بارزانی: تێگەیشتنی باشتر هەیە بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم

04-08-2025 03:47

پەرەگراف

لە کۆبوونەوەی لەگەڵ كریستیەن هۆهمەن، باڵیۆزی ئەڵمانیا لە عێراق، مەسعود بارزانی لەبارەی کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا ڕایگەیاند "گەڕانەوە بۆ پڕەنسیپەکانی تەوافق و تەوازن و شەراکەت، باشترین چارەسەرە و ئێمە دەمانەوێ دەستوور جێبەجێ بکرێت".

سەرۆکی پارتی جەتی کردەوە "ئێمە شتێکی زیاتر لە چوارچێوەی دەستوورمان داوا نەکردووە، بەڵام بە کەمتریش لەوە ڕازی نابین کە دەستوور بە گەل و هەرێمی کوردستان داوە".

دەربارەی هەنگاوەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمیش، بارزانی دەڵێت "دوای کۆبوونەوەی هەردوو مەکتەبی سیاسیی پارتی و یەکێتی، تێگەیشتنی باشتر هەیە بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم و ئومێدەوارین پێش هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم پێک بهێنرێت".

ڕێکنەکەوتنى پارتى و یەکێتى لەسەر دابەشکردنى پۆستەکان، پێکهێنانى کابینەى دەیەمى حکومەتى هەرێمى پەک خستووە. دواى زیاتر لە ٩مانگ لە ئەنجامدانى هەڵبژاردن، هێشتا حکومەت پێک نەهێنراوە و ماوەیەکى زۆریشە ناکۆکیى ئەو دوو حیزبە لەسەر "دابەشکردنى پۆستەکان" نەک "بەرنامەى حکومەت"، کۆبوونەوەکانى ڕاگرتووە.

مەسروور بارزانى، سەرۆکى حکومەتى هەرێم و جێگرى دووەمى سەرۆکى پارتى، ئەمڕۆ ٢٥-٠٦-٢٠٢٥، لە کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەوانیدا سەبارەت بە پێکهێنانى کابینەى دەیەمى حکومەتى هەرێم وتى "لەسەر ئەجێندای حکومەت گەیشتووینەتە ڕێککەوتن و لەگەڵ یەکێتی بۆچوونی هاوبەشمان لەسەر چۆنیەتی بەڕێوەبردنی حکومەت هەیە".

دەربارەى هۆکارى دواکەوتنى پێکهێنانى حکومەت، مەسروور بارزانى دانى بەوەدا نا کە "بۆچوونی جیاواز لەسەر دابەشکردنى پۆستەکان هەیە".

مەسروور بارزانى دەشڵێت "دەتوانین حکومەتی زۆرینە پێک بهێنین، بەڵام دەمانەوێت لایەنە سەرەکییەکان هاوبەش بن، بۆ ئەوەی لە کێشە و گرژیی دوور بین".

هەڵبژاردنى خولى شەشەمى پەرلەمانى کوردستان لە ٢٠-١٠-٢٠٢٤ بەڕێوەچوو، پەرلەمانى کوردستانیش لە سەرەتاى مانگى ١٢ـى هەمان ساڵ یەکەم کۆبوونەوەى خۆى ئەنجام دا، بەڵام تا ئێستا پارتى و یەکێتى کە لایەنى یەکەم و دووەمى براوەى هەڵبژاردنن و گفتوگۆى پێکهێنانى حکومەتيش تەنیا لە بەینى ئەو دوو حیزبەدایە، نەگەیشتوونەتە ڕێککەوتن.

ڕێکنەکەوتنى ئەو دوو حیزبە لەسەر دابەشکردنى پۆستەکان، کارەکانى پەرلەمانى کوردستانیشى پەک خستووە. ئەو دامەزراوەیەى یاسادانان لە مانگى ١٢ـى ساڵى ڕابردوو کە یەکەم کۆبوونەوەى خۆى بە کراوەیى هێشتووەتەوە، چیتر نەیتوانیوە کۆ ببێتەوە، چونکە بۆ هەڵبژاردنى دەستەى سەرۆکایەتییەکەى، چاوەڕێى دابەشکردنى پۆستەکانە لەلایەن پارتى و یەکێتییەوە.