏پابەندبوون بە لەیەكتێگەیشتنی هاوبەشی نێوان هەردوولا و هەر لەم چوارچێوەیەش، دەبێت ‏حكومەتی فیدڕاڵ مووچەی مانگی حوزەیران و دواتریش مانگی تەمموز خەرج بكات هاوشێوەی ‏مووچەخۆرانی ناوچەكانی دیكەی عێراق ، چونكە هەرێم پابەندە بە جێبەجێكردنی ئەوەی ‏لەسەری بووە لە بارەی دۆسیەی نەوت و داهاتی نا نەوتی و حكومەتی هەرێم پیشتیوانی ‏سەرخستنی لەیەكگەیشتنی هاوبەشی نێوان هەردوولایە كە پێشتر لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانی ‏هەردوولا پەسەند كراوە‎.‎