پەرەگراف
دەزگای ئاسایشی نیشتیمانی عێراق یەکەم وێنەی دوای دەستگیرکردنی عەجاج ئەحمەد حەردان تكریتی بڵاوکردەوە کە لەسەر سكاڵای ژمارەیەك لە ڕزگاربووانی شاڵاوی ئەنفال دەستگیر کراو جەلادێكی زیندانی نوگرە سەلمان بووە كە ئەشكەنجەی خێزانە كوردەكانی داوە.
دەزگاى ئاسایشى نیشتمانى عێراق دەڵێت، دەستگیرکردنى عەجاج زیاتر لە شەش مانگی خایاندووە، لە پارێزگای موسەنا بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سەڵاحەدین توانراوە دەستگیرى بکەن.
ئەو جەلادە پاش ٣٧ ساڵ لە تاوانەکانى و خۆحەشاردان و گۆڕینی شێوەی خۆی بە جوانكاری بۆ خۆدەربازكردن، دواجار ناسرایەوە و ئاشكرا بوو.
عەجاج یەكێك بووە لە جەلادەكانی زیندانی قەڵای نوگرە سەلمان لە كاتی شاڵاوەكانی ئەنفال لە ساڵی ١٩٨٨، بە ئەشكەنجە توند و نامرۆڤانەكانی ناوی دەركردبوو، بەڵام دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس لەبەرچاو ونبوو و ساڵانێكی زۆر خۆی حەشار دا.
ئێوارەی پێنجشەممە ٣١-٠٧-٢٠٢٥، دەستگیركردنی عەجاج لەلایەن نووسینگەی شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، خانمی یەكەمی عێراقەوە ڕاگەیەندرا. داوا لە زیندانیكراوان و كەسوكاری زیندانیكراوان و بێسەرشوێنبووەكانیش كراوە پەیوەندی بە نووسینگەكەوە بكەن بۆ تۆماركردنی سكاڵا دژی ئەو "تاوانبارە".
پەری نووری، ڕاوێژكاری سەرۆكایەتیی كۆماری عێراق و نوێنەری خانمی یەكەمی عێراق بۆ كاروباری گۆڕە بەكۆمەڵەكان، دەڵێت "خانمی یەكەمی عێراق و نووسینگەی سەرۆككۆمار، لە ئەنجامی هەشت مانگ هەوڵ و كاركردن، لە ڕێگەی سەرچاوەكانەوە توانیویانە بگەن بە تاوانبار عەجاج ئەحمەد حەردان".
ئەو ڕاوێژكارەی سەرۆكایەتیی كۆمار بۆ كوردسات نیوز وتیشی "عەجاج جوانكاری كردووە بۆ ئەوەی نەناسرێتەوە. هەروەها نكووڵیی لەو تاوانانە دەكات كە ئەنجامی داوە".
عەلی دەروێش، یەكێك لە كەسوكاری ئەنفالكراوان، لە ڕوونكردنەوەیەكدا دەڵێت "پاش دڵنیابوون لە ناسنامە و شوێنی نیشتەجێبوونی عەجاج، بە هەماهەنگی و هاوكاریی نووسینگەی خانمی یەكەمی عێراق، تێمێكی پێنج كەسی لە كەسوكاری ئەنفالكراوان و ڕزگاربووانی زیندانی نوگرەسەلمان لە هەردوو قەزای كەلار و چەمچماڵ، چوونە سەماوە بۆ تۆمارکردنى سکاڵا".
عەلی دەروێش دەشڵێت "لە پاش تۆماركردنی سكاڵا، بە كەمتر لە (٤۸) كاتژمێر، عەجاج ئەحمەدحەردان لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە دەستگیر كرا و لە پاش لێكۆڵینەوە و دڵنیابوون لە كەسایەتیی تاوانبار، نووسینگەی خانمی یەكەمی عێراق بە فەرمی دەستگیردنی ڕاگەیاند".
سکاڵاکان لە ڕۆژانی ۲۸ و ۲۹ـی ئەم مانگە لە دادگای بەرایی سەماوە تۆمار کراون. سکاڵاکان پێکهاتوون لە سێ ڕزگاربووی زیندانى قەڵای نوگرەسەلمان (فەزیلە محەمەد - دانیشتووی قەزای كەلار، ڕزگار شەمزین و عەلی ئەبووبكر - دانیشتووی قەزای چەمچەماڵ)، دوو کەسى تیمەکە کە لەبەر ئەوەى زیندانیکراوى قەڵامى نوگرە سەلمان نەبوون، سکاڵاکانیان وەرنەگیراوە.