پلەبەرزكردنەوە بۆ سەربازی بەردەوامە، بەڵام مامۆستا و فەرمانبەران لێی ‏بێبەشن

04-08-2025 03:18

پەرەگراف

وەزارەتی پێشمەرگە پلەی زیاتر لە 12 هەزار پلەدار و پێشمەرگەی بەرز كردەوە. ‏بەردەوامیی پلەبەرزكردنەوە لە وەزارەتەكە لەكاتێكدایە كە نزیكەی 10 ساڵە ‏پەلەبەزركردنەوەی مامۆستایان و فەرمانبەران بە "نایاسایی" ڕاگیراوە، ‏بەوهۆیەشەوە هەریەكەیان "مانگانە 60 بۆ 300 هەزار دینار مووچە كەمتر لە ‏مافی خۆی وەردەگرێت".‏

وەزارەتی پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، بەپێی فەرمانێكی ‏وەزاری، بڕیار درا بە بەرزكردنەوەی پلەی (١٢٠١٠) پێشمەرگەی سەر بە دیوان ‏و لیواكانی پیادەی سەر بەوەزارەتی پێشمەرگە".‏

پلە بەرزركردنەوەی فەرمانبەران بە بڕیارێكی حكومەتی هەرێم كە بە ‏‏"نایاسایی" ناو دەبرێت، لە ساڵی 2016ـە ڕاگیرا. دواتر پلەبەرزكردنەوە بۆ بواری ‏سەربازی، سێ سەرۆكایەتییەكەی هەرێم و ئەنجومەنی دادوەری دەستی پێ‌ ‏كردەوە، بەڵام ڕاگرتنەكە بۆ مامۆستایان و فەرمانبەرانی مەدەنی بەردەوامە.‏

عومەر گوڵپی، ئەندامی پێشووی پەرلەمانی كوردستان، بە پەرەگرافی ڕاگەیاند ‏‏"ڕاگرتنی پلەبەرزكردنەوەی مامۆستایان و فەرمانبەران لە كاتێكدایە كە بەپێی ‏یاسا، ئەم مافە بۆ فەرمانبەران دابین كراوە و نە وەزارەتی دارایی و نە ئەنجومەنی ‏وەزیران، بە هیچ پاساوێك بۆیان نییە مافێك كە یاسا بیدات، ڕایبگرن".‏

وەكوو ئەو ئەندامەی پێشووی پەرلەمانی كوردستان ئاماژەی پێ‌ دەدات، "ڕاگرتنی ‏پلەبەرزكردنەوە، وەكوو لێبڕینی بەردەوامە لە مووچە"، چونكە بەپێی ‏بەدواداچوونی ئەو، "هەموو فەرمانبەران دوو تا سێ پلەیان لە لای حكومەتی ‏هەرێمە و تا ئێستا بۆیان نەبەستراوە، كە هەر پلەیەك لەنێوان (30 تا 150) ‏هەزار دینار دەخاتە سەر مووچە، بەپێی ئاست و پلەی فەرمانبەر".‏

‏"لە ساڵی 2016ـەوە، بەهۆی پێنەدانی دوو پلەوە، هەر فەرمانبەر و مامۆستایەك ‏مانگانە نزیكەی (60 بۆ 300) هەزار دینار كەمتر لە مووچەكەی خۆی ‏وەردەگرێت"، عومەر گوڵپی بۆ پەرەگراف وای وت.‏

لە ساڵانی ڕابردوودا مامۆستایان و فەرمانبەران دەیان خۆپیشاندانیان بۆ مووچە ‏ئەنجام داوە و دەستپێكردنەوەی پلەبەرزكردنەوە یەكێك لە داواكارییە ‏سەرەكییەكانیان بووە، بەڵام حكومەتی هەرێم وەڵامی ئەرێنیی نەداونەتەوە.‏

عومەر گوڵپی دەڵێت "ئێستا بەغدا سەرقاڵی هەمواركردنی خشتەكانی مووچە و ‏خەرجییە لە یاسای بودجە بۆ ساڵی (٢٠٢٥)، بە بەشەبودجە و مووچەی ‏هەرێمی كوردستانیشەوە، بۆیە ئەركی ئەو لیژنانەیە كە دەچنە بەغدا بۆ گفتوگۆی ‏خشتەكانی مووچە، لیستی مووچە و پارەی پێویست بۆ مووچە بە ‏پلەبەرزكردنەوەوە جێگیر بكەن و كۆتایی بەم ستەمە بهێنن كە 10 ساڵە لە ‏مامۆستا و فەرمانبەر دەكرێت".‏