ئەمریكا هێزەكانی لە سووریا كەم دەكاتەوە، بەڵام گرەنتیی ‏ڕووبەڕووبوونەوەی داعش دەكات

05-08-2025 03:05

پەرەگراف

ئەمریكا لە پرۆسەی كەمكردنەوەی هێزەكانی لە سووریا بەردەوامە و بنكە ‏سەربازییەكانی یەك دەخاتەوە. پێنتاگۆن سەرباری ڕێكخستنەوە و كەمكردنەوەی ‏هێزەكانی، دڵنیایی دەدات كە هێزەكانی لە ئامادەباشیدا دەبن بۆ "وەڵامدانەوەی هەر ‏هێرشێكی چەكدارانی داعش و ڕێگری لە سەرهەڵدانەوەی ئەو ڕێكخراوە".‏

بەپێی نوێترین ڕاپۆرتی وەرزیی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش بە ‏سەركردایەتیی ئەمریكا، ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا دەستی كردووە بە ‏جێبەجێكردنی كەمكردنەوەیەكی قۆناغبەندیی بوونی سەربازیی خۆی لە سووریا، كە ‏بریتییە لە یەكخستنەوەی بنكەكان و ئامادەكاری بۆ كەمكردنەوەی ژمارەی سەربازانی ‏بۆ خوار ١٠٠٠ سەرباز و كارمەند.‏

ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش بە سەركردایەتیی ئەمریكا، تەواوبوونی ‏قۆناغی یەكەمی یەكخستنەوەی پشتڕاست كردەوە، كە بەهۆیەوە هێزەكانی ئەمریكا و ‏هاوپەیمانان لە مانگی ئایاردا لە سێ بنكەی دۆڵی ناوەڕاستی ڕووباری فورات كشانەوە.‏

ئەو بنكانەی هێزەكانی ئەمریكا لێی كشاونەتەوە، بریتین لە (پێگەی پشتیوانیی ‏ئەركی فورات، پێگەی پشتیوانیی ئەركی گوندی سەوز، بنكەی ‏H2‎‏). هێزەكان ‏گواستراونەتەوە بۆ بنكەكانی دیكە لە سووریا و عێراق، یان دوای تەواوبوونی ماوەی ‏ئەركەكانیان، گەڕاونەتەوە بۆ وڵاتی خۆیان. هەروەها بنكەكانیش ڕادەستی هێزەكانی ‏سووریای دیموكرات (هەسەدە) كراونەتەوە.‏

سەرەڕای كەمكردنەوەی هێزەكان، نووسینگەی بریكاری وەزیری بەرگریی ئەمریكا بۆ ‏كاروباری سیاسەت، جەختی لەوە كردووەتەوە كە "هێزەكانی ئەمریكا لە ئامادەباشیدا ‏دەمێننەوە بۆ ئەنجامدانی هێرش دژی پاشماوەكانی داعش لە سووریا".‏

وەزارەتی بەرگریی ئەمریكا دڵنیایی دەدات كە "ویلایەتە یەكگرتووەكان بەردەوام ‏دەبێت لە پشتیوانیكردنی هێزە هاوبەشەكان، بە مەبەستی هێشتنەوەی فشار لەسەر ‏چەكدارانی داعش و ڕێگریكردن لە سەرهەڵدانەوەی ئەو ڕێكخراوە".‏