عێراق و ئێران لێكتێگەیشتنێکی تایبەت بە هاریکاریی ئەمنی لەسەر سنوور واژوو دەکەن

11-08-2025 04:14

پەرەگراف

قاسم ئەعرەجی، ڕاوێژكاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق و عەلی لاریجانی، ئەمینداری گشتیی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران، لە بەغداد یاداشتێكی لێكتێگەیشتنیان تایبەت بە هاریکاریی ئەمنی لەسەر سنوور واژوو کرد. جەختیش لە جێبەجێکردنى ڕێککەوتنى ئەمنیى پێشووى نێوانیان دەکەنەوە.

لێكتێگەیشتنە ئەمنییە نوێیەكە كە هێشتا وردەكارییەكەی دیار نییە، بە سەرپەرشتیی محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆكوەزیرانی عێراق واژوو كراوە.

لاریجانی كە چەند ڕۆژێكە پۆستی ئەمینداری گشتیی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئێرانى وەرگرتووە، ئەمە یەكەم سەردانی فەرمییەتی بۆ وڵاتان.

نووسینگەی ڕاگەیاندنی ڕاوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق دەڵێت "قاسم ئەعرەجی جەختی لەوە كردەوە كە حكومەتی عێراق كاری جیددی دەكات بۆ ڕێگریكردن لە هەر پێشێلكارییەكی ئەمنی كە ئامانج لێی دەستدرێژیكردنە سەر هەر وڵاتێكی دراوسێ بێت".

نووسینگەی ڕاگەیاندنی ئەعرەجی دەشڵێت "بەڕێز لاریجانی ستایشی حكومەتی عێراق و سیاسەتی هاوسەنگی دەرەوەی عێراقی كرد، كە بووەتە هۆی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی عێراق و ناوچەكە".

بەپێى ڕاگەیەندراوى نووسینگەى سەرۆکوەزیرانى عێراقیش، محەمەد شیاع سوودانى بجەختى لە هەڵوێستی "جێگیر و نەگۆڕ"ـى عێراق کردووەتەوە بۆ "ڕەتکردنەوەی دەستدرێژیی زایۆنیستەکان(ئیسرائیل) بۆ سەر ئێران و هەر شتێک کە ببێتە هۆی پەرەسەندنی ململانێکان لە ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتی".

هەروەها سوودانى، پشتیوانیی عێراقى بۆ دانوستانى نێوان ئەمریکا و ئێران دووپات کردووەتەوە.