ڕوانگەی ئیکۆ عێراق: بەرھەمھێنانی نەوتی ھەرێمی کوردستان ٢٠٠ ھەزار بەرمیلی ڕۆژانەی تێپەڕاند هێشتا ڕادەستی بەغداد نەکراوە

09-08-2025 12:46

پەرەگراف

ڕوانگەی ئیکۆ عێراق کە تایبەتە بە کاروباری ئابووری دەڵێت، بەرھەمھێنانی نەوتی ھەرێمی کوردستان ٢٠٠ ھەزار بەرمیلی ڕۆژانەی تێپەڕاندووە، لە کاتێکدا ھیچ بڕێک لەم نەوتە ڕادەستی بەغداد نەکراوە بەھۆی ناکۆکییەکان لەسەر کرێی کۆمپانیا نەوتییەکان.

ڕوانگەکە ئەمڕۆ لە ڕاگەیەندراوێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕوونیکردەوە، "ئەو کێڵگە نەوتیانەی ھەرێم کە پێشتر بۆردومان کرابوون، گەڕاونەتەوە سەر کار و بەرھەمی ڕۆژانەیان بۆ زیاتر لە ٢٠٠ ھەزار بەرمیل بەرزبووەتەوە." ئاماژەی بەوەشکردووە کە دیارترین کێڵگە بەرھەمھێنەرەکان بریتین لە: شێخان، تاوکێ، پێشخابوور، خورمەڵە و سەرسەنگ.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ھاتووە: "ھەرێم ھیچ بڕە نەوتێکی ڕادەستی کۆمپانیای (سۆمۆ) نەکردووە، ئەمەش لە ئەنجامی سروشتی ئەو گرێبەستانەیە کە لەگەڵ کۆمپانیا کارکەرەکاندا واژۆ کراون، کە پشت بە سیستەمی گرێبەستی بەشداریکردن لە بەرھەم (PSC) دەبەستن نەک سیستەمی کرێی دەرهێنان (TSC)."

ڕوانگەکە ئەوەشی خستەڕوو، "چارەسەری ئەم قەیرانە پێویستی بە کۆبوونەوەی نێوان سێ لایەنی پەیوەندیدار ھەیە، یان پێدانی کرێی بەرز بە کۆمپانیاکان، کە ئەمەش لەلایەن بەغداوە ڕەتدەکرێتەوە." سەرنجی بۆ ئەوەش ڕاکێشا کە "بەردەوامبوونی کێشەکە دەبێتە ھۆی خەرجنەکردنی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە."

ڕوانگەکە دەشڵێت "بڕینی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم ڕێکارێکی ستەمکارانەیە، و پەرلەمانی عێراق بەشێکی گەورەی بەرپرسیارێتییەکە ھەڵدەگرێت بەھۆی شکستهێنانی لە دەرکردنی یاسایەک بۆ ڕێکخستنی دۆسیەی نەوت و گاز لە وڵاتدا."

ڕۆژی ٦ی ئەم مانگە حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق، سەردانی كۆمپانیای نەوتی باكووری لە كەركووك كرد و ڕایگەیاند "بڕی بەرهەمی ئەو كێڵگە نەوتییانەی هەرێمی كوردستان كە تا ئێستا لە بەرهەمهێنان بەردەوامن، ڕۆژانە نزیكەی ١٣٠ هەزار بەرمیلە، ٥٠ هەزاری بۆ بەكارهێنانی ناوخۆ دەبێت و ڕێكەوتن لەگەڵ بریان لە هەرێم كراوە كە ئەو ٨٠ هەزار بەمیلەكەی دیكەی ڕادەستی كۆمپانیای سۆمۆ بكرێت و لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی توركیاوە هەناردە بكرێت".

وەزیری نەوتی عێراق وتیشی "دانوستان لەگەڵ هەرێمی كوردستان هەیە و پەیوەندییەكانیش لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەكان بەردەوامن بۆ ڕادەستكردنی نەوت و هەناردەكردنی لە ڕێگەی كۆمپانیای سۆمۆوە. دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت لە ئەمڕۆ و سبەیدایە". بەڵام تا ئەمڕۆ هەناردەکردن دەستی پێ نەکردووە.

بە قسەی حەیان عەبدولغەنی، دەبوو لە ٦ی مانگەوە دەست بە هەناردەكردنی نەوت بكرایەتەوە، "بەڵام پرۆسەی پەمپكردنی نەوت پێویستی بە كۆگایەكی نەوتی هەیە. نەوتەكە لە تانكییەكاندا كۆدەكرێتەوە و پاشان بە شێوەی پچڕپچڕ لە ڕێگەی بۆرییەكەوە پاڵی پێوە دەنرێت بۆ بەندەری جەیهان".

بەپێی لێدوانی وەزیری نەوتی عێراق، كێشەی ڕادەستكردنی نەوت و بڕەكەی چارەسەر بووە، بەوەش گەورەترین لەمپەری بەردەم ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم نامێنێت. دەربارەی داهاتی نانەوتیش لێكنزیكبوونەوە هەیە.