حکومەتى سووریا هەڵوێستى توندى دژى کۆنفرانسەکەى ڕۆژئاواى کوردستان ڕاگەیاند و بەشداریى دانوستانەکانى پاریس ناکات
پەرەگراف
حكومەتی سووریا هەڵوێستی تووندی دژی كۆنفرانسی پێكهاتەكانی باكوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە ڕۆژئاواى کوردستان ڕاگەیاند و بە "گورز"ێكی ڕاستەوخۆ لە هەوڵەكانی دانوستاندن ناوی دەبات. هەروەها ڕایگەیاند كە بەشداریی هیچ كۆبوونەوەیەك لە پاریس ناكات و داوای گواستنەوەی سەرجەم گفتوگۆكان بۆ دیمەشقی پایتەخت دەكات.
ئەم هەڵوێستەی حكومەتی سووریا لە كاتێكدایە كە ماڵپەڕی ئەلمۆنیتۆری ئەمریكی ئاشكرای كردووە، توركیا فشاری خستووەتە سەر دیمەشق بۆ هەڵوەشاندنەوەی دیدارەكەی پاریس لەگەڵ هەسەدە.
دوێنێ هەینی 08-08-2025، كۆنفرانسی یەكهەڵوێستیی پێكهاتەكانی باكوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بە بەشداری ٥٠٠ نوێنەری ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی دیموكراتیك و دامەزراوە سیاسی و سەربازیی و ئەمنییەكان و نوێنەرانی پێكهاتەكان، لە شاری حەسەكەی ڕۆژئاوای كوردستان بەڕێوە چوو. تێیدا جەخت لە ڕۆڵی گرنگی هەسەدە و پێگەی لە سوپای نوێی سووریا و بونیادنانی سووریایەكی نوێی "ناناوەندیی دیموكراتی" كرایەوە.
ئاژانسی هەواڵی فەرمیی سووریا (سانا) لە زاری سەرچاوەیەكی باڵای حكومەتی سووریاوە دەڵێت "بەتوندی سەركۆنەی میوانداریكردنی كەسایەتیی جوداخواز و تێوەگلاو لە كردەوەی دوژمنكارانە دەكەین، لە كۆنفرانسەكەی حەسەكە، بە پێشێلكارییەكی ئاشكرای ڕێككەوتنی (١٠)ـی ئازاری دەزانین. بەرپرسیارێتیی تەواوی لێكەوتەكانیشی دەخەینە ئەستۆی هێزەكانی سووریای دیموكرات و سەركردایەتییەكەی".
سەرچاوەكەی حكومەتی سووریا، كۆنفرانسەكە بە "خۆدزینەوە" لە جێبەجێكردنی مەرجەكانی ئاگربەست و یەكخستنی دامەزراوەكان و بە "گورز"ێكیش لە هەوڵە بەردەوامەكانی دانوستانەكان ناو دەبات. داوا لە هەسەدە دەكات "پابەند بن بە جێبەجێكردنی ڕێككەوتنی (١٠)ـی ئازار".
هاوكات ئەو سەرچاوە باڵای حكومەتی سووریا داوا لە نێوەندگیرە نێودەوڵەتییەكان دەكات كە "هەموو دانوستاندنەكان بۆ دیمەشق بگوازنەوە"، ئەمەش ئاماژەیە بەوەی كە دەبێت پایتەختی سووریا چەقی چارەسەرە سیاسییەكان بێت.
هەر ئەمڕۆ، ماڵپەڕی ئەلمۆنیتۆری ئەمریكی بڵاوی كردەوە "توركیا فشاری خستووەتە سەر دیمەشق بۆ هەڵوەشاندنەوەی كۆبوونەوەی پاریس لەگەڵ سەركردەكانی كورد".
ماڵپەڕەكە لە زاری سێ بەرپرسی ناوچەكەوە دەڵێت، سەردانەكەی ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو هاكان فیدان، وەزیری دەرەوەی توركیا بۆ دیمەشق، بەشێكی پەیوەست بووە بە قەناعەتپێكردنی حكومەتی سووریا بۆ كشانەوە لە كۆبوونەوەكەی پاریس.
ئەلمۆنیتۆر پێی وایە، هەنگاوێكی لەو شێوەیە دەبێتە هۆی پەكخستنی هەوڵەكانی ئەمریكا و فەرەنسا بۆ گەیشتن بە چارەسەرێكی سیاسی لە باكووری ڕۆژهەڵاتی سووریا.