كۆمیسیۆن دەنگدانی ئەزموونی و تیروپشك بۆ پێدانی ژمارە بە لیست و كاندیدەكان ئەنجام دەدات
پەرەگراف
كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق هەفتەی داهاتوو تیروپشك بۆ پێدانی ژمارە بە لیست و كاندیدەكان ئەنجام دەدات و پرۆسەی دەنگدانی ئەزموونییش لە سەرجەم پارێزگاكان بەڕێوە دەبات.
جومانە غەلای، وتەبێژی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق، بە پەرەگرافی ڕاگەیاند "لە چوارچێوەی ئامادەكارییەكان بۆ هەڵبژاردن، ڕۆژی شەممەی داهاتوو 09-08-2025، تیروپشك بۆ پێدانی ژمارە بە هاوپەیمانی، پارتەكان، كاندیدە تاكەكەسییەكان ئەنجام دەدرێت".
وتەبێژی كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكان وتیشی "ڕۆژی یەكشەممە 10ـی ئەم مانگە، یەكەم تاقیكردنەوەی ئەزموونیی دەنگدان لە 1079 وێستگەی دەنگدان لە سەرجەم پارێزگاكانی عێراق و هەرێمی كوردستان بەڕێوە دەچێت".
جومانە غەلای ئاماژەی بەوەش كرد، تاقیكردنەوەكە لە ناوەندەكانی تۆماركردن و 20 نووسینگەی هەڵبژاردنی پارێزگاكان بەڕێوە دەچێت و فەرمانبەرانی كۆمیسیۆن وەكوو دەنگدەر بەشداریی تێدا دەكەن. وتیشی "لە هەر پارێزگایەك وێستگەیەكی دەنگدانی تایبەت بە هەماهەنگیی لایەنە ئەمنییەكان دەكرێتەوە".