ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق دەرفەتێكی دیكە بە هەرێم دەدات؛ بڕیاری ‏ناردنی مووچەی نەدا

05-08-2025 05:40

پەرەگراف

محەمەد شیاع سوودانی لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیرانی ‏عێراقدا هەفتەیەكی دیكە مۆڵەتی دایە هەرێمی كوردستان بۆ ڕادەستكردنی ‏نەوتی بەردەست. لە كۆبوونەوەكەدا هیچ بڕیارێك لەسەر ناردنی مووچە ‏نەدراوە و بەستراوەتەوە بە جێبەجێكردنی ڕێككەوتنی نێوان هەردوولا ‏بەتایبەت ڕادەستكردنی نەوت.‏

باسكردن لە دۆسیەی هەرێمی كوردستان و ڕێككەوتنەكە هاوبەشەكە، لە ‏كۆتایی كۆبوونەوەكەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقدا بووە، كە تێیدا ‏وەزیری نەوت ڕاپۆرتێكی دەربارەی بڕی نەوتی بەردەستی هەرێم و ‏كاریگەریی هێرشە درۆنییەكان خستووەتە ڕوو.‏

محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆركوەزیرانی عێراق، بڕیاری داوە تا ‏سێشەممەی داهاتوو مۆڵەت بە هەرێم بدرێت بۆ جێبەجێكردنی ڕێككەوتنی ‏هاوبەشی نێوان هەردوولا، بەتایبەت ڕادەستكردن و هەناردەكردنەوەی ‏نەوت، هەروەها لیژنە هاوبەشەكانیش تایبەت بە هەموو دۆسیەكان لەوانە ‏نەوت، بڕی داهاتی نانەوتی و تەوتین كارەكانی خۆیان ئەنجام بدەن و ‏ڕاپۆرت بەرز بكەنەوە.‏

لە كۆبوونەوەكەدا هیچ وادەیەك بۆ ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم ‏دیاری نەكراوە، بەڵكو هەفتەی داهاتوو كە بەرچاوڕوونی دەربارەی ‏جێبەجێكردنی ڕێككەوتنەكە و بەتایبەت ڕادەستكردنی نەوت هەبوو، ‏بڕیاری ناردنی مووچەی مانگی شەش و دواتریش حەوت دەدرێت.‏