پەرەگراف
پڕۆژەی ڕووناکی ئاماری نوێی بڵاوکردەوەو دەڵێت: پڕۆژەکە ئێستا کارەبای زیاتر لە 2,700,000 هاوڵاتیی هەرێمی کوردستانی کردووەتە 24 کاتژمێریی؛ ئەمەش نزیکەی %40ی سەرجەم هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستانە.
بەپێی ڕاپۆرتێکی پێشتری پەرەگراف خەڵک خۆیان لەگەڵ پڕۆژەکەو چۆنیەتی و بڕی بەکارهێنانی کارەبا ڕادەهێنن و ڕوودەکەنە کڕینی ئەو ئامێرانەی کارەبایەکی کەمتریان پێویستە بۆکارکردن.
نرخ و چۆنیەتی بەکارهێنانی کارەبای نیشتمانی لە پرۆژەی رووناکی، باسێکی گەرمی دانیشتنە خێزانی و کۆمەڵایەتییەکانە، بە تایبەت لەو ماڵانەی پرۆژەکە تیایاندا کەوتووەتەکار، هاووڵاتی بۆ ئەوەی کەمترین بڕە پارە بدات پێویستە خۆی لەگەڵ پرۆژەکەدا بگونجێنێت بە شێوەیەک بەپێی پێویست کارەبا بەکاربهێنێت و گڵۆپ و ئامێرە کارەباییەکانی ماڵەکەی بکاتە ئەو جۆرەی کە بە کەمترین بڕە کارەبا کار دەکەن.
حکومەتی هەرێمی كوردستان بانگەشەی ئەوەدەكات؛ رووناکی پڕۆژەیەکی نیشتمانیی حکومییە كە وەزارەتی کارەبا خاوەندارێتی دەکات، تا بتوانن بە كۆتاییهاتنی ساڵی 2026 کارەبای 24 کاتژمێریی بۆ سەرجەم هاووڵاتییان دابین بكەن.
كارەبای 24 كاتژمێری بڕی ئەمپێری دیاریكراو نییە، چەندت دەوێت و چەند ئامێرت هەیە دەتوانیت كاری پێبكەیت، بەڵام تا زیاتر بەكاربهێنێت، پارەی زیاتر دەدەیت.
لە نەوەدەكانی سەدەی رابردووەوە مۆلیدەی ئەهلی لە گەڕەكەكانی شاردا رۆژانە كارەبا بەپێی ئەمپێر بۆ هاوڵاتیان دابیندەكەن بەهۆی كەمی كارەبای نیشتمانییەوە و لەمەودوا ئەركی ئەوان كۆتاییدێت و بە دابینكردنی كارەبای 24 كاتژمێریی زیاتر لە حەوت هەزار مۆلیدە دەكوژێنرێنەوە، كە هۆكارێكی سەرەكی بوون بە پیسبونی ژینگەو نەخۆشیی جۆراوجۆر لەوانەش شێرپەنجە.
ئەوەی لە سەرەتای راگەیاندنی پرۆژەکەوە زۆرترین قسەی لە بارەوە کرا و چەندین کەسایەتی و لایەن ناڕەزاییان لەسەر دەبڕی نرخی کارەبای پرۆژەی رووناکی بوو، کە هەوڵیان دەدا کەم بکرێتەوە، بەڵام حکومەت گوێی نەگرت و دواجار بڕی هەر کیلۆ واتێك کارەبای بەم شێوەیە بۆ ماڵان و شوێنە بازرگانییەکان دیاریکرد:
نرخەکانی کارەبای ماڵان لە چوارچێوەی پرۆژەی رووناکیدا:
ئاستی یەکەم: لە 0 کیلۆوات کاتژمێر بۆ 400 کیلۆوات کاتژمێر نرخی هەر کیلۆوات کاتژمێرێک 72 دینار دەبێت.
ئاستی دووەم: لە 401 کیلۆوات کاتژمێر بۆ 800 کیلۆوات کاتژمێر نرخی هەر کیلۆوات کاتژمێرێک 108 دینار دەبێت.
ئاستی سێیەم: لە 801 کیلۆوات کاتژمێر بۆ 1200 کیلۆوات کاتژمێر نرخی هەر کیلۆوات کاتژمێرێک 175 دینار دەبێت.
ئاستی چوارەم: لە 1201 کیلۆوات کاتژمێر بۆ 1600 کیلۆوات کاتژمێر نرخی هەر کیلۆوات کاتژمێرێک 265 دینار دەبێت.
ئاستی پێنجەم: لە 1600 کیلۆوات کاتژمێر زیاتر نرخی هەر کیلۆوات کاتژمێرێک 350 دینار دەبێت.
نرخی کارەبا لە پرۆژەی رووناکی بۆ شوێنە بازرگانییەکان بەم جۆرەیە:
بازرگانی - 185 دینار بۆ هەر کیلۆوات کاتژمێرێک.
کشتوکاڵی - 60 دینار بۆ هەر کیلۆوات کاتژمێرێک.
پیشەسازی - 160 دینار بۆ هەر کیلۆوات کاتژمێرێک.
پیشەسازيی گەورە - 125 دینار بۆ هەر کیلۆوات کاتژمێرێک.
میری - 160 دينار بۆ هەر کیلۆوات کاتژمێرێک.
پرۆژەی روناكی لە تشرینی یەکەمی ساڵی 2024 لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەت لە گەڕەکێکی هەولێرەوە راگەیەندرا کە سێ مانگ بوو تیمەکانی کارەبا سەرقاڵی جێبەجێکردنی پڕۆژەکە بوون لەو گەڕەکە، ئامانجی پڕۆژەکە دابینكردنی کارەبای 24 کاتژمێرییە لە سەرتاسەری کوردستان بۆ سەرجەم ماڵ و شوێنەکان تاوەکو کۆتایی ساڵی 2026.